زانیاری تەواو لەسەر ڕووداوی دزیکردنەکەی پارەی نەخۆشخانەی شار

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 3 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 3845‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی پاشەکەوتی مووچەی ڕاگەیاندبوو، فەرمانبەران بە دڵخۆشییەوە چاوەڕوان بوون کاتی دابەشکردنی وەزارەتەکەیان بێت مووچە بەبێ پاشەکەوت وەربگرن، بەڵام ڕۆژی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی تەندرووستی بۆ زیاتر لە هەزار کارمەندی وەزارەتی تەندرووستی جیاواز بوو.

رۆژی 12ی ئازار، کاتی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی تەندرووستی بوو، لیژنەی مووچەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی دەچن مووچە وەربگرن، پزیشکان و کارمەندەکان چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەکانیان بوون، بەڵام مووچەکانیان لەلایەن چەند کەسێکەوە دزران، ئەو ڕۆژە نەیانتوانی مووچەکانیان وەربگرن.

هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چییان کرد؟
به‌هۆی دزینی یه‌ك ملیار دیناری مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی نه‌خۆشخانه‌ی شار، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان سه‌دان بازگه‌یان له‌ناو شه‌قامه‌كانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی داناوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسی سلێمانییه‌وه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌هۆی ئه‌و دزییه‌وه‌ له‌ ئێستادا هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سلێمانی كه‌وتووه‌ته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌و سه‌دان بازگه‌یان داناوه‌و هه‌موو ئۆتۆمبێلێك ده‌پشكنن.

ڤیدیۆی ساتی دزیکردنەکە

دەستگیرکردنیان بە کەمتر لە 15 کاتژمێر

 درەنگانێکی شەوی 12 لەسەر 13ی ئەم مانگە ‌هێزەکانی دژەتیرۆر تۆمەتبارانی روورداوی دزین و رفاندنی پارەی موچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شاریان دەستگیرکرد و دەستیشیانگرت بەسەر پارە دزراوەکە و ئەو ئۆتۆمبێلەش کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە.

دوای تێپەربوونی کەمتر لە 15 کاتژمێر بەسەر رووداوەکەدا، لە ئۆپەراسیۆنیکدا هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر، بە هاوکاری هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی شاری سلێمانی لە گەڕان و بەدواداچونێکی وورد و نەخشەبۆدارێژراو، توانیان‌ چه‌ند کەسێک بە تۆمەتی دزینی پارەی موچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شار ده‌ستگیربكه‌ن.

کێ دەستگیرکرا؟
ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوبەری پۆلیسی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: دوای کۆکردنەوەی زانیاری، بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆر بە کەمتر لە 15 کاتژمێر توانیمان تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەین.

باسی لەوەشکرد: 7 کەس بە تۆمەتی ئەو رووداوە دەستگیرکراون کە پێشینەی تاوانی دیکەیان هەیە و 7 کەسی دیکەش بۆ وەرگرتنی زانیاری بانگ کراون.

چۆن تۆمەتبارەکان دۆزرانەوە؟
سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە دواڕۆژی وت: "شەوی رووداوەکە تا نزیك كاتژمێر 4:00ی بەرەبەیان هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و دژەتیرۆر چەندین گومانلێكراویان دەستگیركرد، بەڵام كەسیان دانیان بە تاوانەكەدا نەنا".
 
وتیشی: "لەدوای كاتژمێر 4:00 چەند دەستگیركراوێكی باندەكە دانیان بە تاوانەكەداناو ناوی چەند كەسێكی تریان هێنا، هەر بۆیە لە كاتژمێر 4:15 خولەك لە یەكێك لە گەڕەكە دیارەكانی ناو شاری سلێمانی لە ماڵی دوو برا كە بكەری سەرەكی رووداوەكە بوون، پارەكە لەناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری (سدریك) دۆزرایەوە و خۆشیان دەستگیر كران".
 
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا "یەكێك لەو دوو برایە كە بكەری سەرەكی دزییەكەن، پێشتر بە تاوانی كوشتن دەستگیركراوە و بە بڕیاری دادوەر سزادراوە و لە بەندیخانە بووە و بەر لێبوردنی گشتی كەوتووە".
 
باسی لەوەشكرد "ئەو ئۆتۆمبێلە (پاتڕۆڵ)ەی دزییەكەی پێ ئەنجامدرابوو لە سەیدسادق بە یەكێك لە بكەرانی دزییەكەوە دەستگیركراوە".
 
سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو "یەكێك لە دزەكانی باندەكە كاتێك هێزە ئەمنییەكان لە گەڕەكی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی ویستویانە دەستگیری بكەن، تەقەی كردووە و هێزەكەش تەقەیان لێكردۆتەوە و برینداریان كردووە و پاشان دەستگیریان كردووە".
 
هێمای بۆ ئەوەشكرد "لەناو دەستگیركراوانی باندەكە دوو ژنیان تێدایە كە دانیان بە تاوانەكەدا ناوە".

کەسەکان کێ بوون و کێی تر لە گەڵیان بوو؟
حەسەن نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی بەپێی زانیارییەکانی 80 لەسەدی ئەندامانی ئەو باندە پێشتر چەندین دزیان کردووەو لە زینداندا بوون و لەناو زیندان یەکتریان ناسیوە و یەکێک لە سەرۆکی باندەکە ماڵی نزیکی بانکەکەیە و ئاگای لە بردنی پارەی بانکەکەیە و لەڕێگەی زیندانییەکی دیکەوە کە کەسێکی لە لیژنەی پارەی بانکەکەدا هەبووە توانیویانە پیلانی دزییەکە دابنێن.

هێمای بۆ ئەوەشکرد: کە رەنگە یەکێک لە فەرمانبەرانی بانکەکە بەشداری تاوانەکە بووبێت.

سزای ئەو کەسانە چی دەبێت؟
بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دواڕۆژ سزای ئەو کەسانە ئاشکرادەکات کە پارەی مووچە و نەسریەی نەخۆشخانەی شار-یان لە سلێمانی رفاند.

بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، تاوانەکەی رۆژی سێشه‌ممه‌ هەردوو ماددەکانی (442 و 443)ی یاساکە دەیگرێتەوە کە یاساکان بەمشێوەیە سزاکانیان دیاریکردوە.

ئەگەر دادوەر بەپێی مادده‌ی ژمارە 442 سزای تاوانبارانی دا ئەوا سزاکەیان بەندکردن دەبێت بۆ ماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە 15 ساڵ.

مەرجەکانی یاساکەش بریتییە لەمانە:
یەکەم: دوو کەس یان زیاتر تاوانەکەیان ئەنجامدابێت و یەکێکیان چەکی پێبێت بە ئاشکرا یان شاردراوە.

دووەم: لەنێوان خۆرئاوابوون یان خۆرهەڵاتن روویدابێت و دوو کەس یان زیاتر لەڕێگەی زۆرلێکردن یان هەڕەشەکردن و بەکارهێنانی چەک تاوانەکە ئەنجامبدەن یان چەکەکە بۆ بەمەبەستی پاراستنی کەلوپەلە دزراوەکە بەکاربێنن.

سێیەم: دزیکردنەکە بەزۆر بێت و ببێتە هۆی شکاندنی ئێسک یان هەر نەخۆشییەک بۆ ئەو کەسەی دزییەکەی لێکراوە و ماوەی نەخۆشییەکەی لە 20 رۆژ زیاتربێت.

بەڵام ئەگەر بەزۆر دزیکردنەکە بووە هۆی مردنی کەسێک لەلایەنی دزیلێکراو، ئەوا سزای تاوانەکە لەسێدارەدان یان بەندکردنی هەتاهەتایی دەبێت.

ئەگەر دادوەر بەپێی یاسای ژمارە 443 سزای تاوانبارانی دا ئەوا سزاکەیان بەندکردن دەبێت بۆ ماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە 10 ساڵ.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure