داواده‌كرێت پڕۆژه‌یاساى منداڵه‌ ونبووه‌كان بخرێته‌ به‌رنامه‌ى كارى په‌رله‌مان

هەواڵ / کوردستان :: 15/03/2019‌ :: 171‌ جار بینراوە
وێنه‌یه‌ك له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

سه‌ر له‌ئێواره‌ى (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 15ى ئازار) له‌هۆڵى مۆنۆمێنتى شەهیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رێكخراوى منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕزگاربووانى چه‌كى كیمیایى به‌ بۆنه‌ى یادى 31 ساڵه‌ى تاوانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌-وه‌ به‌ یاننامه‌یه‌كیان خوێنده‌وه‌، داوایانكرد "په‌رله‌مانى كوردستان پڕۆژه‌ یاساى منداڵه‌ ونبووه‌كان بخاته‌ به‌رنامه‌ى كارى خۆیه‌وه‌".


له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا مه‌هاباد هه‌ڵه‌بجه‌یى، به‌ ناوى رێكخراوى رزگاربووانى چه‌كى كیمیایى و منداڵه‌ونبووه‌كانه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كى خوێنده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد "دواى تێپه‌ڕبوونى 31 ساڵ به‌سه‌ر تاوانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌-دا تا ئێستا چاره‌نوسى به‌سه‌دان منداڵى ونبووى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ نادیارى ماوه‌ته‌وه‌ و كه‌سوكاره‌كانیان 31 ساڵه‌ له‌ چاوه‌ڕوانى گه‌ڕانه‌وه‌ى رۆڵه‌كانیاندان و ژماره‌یه‌كى زۆریشیان ئه‌و ئاواته‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان برده‌ گۆڕه‌وه‌".

وتیشى:  "له‌م یاده‌دا داوا له‌ ئه‌ندامانى خولى ئێستاى په‌رله‌مان ده‌كه‌ین كه‌ پڕۆژه‌یاساى منداڵه‌ ونبووه‌كان بخه‌نه‌ به‌رنامه‌ى كارى خۆیانه‌وه‌ و به‌ جدى كارى له‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه‌ تاكه‌ هیوایه‌ك كه‌ ئێمه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان هه‌مان بێت له‌ دواى تاوانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ رۆڵه‌كانمانه‌ كه‌ تا ئێستاش له‌ چاوه‌ڕوانى گه‌ڕانه‌وه‌یانداین".

مه‌هاباد هه‌ڵه‌بجه‌یى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "ده‌كرێت له‌ رێگه‌ى پڕۆژه‌یاساى منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ كارى زیاتر بكرێت بۆ به‌جینۆساید ناساندنى تاوانه‌كه‌ له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان په‌له‌بكه‌ین له‌ یه‌كلایى كردنه‌وه‌ى ئه‌و پشكنینانه‌ى كه‌ زیاد له‌ ساڵێكه‌ له‌ كه‌سوكارى منداڵه‌ ونبووه‌كانیان وه‌رگرتووه‌ بۆ پشكنینى DNA. هه‌روه‌ها ده‌بێت دڵنیایى ته‌واوه‌تى بدرێته‌ كه‌سوكارى منداڵه‌ ونبووه‌كان له‌ حاڵه‌تى دۆزینه‌وه‌ى هه‌ر منداڵێكى ونبوو بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك كه‌یسه‌كه‌ى مریه‌م هه‌ڵه‌بجه‌یى به‌ ناڕوونى نه‌مێنێته‌وه‌".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure