هه‌ڵوێستی په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی شه‌نگال

هەواڵ / کوردستان :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 313‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌وان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیریی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی ئێزیدیی ده‌كه‌ن بۆ شه‌نگال، ئه‌و لێدوان و هه‌واڵانه‌ش كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن په‌كه‌كه‌ رێگره‌ له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی ئێزیدی بۆ شه‌نگال، دووره‌ له‌ راستیه‌وه‌. 


سه‌رحه‌د ڤارتۆ، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌جه‌كه‌ باڵی سیاسی په‌كه‌كه‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 14ی ئازاری 2019 له‌ لێدوانێكدا به‌دواڕۆژی وت: "ئێمه‌ وه‌ك ته‌ڤگه‌ری ئازادیخوزایی كه‌جه‌كه‌ و په‌كه‌كه‌ له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئاواره‌كانی ئێزدین بۆ شه‌نگال، چونكه‌ ئێزیدی واته‌ شه‌نگال، به‌بێ شه‌نگال ئێزدییه‌كان هیچ بوون و مانایه‌كیان نیه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وانین بۆ زێدی خۆیان". 

رونیشیكرده‌وه‌: گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان به‌ هه‌نگاوێكی گه‌وره‌و ئه‌رێنی ده‌بینین، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو خۆڕێكخستنه‌وه‌ی ئێزیدییه‌كان له‌ زێدی پێشوی نیشته‌جێبونی خۆیان كه‌ شه‌نگاله‌. 

ڤارتۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئه‌و لێدوان و هه‌واڵ و زانیارییانه‌ی لێره‌و له‌وێ باس ده‌كرێن گوایه‌ په‌كه‌كه‌ رێگره‌ له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێزدییه‌كان بۆ شه‌نگال دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌ و هیچ بنه‌مایه‌كی بۆ نیه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ پشتگریی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئێزدییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شه‌نگال. 

وتیشی: "ئێمه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ پێویسته‌ هه‌موو ئێزیدییه‌كان كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی داعش له‌ دهۆك و چه‌ند قه‌زایه‌كی دیكه‌ نیشته‌جێبونه‌، زه‌مین و ده‌رفه‌تیان بۆ بڕه‌خسێت و هاوكاری بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: به‌لای ئێمه‌وه‌ شه‌نگال و ئێزدیه‌كان گرنگن، بۆیه‌ ئێمه‌ نه‌ك ڕێگریی ناكه‌ین بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵكو داوا ده‌كه‌ین به‌ باشترین شێوه‌ ژیانیان خۆش و پارێزراوبێت. 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure