سه‌رۆكى ئه‌و بانده‌ى پاره‌كه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى شارى دزى كێیه‌؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 4 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 17553‌ جار بینراوە
وێنه‌یه‌ك له‌ ساته‌وه‌ختى دیزنى پاره‌ى موچه‌خۆرانى نه‌خۆشخانه‌ى شار

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ

راپۆرتى: سامان قوبادى


روداووى دزينى پاره‌ى مووچه‌ خۆرانى نه‌خۆشخانه‌ى شار ده‌نگۆى گه‌وره‌ى به‌دواى خۆیدا هێنا، به‌تایبه‌ت له‌ میدیا و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ڵام كه‌مترین زانیارى له‌سه‌ر كه‌سایه‌تى و ژیانی تایبەتی ئه‌ندامانى بانده‌كه‌ باس كراوه‌، یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ "پلاندانه‌ر و سه‌رۆكى بانده‌كه‌" بووه‌، هاوڕێ و كه‌سه‌ نزیكه‌كانى باس له‌ ژیانى ئاسایى و منداڵى و پیشه‌ى پێشترى ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن :"كه‌سێكى بێ كێشه‌ بووه‌". 


(س.ر) سه‌رۆكى ئه‌و بانده‌ى تۆمه‌تباره‌ به‌ دزینى پاره‌ى مووچه‌خۆرانى نه‌خۆشخانه‌ى شار، به‌ وته‌ى هاوڕێ نزیكه‌كانى له‌ رابردوودا كه‌سێكى بێ كێشه‌ و باش بووه‌ له‌گه‌ڵ چوارده‌وره‌كه‌ى، هیچ تاوانێكى ئه‌نجام نه‌داوه‌، به‌ڵام هاوڕێى خراپ واى كردووه‌ تووشى چه‌ند تاوانێكى خراپ بێت.

(س.ر) دانیشتووى گه‌ڕه‌كى سابونكه‌رانى سلێمانى، ساڵى 1989 له‌و گه‌ڕه‌كه‌ له‌دایكبووه‌ و تا ئێستاش دانیشتووى ئه‌وێن. (ئ.ئه‌) هاوڕێى منداڵى بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت : "له‌ منداڵیدا كه‌سێكى بێ كێشه‌ بووه‌، هیچ كارێكى خراپى ئه‌نجام نه‌ده‌دا، ته‌نانه‌ت له‌ ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كاریدا كه‌ ئێمه‌ خواردنه‌وه‌ كحولیه‌كانمان ده‌خوارده‌وه‌، ئه‌و پێى سه‌یر بوو و ده‌یوت بۆچى ده‌خۆنه‌وه‌؟ وازى لێ بهێنن".

(س.ر) تا قۆناغى 3ى بنه‌ڕه‌تى خوێندویه‌تى و وازى لێهێناوه‌، دواتر له‌ ناو بازاڕ و سابونكه‌ران سه‌رقاڵى شاگردى و كه‌سابه‌ت بووه‌، به‌وته‌ى هاوڕێكانى "دۆخى دارایى ماڵه‌وه‌یان مامناوه‌ند بووه‌، له‌ چه‌ند ساڵى رابردوشدا بۆ ماویه‌ك ده‌بێته‌ پاسه‌وانى یه‌كێك له‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانى هه‌رێم، پاشان واز له‌ پیشه‌ى پاسه‌وانى و چه‌كدارى ده‌هێنێت، چه‌ند جارێكیش هه‌وڵى رۆیشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌دات به‌ڕێگه‌ى نایاسایى، به‌ڵام دواى ده‌ستگیركردن ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان".

كاتژمێر نزیكى 12ى شه‌وى  سێشه‌مه‌ 12ى ئازار (س.ر) وه‌ك تۆمه‌تبار و سه‌رۆكى باندى بردنى پاره‌ى موچه‌خۆرانى نه‌خۆشخانه‌ى شار، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ له‌ بازگه‌ى قه‌شقۆڵى له‌ دوكان ده‌ستگیركرا، دواتریش ئه‌ندامانى ترى بانده‌كه‌ له‌ناو شارى سلێمانى ده‌ستبه‌سه‌ركران و پاره‌كه‌ش گه‌ڕێندرایه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ى شار، كه‌ بڕكه‌ى زیاتر له‌ یه‌ك ملیار دینار بوو.

دزینى پاره‌ى مووچه‌خۆرانى نه‌خۆشخانه‌ى شار له‌ سلێمانى هه‌ر له‌ نزیك گه‌ڕه‌كى سابونكه‌ران ئه‌نجامدراوه‌، رووداوه‌كه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌ى گه‌وره‌ى به‌دواى خۆیدا هێنا. هاوكات ژوورێكى عه‌مه‌لیات بۆ دۆزینه‌وه‌ى بانده‌كه‌ پێكهێنرا كه‌ بریتى بوون له‌ ئاسایش و پۆلیس و دژه‌تیرۆ، كه‌متر له‌ 15 كاتژمێرى نه‌خایاند پاره‌كه‌ دۆزرایه‌وه‌. پاش ده‌ستگیركردنى بانده‌كه‌ و ئه‌نجامدانى لێكۆڵینه‌وه‌ى پێویست، له‌لایه‌ن ئاسایشى سلێمانییه‌وه‌ راده‌ستى پۆلیس كراون به‌مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى لێكۆڵینه‌وه‌. 

 

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure