لاوكێك بۆ هه‌ڵه‌بجه‌

هەواڵ / که‌لتور :: 16/03/2019‌ :: 221‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

به‌ ته‌نیا جێیمه‌هێڵن
ئه‌مشه‌و زریان ده‌یچێنێت
ته‌مومژ دایده‌پۆشێت
مانگه‌شه‌و ده‌یڕفێنێت

گه‌رووی به‌ گزنگ ته‌ڕكه‌ن
زامه‌كانی به‌ شیلان
به‌ گۆرانی دایپۆشن
یان به‌ سه‌وزیی دارستان

سه‌ری به‌ شه‌پۆلان كه‌ن
با ئه‌م شه‌وه‌ رایژێنێت
باڵای له‌ هه‌ور بگرن
بروسكه ‌و ـ با ـ ده‌چێنێت

به‌ ته‌نیا جێیمه‌هێڵن
منداڵێكی لاساره‌
شار به‌رده‌باران ده‌كات
مانگ ده‌كات به‌ كۆلاره‌

سواره‌، چ شۆڕه‌ سوارێك
ئه‌سپی هه‌تاو زین ده‌كات
به‌ گۆرانی‌ و تیشك‌ و ماچ
سه‌رزه‌مین به‌رین ده‌كات

با كه‌ژاوه‌ی له‌ گوڵ بێت
یان له‌ په‌لكه‌زێڕینه‌
زه‌ماوه‌ندی خوێن ده‌گرێت
ئه‌م شه‌و پاشای ئه‌ڤینه‌

ئاشقێكی لاساره‌
بروسكه‌و ـ با ـ ده‌چێنێت
به‌ ته‌نیا جێیمه‌هێڵن
مانگه‌شه‌و ده‌یڕفێنێ

شیعری: رەفیق سابیر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure