راكان جبوری بێ دەسەڵات دەكرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/03/2019‌ :: 2637‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

دوای نزیكەی دوو ساڵ لەدەستبەكاربوونی وەكو پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، حكومەتی بەغداد دەسەڵاتەكانی راكان جبوری سنوردار دەكات و كۆمەڵێك دەسەڵاتیشی لێ وەردەگرێتەوە.



ئەم هەنگاوەی بەغدا پاش ئەوەهات كە پێكهاتەكانی كەركوك نیگەرانی خۆیان لەشێوازی حوكمڕانی جبوری دەربڕی بەتایبەت لەگۆڕانكاریە ئیداریەكان و دۆسێیەی زەوی و زارە كشتوكاڵیەكان.

راكان جبوری جێگری پارێزگاری كەركوك لە 16ی ئكتۆبەری ساڵی 2017وە بەبڕیارێكی سەرۆك وەزیرانی پێشو راسپێدرا بۆ بەڕێوەبەردنی كاروباری ئیداری پارێزگاكە بەشێوەیەكی وەكالەت، بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی لیستی برایەتی كە ئەو پۆستە پشكی كوردە و ئامادەنەبونی عەرەب و توركمان لەدانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگا وایكرد جبوری تاوەكو ئێستا لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە.

جبوری لەگەڵ دەستبەكاربوونی هەنگاوەكانی تەعریبكردنەوەی كەركوكی دەستپێكرد و بەنوسراوی فەرمی پشتیوانی لەگەڕانەوەی عەرەبە هاوردەكانی سەردەمی سەدام حسێن كرد بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر زەویەكانی كورد و توركمان و جارێكی دیكە كێشەی لەسەر ئەو زەوی و زارانە لەنێوان كورد و عەرەب نوێكردەوە كە تاوەكو ئێستا سەرەڕای هەوڵەكان نەتوانراوە چارەسەربكرێت.

لەهەنگاوی دووەمیشیدا دەستیكرد بە گۆڕانكاری لەپۆستە ئیداریەكان و بەهاوبەشی لەگەڵ حزبە توركمانیەكاندا سەرەتا ئەو پۆستانەیان پڕكردەوە كە بەهۆی رووداوەكانی ئكتۆبەری ساڵی 2107وە بەڕێوەبەرەكانی شارەكەیان بەجێهێشتبوو و لەبنەڕەتدا پشكی كورد بوون، پاشان هەڵمەتی دوورخستنەوەی بەشێكی دیكەی بەرپرسە كوردەكان دەستپێكرد كە بەپێی ئامارە نافەرمیەكان كە دەستی دواڕۆژ كەوتووە، لەماوەی دەسەڵاتدارێتی راكان جبوریدا زیاتر لە 65 پۆستی جیاواز لەفەرمانگەی خزمەتگوزاریەكان و یەكە ئیداریەكان و پۆلیس وەرگیراونەتەوە.

خودی بەرپرسانی عەرەبیش زیاتر لەجارێك راكان جبوریان تۆمەتباركرد بە هەدەردانی پارەی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان كە بونیادنانەوەی ناوچە تازە ئازادكراوەكان دابینكرابوو، هەروەك ئاماژەیان بۆ ئەوەشكرد كە ناوبراو عەشیرەتگەرایی دەكات و هەرچی پۆستی عەرەب هەیە بەسەر عەشیرەت و كەسوكارەكەی خۆیدا دابەشیدەكات.

لەبەرواری 2ی كانونی دووەمی ئەمساڵ ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران بەوەكالەت نوسراوێكی (نهێنی و تایبەتی) ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەكانی حكومەتی عێراق كردوە و داوایكردوە چیتر گۆڕانكاری ئیداری لەفەرمانگەكانی سەر بەوەزارەتەكانیان لەكەركوك ئەنجام نەدەن تاوەكو رای لیژنەی تایبەتمەندی لێوەرنەگرن، هۆكارەكەشی گەڕاندوەتەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری دۆخی گشتی پارێزگاكە.

 

هاوكات ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران راكان سەعید جبوری ناچاركردوە دەستبەرداری كۆمەڵێك دەسەڵات بێت كە لەرابردوودا بەكاریهێنا و هەر خۆیشی نوسراوی لەو بارەیەوە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارێزگای كەركوك كردووە.


لە 29ی كانونی دووەمی ئەمساڵ راكان جبوری نوسراوێكی ئاراستەی لایەنە ئەمنیەكان كردوە و تێیدا ئەوەی خستوەتەڕو كە لەسەر رێنمایی ئەنجومەنی وەزیران و بەشێك لەوەزارەتەكان ناچاركراوە كۆمەڵێك لەبڕیارەكان هەڵوەشێنێتەوە كە بۆ كارئاسانیكردن بوە بەمەبەستی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتیەكان و ئاسنی سكراب و كاری كۆمپانیا ئەمنیەكان.

 

هەر خۆیشی لەنوسراوەكەیدا رونیكردوەتەوە كە دەسەڵاتەكانی دیوانی پارێزگا تەنها دروستكردنی هەمەهەنگی و ئاگاداركردنەوەی هێزە ئەمنیەكانە لەهەر كارێك بیگرێتەبەر بەپێچەوانەوە نوسراوەكانی دیكە پێویست بەرەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران دەكات.

ئەڵماس فازڵ ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دواڕۆژی ئاشكرایكرد، سنورداركردنی دەسەڵاتەكانی راكان جبوری لەسەر بنەمای سكاڵای پەرلەمانتارانی كەركوكی یەكێتی بوە چونكە ناوبراو لەبەكارهێنانەكانیدا زیادەڕۆیی كردوەو زەوی و زاری كوردی و توركمانی گەڕاندوەتەوە بۆ عەرەبی هاوردە و بودجەی كەركوك بەبێ ئەنجومەنی پارێزگا خەرجكردوە بەڵام كورد بەهۆی یەكڕیزنەبونیەوە نەیتوانیوە ئەو بابەتانە بەرێتە دادگا.

 

راشیگەیاند: دۆسێیەی نەوت پرسێكی ئیتیحادیە و زۆربەی ناكۆكیەكانی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر ئەو بابەتە بوە، دواتر پرسی گۆڕانكاری و دانان و لادانی بەڕێوەبەرەكان وایلێكردین لەزۆربەی وەزارەتەكان نیگەرانی خۆمان بخەینەڕو و دەیان كۆبونەوەو گفتوگۆمان لەگەڵ لایەنەكاندا ئەنجامداوە تاوەكو رایبگرین.

 

وتیشی: "سەرەڕای ئاگاداركردنەوەی ئیدارەی كەركوك لەراگرتنی گۆڕانكاریەكان بەڵام هێشتا هەوڵ هەیە بۆ لابردنی فەرمانبەرانی كورد لەپۆستەكانیان تەنها رێژەكەی كەمبوەتەوە، هەرچی پەیوەندی بەزەوی و زارەكانیشەوەیە لەسەر ئاستی باڵا رێوشوێنمان گردوەتەبەر و لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش رێوشوێنەكان راگیراون.


ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: لەكەركوك دۆخێكی ناسروشتی دروست بوە و بەهۆی نەبونی ئەنجومەنی پارێزگاوە ئەگەری هەیە پڕۆژەكانی پارێزگاكە پەسەندنەكرێت و بودجەی شارەكەیش خەرجنەكرێت".


تەنانەت ئەندامانی كوتلەی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگایش لەدەسەڵاتدارێتی راكان جبوری نیگەرانن.

 

لەسەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ رەملە عوبێدی ئەندامی كوتلەی عەرەبی لەنوسراوێكدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتیەكانی عێراق و نەتەوە یەكگرتوەكانی كردوە سێ خاڵی خستوەتەڕو و دەڵێت: "ئەو راپۆرتانەی ئیدارەی كەركوك لەبارەی دۆخەكەوە دەیانداتە بەغداد دورە لەراستیەوەو تەنها هەوڵێكە بۆ جوانكردن و شەرعیەتدان بە گەندەڵی لەلاشەی شارەكە بڵاوبونەتەوە، ئەوەشی خستوەتەڕو كە غیابی رۆڵی چاودێری ( ئەنجومەنی پارێزگا ) لەسەر بڕیارەكانی ئیدارەی كەركوك كاریگەری خراپی لەسەر دۆخی راستەقینەی پارێزگاكە دروستكردووە".

 

ئەگەر چی پارێزگاری كەركوك سیفەتی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی باڵای پارێزگاكەی هەیە بەڵام هەر لەدوای رووداوەكانی ئیكتۆبەری 2017وە مەلەفی ئەمنی رادەستی هێزەكانی دژەتیرۆر كرا و لەئێستایشدا فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دامەزرێندراوە كە سەرپەرشتی مەلەفی ئەمنی سەنتەری شارو دەوروبەری دەكات، بەوەیش دەسەڵاتی مەلەفی ئەمنی لەپارێزگار وەرگیراوەتەوە.

جەماڵ مەولود راسپێدراو بۆ راییكردنی كاروبارە ئیداریەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەدواڕۆژی وت: "سەرەڕای ئەو هەوڵانەی باسدەكرێت گوایە دەسەڵات لەپارێزگاری كاتی وەرگیراوەتە كەچی ناوبراو بەردەوامە لەكاروبارەكانی".

 

وتیشی: "هەرچەی پەیوەندی بەمەلەفی ئەمنیەوە هەیە راكان جبوری بەهەمەهەنگی لەگەڵ فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوك بڕیاری لەبارەوە دەدەن بەبێ ئەوەی رێگا بدەن كورد بەشداربێت ئەگەرچی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگا كە ئەندامی لیژنەی ئەمنیە، بەڵام رێگا نادرێت بەشداری لەكۆبونەوەكان بكات".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure