هەسەدە چاوەڕێی خۆبەدەستەوەدانی چەکدارانی داعش دەکات لە باغۆز

هەواڵ / جیهان :: 16/03/2019‌ :: 307‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ


هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هەوڵی بەهێزکردنی سەنگەرەکانی دەدات لە دوا پێگەکانی چەکدارانی داعش لە گوندی باغۆز و لە چاوەڕوانی خۆبەدەستەوەدانی چەکدارە گەمارۆدراوەکاندان.


ئاژانسی فرانس پرێس رۆژی هەینی ئاشکرایکرد: هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ لە باغۆز، لە ئێستادا هێمنییەک بەخۆیەوە دەبینێت و فڕۆکەکانی هاوپەیمانانیش بە سەرکردایەتی ئەمریکا بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.

لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە، هەسەدە ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی باغۆزی خاوکردووەتەوە و بەوەش رێگەیان بۆ نزیکەی 1300 چەکداری داعش و خێزانەکانیان کردەوە تا خۆیان رادەست بکەن.

فەرماندەیەکی هەسەدە بە فرانس پرێسی راگەیاندووە: هێزەکانیان شەوانە پێگەکانیان توندتر دەکەن لەو شوێنانەی کە چەکدارانی داعش گەمارۆدراون و لەئێستادا چاوەڕێی خۆبەدەستەوەدانیان دەکەن.

جیاکر ئامەد، وتەبێژی یەکینە کوردییەکان کە پێکهاتەی سەرەکی هەسەدەیە دەڵێت: "خاوکردنەوەی ئۆپراسیۆنەکان رەنگە بۆ کردنەوەی رێگەیەک بێت بۆ دەرچوونی خەڵکە مەدەنییەکە لە ناوچەکە".

دەشڵێت: "رێژەی چەکدارەکان نازانین و ناتوانین بڵێین سەدان یان هەزاران کەسن، بەڵام ئەوانەی کە ماون خاوەن بیروباوەڕێکی پتەون، داعشیش رێکخراوێکی ئاسایی نییە و ژمارەیەکی زۆر خۆکوژی هەیە کە ئامادەن تا کۆتایی بەرگری بکەن".

ئا: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure