قوربانییانى هێرشى سه‌ر مزگه‌وته‌كه‌ى نیوزله‌ندا عێراقى تیایه‌

هەواڵ / عێراق :: 15/03/2019‌ :: 231‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: هاوڵاتییه‌كى عێراقى له‌و هێرشه‌ى سه‌ر مزگه‌وته‌كه‌ى نیوزله‌ندا برینداربووه‌، یه‌كێكى تریش بێسه‌روشوێنه‌.


ئه‌حمه‌د سه‌حاف، وه‌ته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 15ى ئازارى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ له‌ ساته‌وه‌ختى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر مزگه‌وته‌كه‌ى نیوزله‌ندا، له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌و وڵاته‌دا كه‌وته‌ هه‌ماهه‌نگى و په‌یوه‌ندیكردن، به‌تایبه‌ت محه‌مه‌د ئه‌لحه‌كیم وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌، به‌ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندى به‌ باڵوێزى نیوزله‌ندا له‌ به‌غدا كرد.

سه‌حاف ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌شكرد: لایه‌نى نیوزله‌ندى تائێستا به‌فه‌رمى هیچ شه‌هید و بریندارێكى عێراقى له‌و هێرشه‌ رانه‌گه‌یاندووه.

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق روونیشیكرده‌وه‌: "به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى لاى ئێمه‌یه‌ بریندارى عێراقى هه‌یه‌، من خۆم له‌سه‌ر راسپارده‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌، په‌یوه‌ندیم به‌ ژنێكه‌وه‌ كرد به‌ناوى (هبه‌) كه‌ باوكى به‌ناوى (حسین)ه‌وه‌ برینداربووه‌، دواى ئه‌وه‌ى خۆى به‌سه‌ر دوو كوڕه‌كه‌یدا داوه‌، چه‌ند فیشه‌كێك به‌ر پشتى كه‌وتووه‌ و برینداربووه‌، دواتر گه‌یه‌نراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ و نه‌شته‌رگه‌رى بۆكراوه‌، ئێستا ته‌ندروستى ئه‌و هاوڵاتییه‌ عێراقییه‌ باشه".

ئاشكراشیكرد: هاوڵاتییه‌كى ترى عێراقى له‌و رووداوه‌دا بێشه‌روشوێنه‌، كه‌ كوڕى هاوڵاتییه‌كى خه‌ڵكى موسڵه‌ به‌ناوى (هبه‌ ئه‌لعومه‌رى) و دایكى دانیشتووى موسڵه.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure