چه‌مكێك ده‌رباره‌ى هه‌ڵه‌بجه‌

هەواڵ / که‌لتور :: 16/03/2019‌ :: 191‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

هەڵەبجە، ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەیە و بە یەکێک لە شارە گەورە و گرنگەکانی کوردستانی باشوور دەژمێردرێت. دەکەوێتە نێوان ھێڵی درێژی 46ی پلەی رۆژھەڵات و ھەر دوو بازنەی پانی 35-36 پلەی باکوور و 83کم باشووری رۆژھەڵاتی شاری سلێمانیەوە.

 رووبەرەکەی 1599 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، لە باکووری رۆژھەڵات و باشووریەوە بە چیاکانی ھەورامان و شنروێ و باڵامبۆ دەورەدراوە و بەدرێژایی 75 کیلۆمەتر ھاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا.

یەکڕابوونێک لەوەدا ھەیە کە ھەڵەبجە دوای ساڵی (1700) ز درووستکراوە. بەگەکانی شیوەکەڵی ئاوەدانیان کردووه‌تەوە و وردە وردە ئەم شوێنەی ھەڵەبجە بە ھۆی ناوداریی شوێنەکەیەوە، کە دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا، زیاتر ئاوەدان بووه‌تەوە و تەنیا (خێلەکانی جاف)ی تێدابووە، پاشان خەڵکی تر ھاتوون و پاڵیان داوە بە ھۆزەکانی جاف-ەوە.

ده‌رباره‌ى ناوى هه‌ڵه‌بجه‌ چه‌ند بیروڕایه‌ك هه‌یه‌ له‌وانه‌ ده‌ڵێن:
ـ کابرایەک لەو شوێنەدا لەکۆنەوە بێچوە (ھەڵۆ)یەکی گرتووە بەو شێوەیە ناوی لێنراوە (ھەڵۆ بەچە) پاشان بووە بە ھەڵەبجە.
ـ ئەو شوێنە زۆر دڵگیر بووە و پێیان وتووە (عەجەب جا) لە زمانی فارسیەوە وەرگیراوە، پاشان گۆڕاوە بە ھەڵەبجە، واتە جێیەکی سەڕسوھێنەر.
ـ کابرایەک پێش ھەموو کەس ھاتووە‌ و ئاوەدانی کردووه‌تەوە‌ و ناوی (ھەڵۆ بەگ) بووە، وردە وردە ئەو ناوە بەھۆی گەشەکردن لە زمانی کوردیدا بوو بە (ھەڵۆجا) یان ھەڵەبجە.
ـ ئەو ناوچەیە باغ‌ و بێستانی ھەبووە‌ و درەختی (ھەڵوژەی) زۆر بووە، بەھۆی گۆڕانکاریی لە زمانی کوردیدا بووە بە ھەڵەبجە.
ـ لە ساڵەکانی 1600 تا 1615 ھەڵۆخانی ئەردەڵان ھەڵەبجەی ئاوەدانکردووه‌تەوە ھەر بەناوی خۆیەوە ناوی ناوە (ھەڵۆچە) پاشان بووە بە ھەڵەبجە.
ـ کاتێک خەڵکی ناوچەی کرماشان لەڕێگەی بازرگانیەوە رۆیشتوون بەرەو (حەڵەب) ی سوریا، بینیویانە کە ئاووھەوای ئەو ناوچەیە لەھی ناوچەی ھەڵەبجە دەچێت، ئەوان ناویان لێناوە (حەلەبجە)، واتە حەڵەبی پچووک.
بەڵام ھەندێکی تر پێیان وایە (ئەڵەبجە) لە (ئەڵەب ئەرسەلان)ەوە ھاتووە کە میرێکی دەوڵەتی سەلجوقیەکان بووە، لەکاتی سەردانیدا بۆ کوردستان بە ھەڵەبجەدا گوزەری کردوە‌ و ناوی لێناوە (ئەڵەب جا) واتە شوێنی (ئەڵەب ئەرسەلان)، جەمال بابان ئەم رایەی پەسەند کردووە.
ژماره‌یه‌ك له‌ شاعیر و ئه‌دیبه‌ به‌ناوبانگه‌كانى كورد كه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بوون، بریتین له‌ "مه‌ولانا خالیدى نه‌قشبه‌ندى، مه‌وله‌وى، گۆران، شێخ محه‌مه‌د عوسمان سیراجه‌دینى (یه‌كه‌م و دووه‌م)،  ئەحمەد موختار جاف، تاھیر بەگی جاف، مەلا عەبدولکەریم مودەریس، حلمی عەلی شەریف، مەلا مستەفای زەڵمی، ع. ع. شەونم، جەفایی‌، کاردۆخی‌ و گه‌لێكى تریش.
رۆژی 13 ئازاری 2014 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان-ه‌وه‌ بە فەرمیی کرایە چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستان.

له‌ ئینسایكڵۆپیدیاى ئازادى ویكیپیدیاوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure