دابه‌شنه‌كردنى مووچه‌ بە سیستمى بانكیی مه‌ترسی لێدەکەوێتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 17/03/2019‌ :: 967‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى كۆچه‌ر عه‌لى


دابه‌شنه‌كردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌رێگه‌ى سیستمى بانكییه‌وه‌ هه‌میشه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ رووداوى دزینى پاره‌ى فه‌رمانبه‌ران دووباره‌ ببێته‌وه‌، مامۆستایه‌كی زانكۆش ده‌ڵێت: "كاركردنی سیستمی بانكی جگه‌ له‌وه‌ی گرنگه‌ پاره‌ی كاشیش بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌". 


(رۆژى سێشه‌ممه‌ 12ى ئازارى 2019) باندێك به‌چه‌كه‌وه‌ له‌ نزیك باخچه‌ى عه‌به‌ى مه‌لا له‌ نزیك له‌ شه‌قامى گۆران له‌ سلێمانى، رێگه‌یان له‌ لیژنه‌ى دابه‌شكردنى مووچه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى شار گرت و بڕى ملیارێك و 200 ملیۆن دینار دزى، به‌ڵام رۆژى دواتر له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى سلێمانییه‌وه‌ بانده‌كه‌ ده‌ستیگركرا و پاره‌كه‌ش بۆ نه‌خۆشخانه‌كه‌ گه‌ڕێنرایه‌وه‌.

دزینى ئه‌و پاره‌ زۆره‌ى نه‌خۆشخانه‌ى شار، له‌لایه‌ن شاره‌زایانى ئابوورى و پسپۆڕانى دارایى بانك چه‌ندین لێكدانه‌وه‌ى جۆراوجۆرى بۆ كراوه‌، پێیانوایه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى سیستمى بانك، هیچ كاتێك رووداوى له‌وشێوه‌یه‌ دووباره‌ نابێته‌وه‌.

شیلان بیبانى، مامۆستاى ئابوورى له زانكۆی قه‌ڵه‌م به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بانكه‌كان به‌پێى جۆره‌كانیانه‌وه‌، سێ جۆرن، له‌وانه‌: بانكى بازرگانى كه‌ راسپارده‌كان وه‌رده‌گرێت و قه‌رزه‌كان ده‌داته‌وه‌،  بانكه‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان له‌ مه‌سه‌له‌ى بازاڕى سه‌رمایه‌ و ئاڵوێرى دراو كارده‌كه‌ن، بانكى ناوه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یى، كه‌ دراوه‌كان ده‌رده‌كات و به‌رپرسه‌ له‌ دانانى سیاسه‌تى نه‌ختیه‌یى.

وتیشی: "گرنگى بانكه‌كان له‌ رووى چالاكى ئابورییه‌وه‌ وه‌ك پاڵپشتێك له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، بۆ ئاسانكاریى مامه‌ڵه‌ى بازرگانى و كاره‌ داراییه‌كان، هه‌روه‌ها بانكى بازرگانى كاره‌كانى له‌ وه‌گه‌ڕخستن ده‌بێت، به‌مه‌ش راسپارده‌كان له‌ تاكه‌كان وه‌رده‌گرێت و دواتر هه‌ڵده‌ستێت به‌وه‌ى وه‌ك نێوانگیریه‌كى دارایى له‌ گواستنه‌وه‌ى ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌و جێگایانه‌ى كه‌ زیاده‌ بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌ پێویستیان به‌ راسپارده‌ (پاره‌) هه‌یه‌ بۆ فراوانكردنى چالاكییه‌كانیان یان دامه‌زراندنى پڕۆژه‌ى نوێ، به‌مه‌ش ده‌توانرێت باشترین ده‌رفه‌ت له‌ رووى كه‌رتى كاركردن و تواناى ئابوورى به‌گه‌ڕبخرێت".

رونیشیكرده‌وه‌: له‌ هه‌رێم گرفتى كارى سیستمى بانكى له‌وه‌دایه‌، كه‌ تاكه‌كان پاره‌یان وه‌ك راسپارده‌ له‌ بانكه‌كان دانانێن و حكومه‌تیش كارى بۆ دامه‌زاندنى سیستمێكى بانكى نه‌كردووه‌ كه‌ مانگانه‌ هاووڵاتیان مووچه‌كانیان له‌ بانك وه‌ربگرن و مه‌ترسى دزینى له‌سه‌ر نه‌بێت له‌لایه‌ن بانده‌كانه‌وه‌.

ئه‌و ئابووریناسه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: باشترین كار ئه‌وه‌یه‌، حكومه‌تى هه‌رێم له‌رێگه‌ى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ رێككه‌وتن بكات، بۆ ئه‌وه‌ى سیستمى بانكى دابمه‌زرێنێت و مانگانه‌ هاووڵاتیان پاره‌كانیان له‌بانكه‌وه‌ وه‌بگرن.

هه‌رچه‌نده‌ پێش قه‌یرانى دارایى به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌ران مووچه‌كانیان له‌ڕێگه‌ى بانكه‌وه‌ وه‌رده‌گرت، به‌ڵام به‌ بڕواى شاره‌زایان، وه‌رگرتنى مووچه‌ له‌ بانكه‌وه‌ هیچ له‌ بارودۆخه‌كه‌ى نه‌گۆڕیوه‌و به‌وشێوه‌یه‌ش سیستمى بانكى دروست نابێت.

دكتۆر سه‌دره‌دین ره‌مه‌زان، پسپۆڕى دارایى و بانك، به‌ دواڕۆژى وت: "نه‌بوونى متمانه‌ لاى هاووڵاتیانى هه‌رێم به‌ بانكه‌كان و ترس له‌ مایه‌پووچبوونى بانكه‌كان، هه‌روه‌ها به‌هۆى ناله‌بارى چه‌ند ساڵه‌ى هه‌رێم كه‌ هه‌موو كات له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسى جه‌نگ بووه‌، له‌گه‌ڵ سستى و لاوازى خودى حكومه‌ت له‌ رۆڵى بانك و فراواننه‌كردنى ئه‌م بانكانه‌ و نه‌بوونى چالاكى له‌ڕێگه‌ى بانكه‌كان وایكردووه‌ كه‌ سیستمه‌كه‌ى دانه‌مه‌زرێت".

هه‌روه‌ك وتیشی: "هه‌ندێكجار مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌ڕێگه‌ى بانكه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ هیچ له‌ كارى بانكیى ناچێت، چونكه‌ تاكه‌كان ته‌واوى مووچه‌كانیان وه‌رده‌گرن، كه‌واته‌ وه‌ك ژمێریارێك پاره‌كانیان دابه‌شده‌كرێت، به‌ڵام ئاشكرایه‌ كارى بنه‌ڕه‌تى كارى بانكى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێـت پاره‌ى تێدا دابنرێت تا هه‌ر كاتێك فه‌رمانبه‌ر پێویستى پێبوو له‌هه‌ر شوێنێكدا  رایبكێشێت، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ نه‌كراوه‌".

له‌ كوردستان نزیكه‌ى 100 بانكى بازرگانى سەر بە وەزارەتی دارایی هه‌یه‌و مووچه‌ى به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌رانیش به‌و ده‌فته‌ره‌ ده‌بێت كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌كانه‌وه‌ دروستكراوه‌، ئه‌وه‌ش مه‌ترسى ساخته‌كردنى واژۆ و ده‌فته‌رى چه‌كى فه‌رمانبه‌رانیش هه‌یه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ كاروان سدیق، مامۆستاى زانستى دارایى و بانك به‌ دواڕۆژى وت: "جگه‌ له‌و مه‌ترسیانه‌ى رووبه‌ڕووى لیژنه‌ى دابه‌شكردنى پاره‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌بێته‌وه‌، مه‌ترسى له‌سه‌ر ئه‌و ده‌فته‌ر چه‌كانه‌ش هه‌یه‌ كه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران دراوه‌و پێش قه‌یرانى دارایى له‌رێگه‌ى ئه‌و ده‌فته‌ره‌ مووچه‌یان پێده‌درا، به‌مه‌ش ده‌توانرێت به‌ ئاسانى ده‌فته‌ره‌كه‌و واژۆ و ژماره‌كه‌ى ساخته‌ بكرێت".

ئه‌و پسپۆڕه‌ پێشنیارى ئه‌وه‌ ده‌كات، حكومه‌ت له‌رێگه‌ ڤیزه‌ كارت و یاخود ماسته‌ر كارت بۆ فه‌رمانبه‌رانى دروستبكات، تا مه‌ترسى له‌سه‌ر مووچه‌و ژیانى هیچ مووچه‌خۆرێك دروست نه‌بێت له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌شڵێت: "تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ چالاككردنى بانكه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ سیسته‌مى بانكى مامه‌ڵه‌ له‌ڕێگه‌ى ڤیزا كارت یا ماسته‌ر كارت بكات له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان، ئه‌مه‌ش به‌ كۆمپانیاى تایبه‌ت ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوه‌تى مه‌سه‌له‌ى دزینى گیرفان ناهیڵێت و تاڕاده‌یه‌ك پاره‌ى كاش بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ حكومه‌تى هه‌وڵه‌كانى زیاتر چڕبكاته‌وه‌ له‌ پێدانى ئه‌و كارتانه‌ تا شێوازى بانكى و ئه‌لیكترۆنى وه‌ربگرن به‌مه‌ش مامه‌ڵه‌ى بازاڕه‌كان كۆنترۆڵ ده‌كرێت".

مامه‌ڵه‌كردن به‌ شێوه‌كانى كارت له‌ ساڵى 1956 له‌ ئه‌مریكا كارى پێكراوه‌و تائێستا ئه‌و شێوازه‌ به‌رده‌وامه‌و سودو قازانجه‌كه‌شى بۆ وڵات و بانك و تاك هه‌بووه، به‌ڵام تائێستا به‌ فه‌رمی هیچ پڕۆژه‌و سیستمێكی له‌وجۆره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌كه‌وتۆته‌ كار. 

پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure