ساڵیادى كیمیاباران و چه‌ند سه‌رنجێك بۆ گه‌شه‌پێدانى ئابورى هه‌ڵه‌بجه‌

هەواڵ / چاوی تۆ :: 15/03/2019‌ :: 213‌ جار بینراوە
سه‌ركۆ یونس

سه‌ركۆ یونس*

یادكردنه‌وه‌ى سى ویه‌ك ساڵه‌ى كیمیابارانكردنى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌وروبه‌رى هه‌ر ته‌نها شه‌هیدكردن و وێرانكردن و كاولكردنى شارێكى ئه‌م هه‌رێمه‌ نه‌بوه‌ ونابێت ،به‌ڵكو وه‌كو ڕۆژى شه‌هیدانى نه‌ته‌وه‌كه‌مان وایه‌ و هه‌روا یادێكى ساده‌و ساكار نى یه‌ كه‌به‌سه‌رماندا تێپه‌ر ببێت، به‌ڵكو یادێكه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كى له‌نه‌بونه‌وه‌ گۆڕى بۆ بوون و كوردستانى له‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌خشه‌ى جوگرافیاى سیاسى خسته‌ ناو نه‌خشه‌ى جوگرافیاوه‌ و ناوى نه‌ته‌وه‌ى كوردى له‌جیهاندا به‌ته‌واوه‌تى ناساندو و پێگه‌ى نه‌ته‌وه‌ی كوردى بێ ده‌وڵه‌تى له‌مه‌یدانى نێوده‌وڵه‌تى دا به‌ره‌و پێش برد وجیهانى ده‌ره‌وه‌یش هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به‌دۆزى كورد هه‌بوو.

 هه‌رئه‌م كاره‌ساته‌یش هۆكارێك بوو بۆ ده‌ركردنى بڕیارى ڕێكخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ساڵى (1991) بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌كردنى فڕینى فڕۆكه‌كانى حكومه‌تى عێراقى ئه‌و كات له‌سنورى كوردستاندا. له‌ ساڵى (2003)ش ئه‌م كاره‌ساته‌ به‌ڵگه‌یه‌كى حاشا هه‌ڵنه‌گر بوو به‌ده‌ست هاوپه‌یمانانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر عێراق و سه‌ردانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و كاتى ئه‌مه‌ریكا پێش هێرشه‌كه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌لمێنه‌رى ڕاستى گه‌وره‌یى ئه‌م كاره‌ساته‌یه‌.

 ئه‌وه‌ى مه‌به‌ستمانه‌ له‌م بابه‌ته‌دا تیشكى بخه‌ینه‌ سه‌ر پێشخستن و بوژانه‌وه‌ى لایه‌نى ئابورى و خۆشگوزه‌رانى یه‌ بۆ شارى هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌وروبه‌رى.

ئاشكرایه‌ شارى هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ جێگایه‌كى ستراتیژى گرنگى ناوچه‌كه‌ بوه‌ هه‌ر له‌ سه‌رده‌مى (وه‌سمان پاشاى جاف و عادیله‌ خانى خێزانى و بنه‌ماڵه‌كه‌یان)ه‌وه‌ ناوه‌ندێكى سیاسى و ئابورى و ڕۆشنبیرى و كلتورى گرنگ بوه‌ ، له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ فه‌رمانڕه‌وایى ناوچه‌كانى شاره‌زوورو هه‌ورامان وده‌وروبه‌ریان كردووه‌ كه‌ جێگاى ده‌ستیان له‌ مێژوى ناوچه‌كه‌ و كوردستان دا دیاره‌و به‌رچاوه‌.له‌لایه‌كى تره‌وه‌ به‌هۆى هاوسنوورى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتى ئێرانى دراوسێ دا ڕۆڵێكى سه‌ره‌كى هه‌بووه‌ له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانى (سیاسى،ئابوورى،كۆمه‌ڵایه‌تى )ه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌مێژووى خه‌بات و شۆڕشه‌كانى نه‌ته‌وه‌كه‌مان ڕۆڵى هه‌ڵه‌بجه‌و دانیشتوانه‌كه‌ى جێگاى فه‌خروشانازى هه‌موو لایه‌كمانه‌ به‌تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى له‌شۆڕشى نوێ دا یه‌كه‌مین مه‌فره‌زه‌و یه‌كه‌مین چالاكى له‌هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌ستى پێ كردو یه‌كه‌مین پێشمه‌رگه‌ له‌م سنوره‌دا شه‌هید بووه‌.له‌مه‌یدانى ئه‌ده‌بى ڕه‌سه‌ن و هونه‌رى كوردی و زانایانى ئاینى جێگاى چه‌ندین كه‌ڵه‌ شاعیرى ناوبانگى نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌ وه‌ك مه‌وله‌وى و نالى و بێسارانى و ئه‌حمه‌د موختارجاف و تایه‌ر به‌گ و مامۆستا مه‌لا عوسمان عبدالعزیز و دكتۆر مسته‌فا زه‌ڵمى و مامۆستا حه‌مه‌ئه‌مین هه‌ورامى و چه‌ندینى ترو له‌ئێستاشدا چه‌ندین نوسه‌ر و شاعیرو ئه‌دیب و ڕۆشنبیرى تر.

خۆشبه‌ختانه‌ له‌(13)ى ئازارى ساڵى (2014) سێ ڕۆژ به‌ر له‌یادى كیمیاباران كردنى هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیارى به‌پارێزگابونى به‌فه‌رمى له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ده‌رچوو حكومه‌تى ناوه‌ندیش پاڵپشت و هه‌ماهه‌نگ بووه‌ و به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایى و شه‌ڕى نه‌گریسى داعش پرۆسه‌كه‌ خاوو بوویه‌وه‌ به‌ڵام به‌هه‌وڵى دڵسۆزانى هه‌ڵه‌بجه‌ فه‌رمانگه‌و به‌ڕێوه‌یه‌رایه‌تى یه‌گشتى یه‌كان كراونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌شى ماوه‌ له‌ئێستادا خه‌ریكى پێكهێنانین .
ئابورى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ڕووى دارایى یه‌وه‌ ته‌نها پشتى به‌دوو سه‌رچاوه‌ى دیارى كراو به‌ستوه‌ ئه‌وانیش:
1-مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و كه‌سوكارى شه‌هیدانى كیمیاباران و كه‌مئه‌ندامان و خانه‌نیشیانه‌، كه‌ڕێژه‌یه‌كى زۆرى دانیشتوانى هه‌ڵه‌بجه‌ پشتیان به‌م سه‌رچاوه‌ به‌ستوه‌.
2-بودجه‌ى ئه‌و پڕۆژانه‌ى كه‌له‌هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌رى جێ به‌جێ ده‌كرێن،كه‌به‌داخه‌وه‌ له‌ئاستى پێویستدا نى یه‌.

 ئه‌م پێشنیارانه‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو هیوادارین لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌جدى كارى له‌سه‌ر بكه‌ن،له‌ڕووى ئابورى و گه‌شه‌پێدانى ئابورى یه‌وه‌ ده‌كرێت سوود له‌م لایه‌نانه‌ وه‌ربگیرێت:
یه‌كه‌م:- كردنى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌شارێكى گه‌شتیارى:- 
بۆ كرانه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌وروبه‌رى كردنى شارى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ به‌شارێكى گه‌شتیارى چونكه‌ له‌سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌دا هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانى ئه‌م كه‌رته‌ گرنكه‌ى تێدایه‌ وه‌ك شوێنى گه‌شتیارى و هاوینه‌هه‌وارى دڵڕفێن و شوێنى مێژووى كۆن و ماڵى پاشا و مه‌زارگه‌ى ئایینى وه‌ك عه‌بابه‌یلێ و گۆڕى شێخانى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى له‌ هه‌ورامان و چه‌ندین جێگاى ئایینى ترو ناوچه‌كانى هه‌ورامان به‌گشتى هاوینه‌هه‌وارى زه‌ڵم و ئاوێسه‌ر و چاووگى باوه‌كۆچه‌ك به‌تایبه‌تى كه‌ ده‌توانرێت له‌ هاوینان و زستانان سوودى لێ وه‌ربگرێت و وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كى داهات بۆ دانیشتوانى ناوچه‌كه‌ به‌كاربهێنرێت ئاشكرایه‌ ئه‌و سووده‌ ئابوریانه‌ى له‌ كه‌رتى گه‌شتیارییه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت له‌ ئێستادا له‌ئاستێكى به‌رزدایه‌ و به‌به‌رده‌وامى بازاڕى گه‌شتوگوزار به‌ره‌و پێش ده‌چێت .له‌ئێستادا به‌رێوه‌به‌رێتى گه‌شتوگوزارى هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كێكه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ چالاكه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆیه‌ داواكارین به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى گه‌شتوگوزار بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ڕووى كارگێڕى و دارایى ه‌وه‌ ده‌سته‌ڵاتی زیاتریان هه‌بێت .

دووه‌م:- كردنى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌شارێكى بازرگانى:-
 له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ پێگه‌یه‌كى جوگرافى گرنگى هه‌یه‌ و به‌دوورى نزیكه‌ى (80كم) له‌شارى سلێمانى یه‌وه‌ دووره‌ و هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێراندا واته‌ هه‌ڵكه‌وته‌ى جوگرافی هه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌كرێت سوود وه‌ربگرێت له‌و خاڵه‌ سنوریانه‌ى كه‌له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌ن وه‌ك ته‌وێڵه‌ و بیاره‌ و مه‌رزى پشته‌ و مله‌خورد و هه‌روه‌ها له‌ سنورى سازانه‌وه‌ كه‌ده‌كه‌وێته‌ پشت هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ به‌دوورى ته‌نها نزیكه‌ى(15كم) له‌سه‌نته‌رى شاره‌وه‌ دووره‌، له‌ڕاستیدا كردنه‌وه‌ى ئه‌م خاڵ سنوریانه‌ ئه‌گه‌ر چى سنورداریش بن به‌ڵام كاریگه‌رى گه‌وره‌و گرنگیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر بوژانه‌وه‌ى ئابورى هه‌ڵه‌بجه‌و ناوچه‌كه‌ وته‌نانه‌ت كوردستانیش. 

 شارى هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێته‌ مه‌یدانى گواستنه‌وه‌ى كه‌لوپه‌ل و هاوڵاتیانى كوردستان و ئێران ته‌نانه‌ت هه‌وڵ بدرێت ئه‌م مه‌رزانه‌ بكرێنه‌ مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تى هه‌ر ئه‌مه‌ش بكرێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌سه‌رچاوه‌كانى داهات بۆ دانیشتوانى هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ورامان و شاره‌زوور،ده‌كرێت سنورى هه‌ڵه‌بجه‌ ببه‌سرێته‌وه‌ به‌ سنورى شاروشارۆچكه‌كانى گه‌رمیان و مه‌رزى په‌روێز خانه‌وه‌ له‌ڕێگاى (ته‌نگى سه‌ى محمد) له‌ناوچه‌ى نه‌ورۆڵى كه‌ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ورامان و شاره‌زوور به‌گه‌رمیانه‌وه‌ ده‌به‌ستێت ،كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ دواى به‌پارێزگابونى هه‌ڵه‌بجه‌ دانیشتوانى ناحیه‌ى به‌مۆ به‌شێوه‌یه‌كى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ و به‌ویستى خۆیان له‌ڕووى كارگێڕیه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ن.

بێ گومان ئه‌مه‌ بۆ خۆى كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆى ده‌بێت له‌سه‌ر بوژانه‌وه‌ى شاره‌كه‌و به‌ره‌و پێشچوونى له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانه‌وه‌.كردنه‌وه‌ى فه‌رمانگه‌ى تایبه‌تمه‌ندى بازرگانى له‌پارێزگاكه‌ هۆكارێكى گرنگه‌ بۆ بوژانه‌وه‌ى ئه‌م كه‌رته‌ ستراتیژى یه‌ .

   سێ یه‌م:- بوژانه‌وه‌ى كه‌رتى كشتوكاڵى ناوچه‌كه‌:-
  گومانى تێدا نى یه‌ سنورى كارگێڕى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ر چوار ناحیه‌یه‌كه‌ى (سیروان و خورماڵ و بیاره‌و به‌مۆ) ناوچه‌یه‌كى گرنگ و ستراتیژى بوارى كشتوكاڵى یه‌ به‌هه‌ردوو سێكته‌رى به‌روبومى ڕووه‌كى و به‌روبومى ئاژه‌ڵى یه‌وه‌،كه‌به‌سه‌دان دۆنمى زه‌وى به‌راو و دێم ده‌ژمێرێن جائه‌گه‌ر به‌رهه‌م هێنان له‌ ده‌شتى شاره‌زور بێت كه‌خۆى له‌سه‌رجه‌م به‌رهه‌م هێنانى دانه‌وێڵه‌و سه‌وزه‌ و میوه‌ یان له‌پێ ده‌شت و ناو چیاكاكانى ده‌روپشتى هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌ڤه‌رى هه‌ورامان بێت كه‌ زیاتر خۆى له‌ هه‌نار و گوێز ده‌بینێته‌وه‌ كه‌له‌باشترینه‌كانى به‌روبومى كوردستانن،هه‌روه‌ها ده‌كرێت به‌هۆى بوونى ده‌شت و له‌وه‌ڕگاى سروشتى یه‌وه‌ په‌ره‌ به‌لایه‌نى ئاژه‌ڵى بدرێت به‌تایبه‌تى مه‌ڕوبزن و مانگا.داوا ده‌كه‌ین ده‌سته‌ڵاتى زیاترى كارگێڕى بدرێت به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كشتوكاڵى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ده‌ستكراوه‌یى زیاتریان هه‌بێت له‌هاوكاركردنى جوتیاران و باخه‌وانانى ناوچه‌كه‌ .

چواره‌م :- بوژانه‌وه‌ى كه‌رتى پیشه‌سازى هه‌ڵه‌بجه‌ :
به‌هۆى بوونى ده‌رامه‌تى سروشتى زۆر له‌ناوچه‌كه‌ كه‌ خۆى ده‌بینێته‌وه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كانى كه‌ره‌سه‌ى خاوى به‌رهه‌مه‌ پیشه‌سازییه‌كان و هه‌روه‌ها به‌هۆى بوونى ده‌ستى كارى كارامه‌ و شاره‌زا ده‌كرێت سوود له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌ریگرێن بۆ ده‌وڵمه‌ندبون و فراوان بوونى ئه‌م كه‌رته‌ وه‌ك ئاشكرایه‌ كه‌ له‌كۆنه‌وه‌ تا ئێستا له‌هه‌ڵه‌بجه‌دا چه‌ندین پیشه‌ى ده‌ستى بچوك هه‌بوون وه‌ك (رستن و چنین و دروست كردنى كڵاش وشاڵ و هتد ) هه‌روه‌ها چه‌ندین كارگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى شمه‌كى تێدا بووه‌ وه‌ك كارگه‌ى توتن و كارگه‌ى په‌تاته‌ى سیروان و كارگه‌ى بلۆك .... خۆشبه‌ختانه‌ له‌ ئێستادا جگه‌ له‌ كارگه‌ بچوكه‌كان چه‌ند كارگه‌یه‌كى قه‌باره‌ گه‌وره‌ و مامناوه‌ند له‌پارێزگاكه‌دا بوونى هه‌یه‌ وه‌ك كارگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى زه‌یتى زه‌یتونى ڕاسان و كارگه‌ى به‌رهه‌مێهانى دۆشاوى ته‌ماته‌ى شاره‌زوور و چه‌ند كارگه‌یه‌كى به‌رهه‌مهێنانى ئاوى هه‌نار ،چونكه‌ ئه‌م كارگانه‌ و به‌رهه‌مه‌كانیان هۆكارێكى سه‌ره‌كى بوژانه‌وه‌ى لایه‌نى ئابورى ناوچه‌كه‌ن هه‌ر له‌كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى بێكارى و ده‌ستكه‌وتى دارایى بۆ دانیشتوانه‌كه‌ى و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى خۆشگوزه‌رانى كرێكاران و هه‌روه‌ها به‌ به‌رهه‌مه‌كان ده‌توانین پێداویستى ناوخۆیى و هه‌ندێ جار ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌كه‌ پێ پڕبكرێته‌وه‌ و ببێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى داهات.

بۆ جێ به‌جێ كردنى ئه‌م هه‌نگاوانه‌ له‌ڕووى پیشه‌سازى یه‌وه‌ باشترین هۆكار كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى پیشه‌سازى یه‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ چونكه‌ ئاسانكارى باش و گرنگ ده‌كات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕۆتیناتى كارگێڕى ئه‌م پرۆسه‌یه‌.

پێنجه‌م : به‌ره‌وپێش بردنى وه‌به‌رهێنان:
 ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌بڕیارێك پێش دوو ساڵ فه‌رمانى كردنه‌وه‌ى فه‌رمانگه‌ى وه‌به‌رهێنانى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كرد به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌م بڕیاره‌ جێ به‌جێ نه‌كراوه‌،له‌ڕاستیدا كردنه‌وه‌ى ئه‌م فه‌رمانگه‌یه‌ بۆ خۆى گرنگترین هۆكاره‌ بۆ به‌ره‌و پێش چوونى لایه‌نى وه‌به‌رهێنان له‌سه‌رجه‌م كه‌رته‌ ئابورییه‌كان چونكه‌ ئاسانكارى ته‌واو ده‌كات بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران و ده‌بێته‌ هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕۆتیناتى كارگێڕى كه‌ داموده‌زگاكانى حكومه‌ت به‌ ده‌ستى یه‌وه‌ ده‌ناَلێنن .بۆیه‌ داواكارین لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌زووترین كات ئه‌م فه‌رمانگه‌ گرنگه‌ دابمه‌رزێنن .

شه‌شه‌م : به‌ره‌وپێش بردنى لایه‌نى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى هه‌ڵه‌بجه‌ :
وه‌ك لاى هه‌موان ئاشكرایه‌ شارى هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زور و هه‌ورامان خاوه‌نى زۆرترین كه‌سایه‌تى و زانا و بیرمه‌ند و ڕۆشنبیرو هونه‌رمه‌ندان بووه‌،ده‌توانرێت سوود له‌م لایه‌نه‌ گرنگه‌ى ژیان ببینرێت به‌وه‌ى كه‌ مۆنۆمێنتى هه‌ڵه‌بجه‌ فراوانتر بكرێت و خودى هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێته‌ شارێكى یاده‌وه‌رى وه‌ك زۆرێك له‌و شارانه‌ى له‌جیهاندا تووشى ئه‌م كاره‌ساته‌ بون بكرێته‌ سه‌رچاوه‌ى داهات و له‌ ڕێبه‌رى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم و عێراقدا دیارى بكرێت ،خاڵێكى تر كه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ داهاتوى هه‌ڵه‌بجه‌ و مانه‌وه‌ى ناوى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایه‌ ساڵانه‌ مناڵانى وون بووى كاره‌ساته‌كه‌ ده‌دۆزرێنه‌وه‌ و شاد ئه‌بنه‌وه‌ به‌ كه‌سوكاریان هه‌موو ئه‌م كه‌سانه‌ و خودى ڕووداوه‌كانیان كه‌ره‌سه‌ى خاوى بوارى فلیمسازین بۆ هۆنه‌رمه‌ندانى كورد و ده‌كرێت داوا له‌ كۆمپانیاكانى بوارى سینه‌ما بكرێت بێنه‌ مه‌یدانه‌وه‌ و هاوكارى بكرێن و فلیمى سینه‌مایى جیهانى لێ دروست بكرێت بۆ مانه‌وه‌ى ناوى هه‌ڵه‌بجه‌ و سوود بینین له‌و داهاته‌ى كه‌ده‌ست ده‌كه‌وێت .

له‌كۆتایدا ئه‌م پێشینازانه‌ى سه‌ره‌وه‌ هۆكارن بۆ بوژانه‌وه‌ى لایه‌نى ئابورى هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ره‌وپێش بردنى ژیانى دانیشتوانه‌كه‌ى.ده‌بێت هه‌موو  كورد بزانێت هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نها بۆ هه‌ڵه‌بجه‌یى یه‌كان نى یه‌ به‌ڵكو موڵكى هه‌موو نه‌ته‌وه‌یى كورده‌ له‌هه‌ر كوێ بن،بۆیه‌ هیوادارین سه‌ركردایه‌تى سیاسى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و كابینه‌ى نوێ به‌جدى كار بكه‌ن بۆ به‌ره‌و پێشچونى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و تایبه‌تمه‌ندێتى خۆى بدرێتێت  چونكه‌ پێمان وایه‌ خه‌باتى سیاسى و ئه‌ده‌بى و كۆمه‌ڵایه‌تى له‌مێژینه‌یى ئه‌م شاره‌ و هه‌ورامان و شاره‌زوور باشترین به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ وه‌ڵام بێت هه‌رئه‌مه‌ش ببێته‌ باشترین پاداشتى شه‌هیدانى كاره‌ساته‌كه‌و هه‌روه‌ها ببێته‌ سارێژكه‌رى برینه‌كانى كه‌سوكارى شه‌هیدان و دانیشتوانى شاره‌كه‌.


*ئابوریناس



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure