"ژنان لەکەرتی بازرگانیدا لاوازن"

هەواڵ / ئابوری :: 4 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 191‌ جار بینراوە
ژنه‌ بازرگانێك

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، زریان محەمەد

بەپێی زانیاریەکانی ژووری بازرگانی سلێمانی ڕۆڵی ژنان لەکەرتی بازرگانیدا لاوازه‌ و دوورن لەکاری بازرگانی گەورە، ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نی كارگێڕى ئه‌و ژوره‌ش ده‌ڵێت :"هه‌ندێك بوارى بازرگانى هه‌یه‌ به‌شداری كردنی خانمان تیایدا سفره‌".


دلاوه‌ر سۆفی كه‌ریم، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی ئافره‌تان له‌ به‌شداریكردنی بواره‌كانی بازرگانی و پیشه‌سازیدا بۆ دواڕۆژ وتی :''له‌ئێستادا رۆڵی ئافره‌تان له‌بواری بازرگانیدا زۆر لاوازه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش پێشینه‌یه‌كی مێژووی هه‌یه‌، هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا كاتێك ژن و پیاو ئیشوكاره‌كانیان دابه‌شكردوه‌ ژنان  خزێنراونه‌ته‌ سوچی ماڵه‌وه‌، نه‌یانهێشتوه‌ به‌رهه‌مهێنبن".

وتیشی :"لەژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رۆڵی ژنان له‌تازه‌كردنه‌ی پێناسی بازرگانیدا له‌ به‌رواری ١\١\٢٠١٨ تا ٣١\١٢\٢٠١٨، له‌كۆی ٤٢٣١ كه‌س كه‌ پێناسه‌كانیان له‌ ژووری بازرگانی تازه‌كردۆته‌وه‌ ته‌نها ٥٠ ئافره‌تی تێدایه‌، هه‌ندێك بوار هه‌یه‌ به‌شداری كردنی خانمان تیایدا سفره‌ وه‌ك بواره‌كانی بیناسازی، پلاستیكی، خزمه‌تگوزاری، كڕین و فرۆشتنی خانوو ته‌نها دوو ئافره‌تی تێدایه‌، له‌ كۆمپانیاكاندا له‌ كۆی ٤٠٦ كۆمپانیا ته‌نها ٤ دانه‌ به‌ ناوی ژنان تۆماركراوه"‌.

ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو :"ژنان خۆیان ئه‌مه‌یان قه‌بوڵكردوه‌، به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ به‌دوایی كارێكدا ده‌گه‌ڕێن كه‌ ژنانه‌ بێت، وه‌ك سالۆن و دورمان له‌ كاتێكدا زۆر بواری تر هه‌یه‌ ژنان تیدا سه‌ركه‌وتووترن، جاران رۆڵی ژنان له‌ ئێستا زیاتر بوو له‌ كاركردن وه‌كو پیاوان ئێستا ژنان له‌ بواری خوێندەواریدا زۆرن، به‌ڵام ژنی به‌رهه‌مهێنن زۆر كه‌مه‌''.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد :"كلتوری كوردستان و بازاڕی كار  پیاوانه‌یه‌ ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی دوورخستنه‌وه‌ی ژنان له‌ بازاڕی كار، كه‌ نه‌ك ته‌نها له‌ كوردستان له‌ زۆر وڵاتی تری جیهان به‌مشێوه‌یه‌یه‌، ئه‌مه‌ ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌ بۆ بواره‌كانی تریش، هه‌لی كاركردنیش له‌به‌رده‌م ژنان كه‌متره‌".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure