"ده‌بوو سلێمانى ساڵانه‌ 10 ملیۆن گه‌شتیارى عێراقى بۆ خۆى رابكێشێت"

هەواڵ / ئابوری :: 3 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 112‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

یاسین مه‌حمود، سه‌رۆكى یه‌كێتى وه‌به‌رهێنه‌رانى كوردستان- سلێمانى، به‌ دواڕۆژى وت "ئێمه‌ كێشه‌یه‌كمان هه‌یه‌ له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى، هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك یان كارێكى باش ده‌كه‌ین، دواى ماوه‌یه‌ك كه‌ جێى خۆى ده‌گرێت، به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى بارودۆخێكى سیاسییه‌وه‌ ئه‌و كار و پڕۆژانه‌ له‌ده‌ست سلێمانى ده‌ڕوات، بابه‌ته‌ سیاسییه‌كان واده‌كه‌ن بابه‌ته‌ ئابورییه‌كان له‌ده‌ست ده‌ربچن".

وتیشى "له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌گه‌ر نه‌خشه‌ى وه‌به‌رهێنانمان هه‌بوایه‌، ده‌بوایه‌ ئه‌و حه‌قه‌مان بدایه‌ به‌ سلێمانى، كه‌ ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌توانێت ساڵانه‌ به‌لاى كه‌مه‌وه‌ 10 ملیۆن گه‌شتیارى عێراق بهێنێت بۆ خۆى".

یاسین مه‌حمود، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "سلێمانى هه‌ڵكه‌وته‌ى جوگرافیاكه‌یى و ئه‌و پڕۆژانه‌ى تیایدا دروستكراوه‌، تا ئێستا له‌ عێراق منافسى نیه‌، جگه‌له‌وه‌ى شوێنى گه‌شتیاریى و هه‌وارى جوانى زۆرى تێدایه‌".

باسى له‌وه‌شكرد "چه‌ندین شوێنى گه‌شتیاریمان هه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت ئاوڕى لێناداته‌وه‌ كه‌ هه‌ریه‌كێكیان ده‌توانن ده‌یان هه‌زار گه‌شتیار بۆ سلێمانى رابكێشن، ده‌ریاچه‌كانیشمان بێخزمه‌تن و خزمه‌تگوزارى گه‌وره‌یان پێشكه‌ش ناكرێت و چه‌ندین ده‌ریاچه‌ى تر هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانرێ بكرێت به‌ به‌دیلى ده‌ریاچه‌كانى دوكان و ده‌ربه‌ندیخان، به‌ڵام به‌هۆى وه‌ستانى پڕۆژه‌كانى سلێمانى نه‌كه‌وتونه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "ئه‌گه‌ر ململانێى ناته‌ندروستى سیاسى نه‌بوایه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، عێراق به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ساڵانه‌ سه‌دان ملیۆن دۆلارى خۆى بۆ گه‌شتیارى نه‌ده‌دا به‌ توركیا و جۆرجیا و وڵاتانى دیكه‌، به‌ڵكو هه‌مووى ده‌هاته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، ئه‌گه‌رنا له‌ هه‌رێم به‌شى ئه‌وه‌ هۆتێلى پێنج ئه‌ستێره‌ و شوێنى گه‌شتیاریمان هه‌یه‌، كه‌ هه‌موو گه‌شتیارى عێراق بێن، گه‌شتیارى عێراقیش پێیان خۆشه‌ بێنه‌ كوردستان و نه‌چنه‌ وڵاتانى تر، چونكه‌ ده‌زانن كوردستان خاوه‌نى چوار وه‌رزه‌ى گه‌شتیارییه‌".

یاسین مه‌حمود، هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد "هه‌موو ساڵێك 10 ملیۆن گه‌شتیارى عێراقى ده‌ڕۆن بۆ وڵاتانى تر، له‌ سه‌دا 10ى دێن بۆ هه‌رێمى كوردستان بۆ وانه‌كه‌ین رێژه‌یه‌كى زۆر زیاتر بێنه‌ كوردستان كه‌ له‌ سودى هه‌موو پارێزگاكان ده‌بێت نه‌ك ته‌نیا پارێزگاى سلێمانى".

جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "گه‌شتوگوزار جێگره‌وه‌ى واقیعى نه‌وته‌ و له‌ هه‌ندێك وڵات به‌بێ ئه‌وه‌ى وزه‌یان هه‌بێت ئه‌و سه‌رمایه‌یان بۆخۆیان چڕیووه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و بایه‌خه‌ى داومانه‌ به‌ كه‌رتى گه‌شتوگوزار بایه‌خێك نیه‌ كه‌ ئێمه‌ بتوانین گه‌شتیارێكى ئێجگار زۆر بهێنینه‌ هه‌رێمى كوردستان، چونكه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت بودجه‌یه‌كى واقیعى دابنێت بۆ خزمه‌تكردنى شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان، بایه‌خ نه‌دان به‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان بایه‌خ نه‌دانه‌ به‌ داهاتوو و ژێرخانى كوردستان".

پ:س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure