پەیکەر بۆ شوێنی 24 بۆمبی کیمایی هەڵەبجە دادەنرێت

هەواڵ / کوردستان :: 15/03/2019‌ :: 260‌ جار بینراوە
وێنه‌یه‌كى پڕۆژه‌كه‌

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی تایبەت بە یادی 31 ساڵەی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە، لە ژێر دروشمی "لێرە بۆمبێک کەوت" پەیکەر بۆ 24 بۆمبی کیمیایی هەڵەبجە دادەنرێت و ئەمڕۆش پەیکەری عومەری خاوەر لە جێگەی یەکێک لە بۆمبە کیمیاییەکان دانرا.


بەختیار هەڵەبجەیی، پەیکەرتاش و خاوەن پڕۆژەی ( لێرە بۆمبێک کەوت) بە دواڕۆژی راگەیاند: "پڕۆژەکەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە ئەنجامداوە کە دەچنە چوارچێوەی بەرنامەکانی تایبەت بە یادی 31 ساڵەی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە، ئامانج لە پڕۆژەکەمان لە بیرنەکردن و وننەکردنی شوێنی ئەو بۆمبانەیە کە لە 16ى ئازارى 1988 لە هەڵەبجە دران و بە هەزاران هاوڵاتی شەهید و بریندار بوون".

وتیشى: "ئەمڕۆ پەیکەری عومەری خاوەر-مان لە شوێنی ئەو بۆمبە کیمیاییە دانا کە لە گەڕەکی ( مەرزەبۆتۆ) کەوتە خوارەوە بەهۆیەوە بە هەزاران هاوڵاتی شەهیدبوون کە لەناویاندا شەهید (عومەری خاوەر) و خێزانەکەی بوونە قوربانی".

بەختیار هەڵەبجەیی ئەوەشی خستەڕوو: "پرۆژەکەمان بەردەوامی دەبێت و لەسەرجەم ئەو کۆڵان و جێگایانەی بۆمبی کیمیاییان-تیادا کەوتووەتە خوارەوە کە ژمارەیان 24 بۆمبی کیمیایین". 

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure