هه‌ولێر: پێدانى زه‌وییه‌كى گرانبه‌هاى خزمه‌تگوزارى به‌ كۆمپانیایه‌ك هه‌ڵده‌وەشێندرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 4 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 666‌ جار بینراوە
هه‌ولێر

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


دواى راپۆرتێكى ده‌زگاى میدیایى دواڕۆژ، سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى هه‌ولێر بڕیاریدا ئه‌و زه‌وییه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ى كه‌ به‌ناوى كۆمپانیایه‌كى كه‌رتى تایبه‌ت كرابوو، هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌.

هه‌فته‌ى رابردوو، ده‌زگاى میدیاى دواڕۆژ له‌ راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد "له‌سه‌ره‌تاى مانگى ئازار، زه‌وییه‌كى خزمه‌تگوزارى له‌ گه‌ڕه‌كی 32ی شارى هه‌ولێر، كه‌ بڕیاربوو بۆ دورستكردنى خوێندنگایه‌ك سوودى لێ وه‌ربگرێت، به‌ناوى كۆمپانیایه‌كى كه‌رتى تایبه‌ت كرا، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانى هاوڵاتیانى گه‌ڕه‌كه‌ى لێكه‌وتووه‌".

دواى راپۆرته‌كه‌، سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى هه‌ولێر بڕیاریدا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى گرێبه‌ستى به‌ ناوكردنى زه‌وییه‌كه‌ى لە گه‌ڕه‌كی 32ی پارك لە هه‌ولێر، كه‌ به‌هاكه‌ى پێنج ملیۆن دۆلاره‌".

سامان محه‌مه‌د، سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "دواى نیگه‌رانى هاوڵاتیان، سه‌یرى نه‌خشه‌ى كه‌رتى گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان كرد، بڕیارماندا كه‌ گرێبه‌ستى به‌ناوكردن و خۆماڵیكردنى زه‌وییه‌كه‌ى به‌و كۆمپانیایه‌ له‌ڕێگه‌ى دادگاوه‌ هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه‌".

وتیشى: "ئه‌و زه‌وییه‌ كه‌ رووبه‌ڕه‌كه‌ى سێ دۆنمه‌ هه‌ر بۆ دروستكردنى خوێندنگا له‌و گه‌ڕه‌كه‌ سوودى لێ ده‌بیندرێت له‌به‌رامبه‌ردا زه‌ویه‌كى دیكه‌ له‌ كۆمپانیاكه‌ ده‌درێت".

گه‌ڕه‌كی 32ی پارك له‌ ساڵی 2004-وه‌ خانووی لێدروستكراوه‌، ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شه‌قامی 100 مه‌تری و به‌ شوێنێكی بازرگانی داده‌نرێت، له نزیك گه‌ڕه‌كه‌كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری كۆمپانیاو هوتێل و مۆتێلی لێیه‌ و نزیكه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر.

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure