ئەنجامدەری هێرشی سەر مزگەوتەکەی نیوزلەندا پێشتر سەردانی تورکیای کردووە

هەواڵ / جیهان :: 16/03/2019‌ :: 7552‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

بەرپرسێکی باڵای تورکی ئاشکرایدەکات: ئەنجامدەری هێرشی سەر مزگەوتەکانی نیوزەلاندا، پێشتر چەندینجار سەردانی تورکیا کردووە و ئەنقەرەش لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە بۆ هۆکاری سەردانەکانی و ئەو چالاکییانەی ئەنجامیداون.


بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت دەڵێت: "ئەنجامدەری هێرشەکە ئوستورالییەکی راستڕەوی توندڕەوە و چەندینجار سەردانی تورکیای کردووە و بۆ ماوەیەکی دورودرێژ تیایدا ماوەتەوە"، بێ ئەوەی ناوەڕۆکی زیاتر و کاتی سەردانەکان ئاشکرابکات.

دەشڵێت: "پێمانوایە تۆمەتبارەکە توانیویەتی سەردانی وڵاتانی دیکەش بکات، سەرەتا لە تورکیاوەو دواتر بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا، ئێمە لێکۆڵینەوە لە چالاکییەکان و پەیوەندییەکانی دەکەین لە ناوەوەی وڵاتدا".

دوێنێ هەینی لە هێرشێکدا بۆ سەر دوو مزگەوت لە شاری کرایسچێرچ، 49 کەس لە کاتی نوێژکردندا کوژران و بەپێی وتەی لایەنە فەرمییەکانی نیوزلەندا، ئەنجامدەری هێرشەکە ئوستورالییە و راستڕەوێکی توندڕەوە. سەرۆکی ئەو وڵاتەش رووداوەکەی بە "هێرشێکی تیرۆریستی" ناوبرد.

ئا: ن.ر
پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure