دواڕۆژ، سیروان محهمهد
پسپۆرێكى بوارى وزه ئاشكراى دهكات ههردوو كێڵگهى نهوتى تاوكێ و تهقتهق بهرههمیان كهمبووتهوهو بهرهو پیربوون دهڕۆن، دەڵێت: "كێڵگهى تهقتەق تا ئێستا 206 ملیۆن بهرمیل بهرههم هەبووەو داهاتهكهشى 12 ملیار دۆلار بووه".
یادگار گهڵاڵى، پسپۆڕى بوارى وزه بهدواڕۆژى راگهیاند: سوڕی ژیانی هەر کێڵگەیەکی نەوتی دابەشدەکرێت بەسەر چەند قۆناغێکدا، كه به دۆزینەوەی نەوت دەستپێدەکات و بەبەرهەمهێنان کۆتایی دێت. بەرهەمی هەر کێڵگەیەکیش لە هەموو قۆناغەکانیدا پەیوەستە بەجۆری حەشارگەکە و کاریگەرە لەسەر هەر بڕیارێک بۆ بەرهەمهێنان تیایدا، بەشێوەیەکی گشتی ماوەی تەمەنی هەر کێڵگەیەک لەنێوان ١٥ بۆ ٣٠ ساڵەو دەکرێت بۆ ٥٠ ساڵ بەرهەم بدات لەکێڵگە گەورەکاندا، بەڵام لە قوڵایی دەریاکاندا بەهۆی زۆری تێچونییەوە بەرهەم ٥ بۆ ١٠ ساڵ دەبێت.
رونیشیكردهوه: بهگشتى قۆناغەکانی ژیانی هەر کێڵگەیەک بریتیه له: ١- قۆناغی گەڕان و پشکنین exploration، ٢- هەڵسەنگاندن Appraisal، ٣- پەرەپێدان Development، ٤- بەرهەمهێنان production، ٥- چاککردن و زیادکردنی بەرهەمی نەوت (Enhanced oil recovery EOR)، ٦- وازلێهێنان و داخستنی کێڵگەکە Abandonment.
باسی لەوەشکرد: تەمەنی بەرهەمهێنانی هەر کێڵگەیەکیش بە لاوێتی دەستپێدەکات، سەرەتا بەشێوەیەکی قۆناغبەندی بەرهەمی کێڵگەکە زیاددەکات، تا دەگاتە لوتکەی بەرهەمهێنان (کامڵبوون) پاشان بەرەو پیری دەڕوات و بەرهەمی کەمدەکات. بەردەوام نەوت بەرهەم دهرهێنرێت تا ئەوکاتەی بەرهەم بەشێوەیەکی بازرگانی سودی دەبێت، واتا کە گەیشتە ئەو ئاستەی تێچووی یەکسان بێت بە داهات، ئیتر بەرهەمی ئەو کێڵگەیە دەوەستێت، چونکە قازانج ناکات.
ئهو پسپۆرهى بوارى وزه ئاشكراشى كرد: تەقتەق یەکەم کێڵگە بوو کە بەرەو پیری رۆیشت، بەو پێیهى لەساڵی ٢٠٠٢وە گرێبەستى دهرهێنانى كراوه، بۆ یەکەمجار لەگەڵ کۆمپانیای گێنێل ئینێرجی، پاشان دەستکرا بە بەرهەمێنان تێیدا، بەپێی زانیارییهکانی کۆمپانیای وەبەرهێنان، بەرهەمی بازرگانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ کە تائێستاش بڕی ٢٠٦ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمی هەبووە، بڕی زیاتر لە ١٢ ملیار دۆلاریش داهاتی ههبوو.
باسى لهوهش كرد: لوتکەی بەرهەمی تەقتەق نزیکبووەوە لە ١٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە لە ساڵی ٢٠١٤دا، بەڵام ئێستا رۆژانە ١٣ هەزار و ٧٥٠ بەرمیل بەرهەمى ههیه. لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٥ کۆمپانیاکە رایگەیاند ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەهۆی کۆبونەوەی ئاوێکی زۆر لە ناو حەشارگەکەدا، دابەزینی بەرهەم بەردەوام بوو تا ئاستی ٩٠٠٠ بەرمیل لەڕۆژێکدا، واتا زیاتر لە ٩٠٪ بەرهەم کەمیکردووە.
یادگار گهڵاڵى وتیشى: "راستە پێکهاتەی جیۆلۆجی حەشارگەکە کاریگەریی سەرەکی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری خراپ بەکارهێنانی کێڵگەکە هەیە لەڕێگهی فشارخستنە سەر بیرەکان، بۆ ئەوەی زۆرترین بەرهەم بهێنن، ئەم حاڵەتە رویداوە لە ماوەی شەڕی ئێران -عێراقدا لە بیرەنەوتهکانی کەرکوک، ئەوکاتە بیرەکانی باشوری عێراق لەژێر مەترسی بۆردومانی ئێراندا بوون و کێڵگەکانی باشور بەرهەمیان وەستابوو، رژێمی ئەوکاتی عێراق بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەوە بکاتەوە هەستا بە زیادکردنی لەڕادەبەدەری بەرهەمی کەرکوک کە زیانی زۆری بەحەشارگەکان گەیاند.
دهربارهى نهوتى کێڵگەی تاوکی ئهو پسپۆرهى وزه وتى: "ساڵی ٢٠١٥ بەرهەمی گهیشتە لوتکە کە بەپێی راپۆرتەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنی نەوت ئاستی بەرهەم لە تاوکی تا ١٣٥,٢٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبووەوە، بەڵام لەوکاتەوە بە هێواشی بەرهەمی بەرەو کەمی رۆشتووەو لە ئێستادا کێرڤەکە لە داکشاندایە، دابەزیوە بۆ ٧٤ هەزار بەرمیلی رۆژانە، کە بهرێژهى ٤٤٪ کەمیکردووە.
بەپێی لێدوانەکانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری DNO "کێڵگەی تاوکی کێڵگەیهکی پێگەیشتووە"، بەمانایەکی تر پیرە.
پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد