نوێترین زانیاری له‌سه‌ر ناردنی مووچه‌ له‌ به‌غداوه‌ ئاشكراکرا

هەواڵ / کوردستان :: 15/03/2019‌ :: 21023‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، ده‌شڵێت: "له‌ مانگی نیسانه‌وه‌ به‌پێی نرخی نه‌وت پاره‌ی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ بوجه‌ی گشتی هه‌رێم ده‌گێڕێته‌وه‌". 


شێروان میرزا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌غدا به‌رده‌وام نابێت له‌ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌، چونكه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ یاسای بوجه‌ی گشتی عێراق جێگیركراوه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت. 

وتیشی: "وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ناردنی 522 ملیاری مووچه‌ی مانگی ئازاری 2019ی فه‌رمانبه‌ران و 202 ملیاریش بۆ جیاوازی مووچه‌ی مانگه‌كانی كانوونی دووه‌م و شوباتی 2019 ده‌نێرێت، له‌مانگی نیسانیشه‌وه‌ گه‌ر هه‌رێم 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌كه‌ راده‌ستی به‌غدا نه‌كات ئه‌وا وه‌زاره‌تی دارایی عێراق به‌ نوسراو داوا له‌ كۆمپانیای سۆمۆ ده‌كات به‌پێی نرخی نه‌وت له‌و مانگه‌ بڕی پاره‌ی هه‌ر 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ بودجه‌ی مانگانه‌ی هه‌رێم ده‌گێڕێته‌وه‌، به‌ڵام ناردنی بڕی 522 ملیاره‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت". 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ روونیشیكرده‌وه‌: به‌ نموونه‌ گه‌ر بودجه‌ی مانگانه‌ی هه‌رێم بڕی یه‌ك ترلیۆن دینار بێت و گه‌ر هه‌رێمیش 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌كه‌ راده‌ستی به‌غدا نه‌كات ئه‌وكاته‌ پاره‌ی ئه‌و 250 هه‌زار به‌رمیله‌ له‌ یه‌ك ترلیۆن دیناره‌كه‌ ده‌گێڕدرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی تریش ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت. 
 
پ: ک. س
  
  



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure