ئاسیاسێڵ مۆزه‌خانه‌ى هۆڕه‌كانى عێراق ده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / که‌لتور :: 16/03/2019‌ :: 181‌ جار بینراوە
مۆزه‌خانه‌ى هۆڕه‌كانى عێراق

دواڕۆژ

كۆمپانیاى ئاسیاسێڵ، یه‌كه‌مین مۆزه‌خانه‌ى كه‌له‌پوریى له‌ هۆڕه‌كانى جبایش-ى پارێزگاى زیقار-ى باشوورى عێراق كرده‌وه‌ به‌ناوى (مۆزه‌خانه‌ى هۆڕه‌كانى عێراق).


ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌ كه‌ به‌هاوكاریى (رێكخراوى جبایش بۆ گه‌شتیاریى شوێنه‌وارى) كراوه‌ته‌وه‌، هه‌نگاوێكى نوێى كۆمپانیاى ئاسیاسێڵ-ه‌ بۆ گرینگیدان به‌ هۆڕه‌كان و به‌ها مێژووییه‌كانیان له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستى ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تى. له‌هه‌مانكاتدا پاراستنى وێنه‌یه‌كى پرشنگدارى دێرینیى مێژووى ناوچه‌كه‌یه‌.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌و مێژووه‌ دێرینه‌ى كه‌ هۆڕه‌كانى عێراق هه‌یانه‌، به‌ڵام ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ى ئاسیاسێڵ به‌یه‌كه‌م هه‌نگاوى ئه‌و بواره‌ داده‌نرێت به‌درێژایى مێژوو، بۆیه‌ له‌ رێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى مۆزه‌كه‌دا، كه‌ به‌رپرسانى حكومى و كه‌سێتى و پیاوماقووڵان و هه‌روه‌ها رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و پسپۆرانى بوارى شوێنه‌وار و مێژوو و ژیانى هۆڕه‌كان ئاماده‌یبوون، وێڕاى ده‌ستخۆشییان، سه‌رسامیى خۆیان به‌و هه‌نگاوه‌ جیاوازه‌ى ئاسیاسێڵ ده‌ربڕى و به‌ پڕۆژه‌یه‌كى گه‌وره‌ى پێشترنه‌كراوى خزمه‌تگوزارییان وه‌سفكرد.

ئامانجى پڕۆژه‌كه‌، زیادكردنى جموجۆڵى گه‌شتیارى و هاندانى گه‌شتیارانه‌ بۆ ئه‌و ناوچه‌ گرنگه‌ى عێراق. به‌شێكیشى بریتیه‌ له‌ دروستكردنى مۆزه‌خانه‌یه‌ك و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى میوانخانه‌یه‌كى تایبه‌ت و دووباره‌ ئاماده‌كردنه‌وه‌ى به‌له‌مه‌كان تا له‌گه‌ڵ پێویستى و ئاره‌زووى گه‌شیاراندا بگونجێن و پێداویستیه‌كانى خۆپارێزیى گه‌شتى ناو هۆڕه‌كانى بۆ دابینبكرێت له‌گه‌ڵ دابینكردنى شوێنى حه‌وانه‌وه‌ى گه‌شتیار و بارگاویكردنه‌وه‌ى مۆبایل به‌ وزه‌ى خۆر كه‌ هاوڕێى ژینگه‌یه‌.

مۆزه‌خانه‌كه‌ به‌ قامیش و زه‌ل و ژاژ و كه‌ره‌سته‌كانى ناوچه‌كه‌ دروستكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى شێوازى دێرینى ناوچه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌ و له‌هه‌مانكاتدا سیمایه‌كى سه‌رنجڕاكێشتر وه‌ربگرێت. هه‌روه‌ها ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ و په‌له‌وه‌رى هۆڕه‌كان و ئه‌و ئامێر و كه‌ره‌سته‌ كۆنانه‌ى تێدا پارێزراوه‌ كه‌ پێشتر خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ له‌ ژیانى رۆژانه‌ى خۆیاندا به‌كاریانهێناوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure