جڤاتی گشتی گۆڕان چەند مەرجێک بۆ كاندیدانی گۆڕان پێشنیار دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 16/03/2019‌ :: 815‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

جڤاتی گشتی گۆڕان پێشنیاری بۆ جڤاتی نیشتمانی كردووە چەند مەرجێك لە كاندیدەكانیان بۆ وەرگرتنی پۆست لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا هەبن.


د. سابیر ئیسماعیل، ئەندامی جڤاتی گشتی گۆڕان ئەمڕۆ 16ی ئازاری 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا تاوتوێی میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدەكانیان بۆ حكومەتی نوێی هەرێم كردووە كە ئەم مەرجانەیان تێدا بێت و وتی: "لەڕووی زانستی و چالاكی و پێگەی جەماوەریی و دڵسۆزییەوە دیاری بكرێن، متەوازیع و یاسایی بن، چونكە لەنێو گۆڕاندا شتی میزاجی ناخوات".

سەبارەت بە كاندیدكردنەوەی ئەو بەرپرسانەی كە لە كابینەی پێشوودا پۆستیان هەبووە، ناوبراو وتی: "بۆ ئەو بەرپرسانە، پێشنیارمان ئەوەیە تا چەند گۆڕان و حكومەتی نوێی هەرێم بۆ بەهێزبوونی كابینەكە پێویستی بەو بەرپرسانەیە ئاساییە دووبارە پۆست وەربگرنەوە".

جڤاتی گشتی گۆڕان جڤاتێكی راوێژكارییە و پێشنیار بۆ جڤاتی نیشتمانی بەرز دەكاتەوە، بڕیارە سبەینێش جڤاتی نیشتمانی بۆ هەمان مەبەست كۆبوونەوە بكات.

گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا نزیكەی 60 پۆستی بەردەكەوێت، بۆ ئەو مەبەستەش نزیكەی 600 سیڤی پێشكەشكراون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure