وێنه‌: كچه‌ ئه‌ندازیارێك و چه‌ندین به‌هره‌ى جوان

هەواڵ / که‌لتور :: 14/03/2019‌ :: 724‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌هه‌ست به‌كر

بێهناز محەمەدئەمین، کچە هونەرمەندێکی دانیشتووی شاری رانیەى ئیدارەی راپەڕین-ه‌ و ماوەی چەند ساڵێکە، دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، دەستی کردووە بە کاری هونەری شێوەکاری و هونەری کاری دەستی.


بێهناز، لە دیمانەیەکیدا بەم شێوەیە بۆ دواڕۆژ دوا: "من بێهناز تەمەنم 25 ساڵە، لە وڵاتی ئێران بەشی ئەندازیاریم تەواوکردووە. دوای تەواوکردنی خوێندن بۆ ماوەیەک لە بواری ئەندازیاریدا لە ئێران کارم کردووە، دواتر هاتین لە کوردستان نیشتەجێ بووین، بەوهۆیەوە کاتی بەتاڵم زیاتر بوو و دەستم کردەوە بەکاری هونەری كه‌ خولیایه‌كى منداڵیم بوو".

بێهناز ده‌ڵێت: "هونەری وڵاتی ئێران لە کوردستان کەمێک جیاوازە، ئێمە لەوێ زیاتر گرنگیی بە کاری دەستی دەدەین. بەڵام من هەوڵمداوە ئەو جیاوازییە نەهێڵم و هونەری وێنەکێشان و هونەری کاری دەستیم تێکەڵ کردووە. هه‌روه‌ها زۆر حەزم لە هونەری خواردن دروستکردنە بەشێوازی جیاواز و رەنگاوڕەنگ بە جۆرێک کە سەرنجی بینەرى بۆ رابکێشم".

ئه‌م خانمه‌ ئه‌ندازیاره‌ ده‌ڵێت: "بەهۆی ئەوەی لێرە لە بوارەکەی خۆمدا تائێستا کارێکم دەستنەکەوتووە بۆیه‌ رۆژانە لە چێشتخانەکەی باوکم لەگەڵ دایکم و خوشک و براکەم بەخێزانی کارى تێدا دەکەین و هەمیشە هەوڵمداوە جوانترین و باشترین خواردن و شیرینی تایبەت پێشکەش بە کڕیارەکانمان بکەم".

بێهناز وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، بەهۆی ئەوەی تائێستا نەیتوانیوە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هونەرمەندەکانی ئەم سنورە ببەستێت نەیتوانیوە چالاکی و کارە هونەرییەکانى لەهیچ شوێنێک و پێشانگه‌یەکی تایبەتیدا نیشان بدات "بەڵام هیوادارم بتوانم خزمەتێک بەم شارە بکەم و بتوانم کارە هونەرییەکانم پێشکەش بکەم".

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure