لایەنە کوردستانیەکانی کەرکوک لە رێکخستنی یادی هەڵەبجە شکستیانهێنا

هەواڵ / کوردستان :: 16/03/2019‌ :: 182‌ جار بینراوە
په‌یكه‌رى پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركوك

دواڕۆژ، عیماد جەباری

حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک پاشگەزبونەوە لە رێکخستنی 31هەمین ساڵیادی هەڵەبجە لەنزیک قەڵای شارەکە و به‌رپرسى ژماره‌یه‌ك له‌و هێزانه‌ش هۆكاره‌كه‌ى رونده‌كه‌نه‌وه‌.


بڕیاربوو (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 16ى ئازارى 2019) سەرجەم حزبە کوردستانیەکان یادی هەڵەبجە لەنزیک قەڵای کەرکوک بکەنەوە.

بەختیار محه‌مه‌د، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی حزبی شیوعی كوردستان لە کەرکوک به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: لەلایەن مەڵبەندی یەکێتیەوە ئاگادارکراینەتەوە کە ئەوان پاشگەزبونەتەوە لەبەشداریکردنی یادی هەڵەبجە لەنزیک قەڵای کەرکوک و پێیانوتین کە یادەکە لەبارەگای مەکتەبی سیاسی حزبەکەیان دەکەنەوە لەگەڕەکی شۆراو.

وتیشی: "هەفتەی رابردوو رێککەوتین سەرجەم حزبە کوردستانیەکان بەیەکەوە یادی هەڵەبجە بکەینەوە لەنزیک قەڵای کەرکوک هاوشێوەی ساڵانی رابردوو".

لاى خۆیه‌وه‌ جەنگی عیزه‌دین، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی كه‌ركوكى یەکێتی نیشتیمانى كوردستان بە دواڕۆژی وت: ئێمە بەپێویستمانزانیوە یادەکە لەلای قەڵا نەکەینەوە، چونکە دەمانەوێت هیچ کێشەیەکی ئەمنی رونەدات.

وتیشی: "داوامانکرد سەرجەم حزبەکان لە بارەگای مەڵبەند بەشداربن، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە بۆیە هەر حزبێک لە بارەگاکەی خۆی یادەکە رێکدەخات".

لەدوای 2003وە ساڵانە لەیادی مەرگەساتی هەڵەبجەدا سەرجەم حزبە کوردستانیەکان بەیەکەوە مه‌راسیمى تایبه‌تیان لە نزیک قەڵای کەرکوک رێكده‌خست و بەو بۆنەیەشەوە بۆ ماوەی خولەکێک جوڵە لە شەقامەکاندا رادەگیرا، ئەمساڵیش بۆ یەکەمجار ئەو رێوڕەسمە لەسەر شەقام ناکرێتەوە.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure