یەکێتیی وەڵامی نێچیرڤان بارزانی دەداتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 16/03/2019‌ :: 11739‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

 

وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەڵامی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی دایەوە و رایگەیاند: كاك نێچیر كە تائێستا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە ئەوەندەی كێشە هەیە كە سەری نەپەرژێتە سەر كێشە ناوخۆییەكانی ئێمە.

 

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەمڕۆ دوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی و لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا رایگەیاند: چاوەڕێمان دەكرد جەنابی كاك نێچیر، لە كاتی خراپدا قسەیەكی باشتر بكات وەكو پێشتر كردویەتی، وەڵامی ئێمە ئەوەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان وە جەنابی كاك نێچیر كە تائێستا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە ئەوەندەی كێشە هەیە كە سەری نەپەرژێتە سەر كێشە ناوخۆییەكانی ئێمە، كێشە ناوخۆییەكانی ئێمە وەك هەر حیزبێكی دیكە ئەگەر ئێمە كێشەمان هەبێت، حیزبی دیكەش كێشەیان هەیە.

 

وتیشی: "هەر خۆی تەسویەكردنێكی بنەماڵەییانەی دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت بەو رێگەیەی بینیتان بەشێكە لە موقایەزەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەیەكی حیزبی و داخلی كە نامەوێت زۆرتر لەسەری بڕۆم".

 

دوێنێ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە جێگری سەرۆكی پارتیشە لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پێگەی ئەلمۆنیتەر رایگەیاندبوو، یەكێتی كێشەی ناوخۆیی هەیە و لەگەڵ گفتوگۆدان لەگەڵیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure