داوادەکرێت هەر قوربانییەکی هەڵەبجە بە ملیارێك و 500 ملیۆن دینار قەرەبووبكرێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 17/03/2019‌ :: 1470‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار


سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان رایدەگەیەنێت: رۆژی 27ی ئازاری 2019 دانیشتنێكی دیكەی دادگاییكردنی ئەو كەس و كۆمپانیایانە بەڕێوەدەچێت كە لە بۆردومانكردنی هەڵەبجە و شوێنەكانی دیكە هاوكاریی سەدام حسێن- یان كردوە، دەشڵێت: "بۆ قەرەبووكردنەوەی هەر هاووڵاتییەك داوای ملیارێك و 500 ملیۆن دینار دەكرێت".

 
ئەیاد كاكەیی، سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بۆ دواڕۆژ وتی: "بەهۆی پێڕانەگایەندەكانی دادگاوە دانیشتنی دادگاییكردن بۆ 27ی ئازاری 2019 دواخراوە، پێدەچێت ئەو دانیشتە دوادانیشتنی دادگاییكردنی 25 كەسایەتی و كۆمپانیا بێت كە بەپێدانی چەكی كیمیایی هاوكاری سەدام حسێن، سەرۆکی پێشووتری  لەسێدارەدراوی عێراقیان كردوە".

 

وتیشی: "ئێمە بە هاوكاری كۆمپانیای ئێم ئێم لۆی ئەمریكی كە گابڕێڵ مایڕۆل سەرۆكایەتی دەكات و پارێزەرێكی شارەزایە لە بواری قەرەبوو، چەندین دۆسیەی بردۆتەوە، داوای ملیارێك و 500 ملیۆن دینار بۆ هەر كەسێك دەكەین كە لە هەڵەبجە و شوێنەكانی دیكەی كوردستان بە چەكی كیمیایی لەناوبرابێت".

 

ئەیاد كاكەیی، ئاماژەی بەوەشكرد: ئێستا چەند دۆسیەیەك بۆ قەرەبووكردنەوەی ماددی هاووڵاتیانی هەڵەبچە و شارەكانی دیكەی كوردستان كراوەتەوە، بەڵام لە داهاتوودا نزیكەی پێنج هەزار و 800 دۆسییە دەكەینەوە داوای رەسمی دەکەین بۆ قەرەبووكردنەوەی ماددی هاووڵاتیانی هەرێم.

 

ماوەی 10 ساڵە گروپی پارێزەرانی كوردستان بەهاوكاری چەند كەسایەتییەكی نێودەوڵەتی هەوڵی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی هەڵەبجە و شوێنەكانی دیكەی كوردستان دەدەن.

 

ئەیاد كاكەیی، دەشڵێت: "ئەو كارەی ئێمە لەلایەن حیزب و حكومەتەوە نییە، بەڵام دەمانەوێت ئەو پرسە ببێتە پرسێكی نیشتمانی و حكومەتی هەرێم لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ بەغدا بكەوێتە دانووستان بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی هەڵەبجە و شوێنەكانی دیكەی كوردستان".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure