یەكێتی باسی جیاوازییەكانیان لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 14/03/2019‌ :: 1657‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال


وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: جیاوازییەكانیان لەگەڵ پارتی لەسەر پۆست و وەزارەتێك نییە، بەڵكو جیاوازییان لەسەر مەبادیئی سیاسییە و دەڵێت: "شەریكی راستەقینە بەو مانایەیە لەناوەندەكانی دروستكردنی بڕیار و سەرۆكایەتییەكاندا دەوری كاریگەرمان هەبێت".

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (ئەمڕۆ 14ی ئازاری 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند "راستییەكەی ئێمە دەمانەوێت بەیانی حكومەتی نوێی هەرێم پێكبێت، نەك تا كۆتایی ئەم مانگە، بەڵام ئەوە مەرجدارە بەوەی دانوستان بكرێت لەسەر ئەو مەسەلانەی جیاوازیمان لەسەری هەیە، مەسەلەكە لەناو خەڵكیشدا وا تەرویج كراوە كە یەكێتی هۆكارە، راستە ئێمە دەڵێین ئەگەر حكومەتێكی بەهێز و حكومەتی هاوڵاتیتان دەوێت، رێككەوتنی سیاسیمان هەیە و دەبێت رێكبكەوین كە چۆن شەراكەتی راستەقینە لەم حكومەتەدا بكەین".

ناوبراو روونیكردەوە "جیاوازییەكانمان لەگەڵ پارتی لەسەر پۆست و وەزارەتێك نییە، بەڵكو هەر كاتێك جیاوازییەكە گەیشتە ئەوە دەتوانین بەسەعاتێك چارەسەری بكەین ئەم پۆستە نا پۆستێكی دیكە، جیاوازی ئێمە لەسەر مەبادیئی سیاسییە، نەك هەر خۆمان، بەڵكو دەمانەوێت گۆڕان و ئەگەر كۆمەڵی ئیسلامیش بەشداربوو، شەریكی راستەقینە بن لەحكومەتی هەرێم".

وتیشی: "شەریكی راستەقینە بەو مانایەی لەناوەندەكانی دروستكردنی بڕیار و سەرۆكایەتییەكاندا دەوری كاریگەرمان هەبێت، جیاوازیمان لەسەر شەفافیەت و چۆنیەتی تەداخولی حیزب لە حكومەت هەیە، چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەكردار، بۆیە ئێمە جیاوازییەكانمان لەسەر پۆستێك نییە ئەوە بەشە ئاسانەكەیەتی، بەشە قورسەكەی مەسەلەی تێگەیشتنە لەشەراكەتی راستەقینە، نەوەك شەریكبوون".

سەبارەت بەوەی ئەوان وەكو یەكێتی پێیانوایە كە پارتی نایەوێت یەكێتی و گۆڕان و ئەگەر كۆمەڵیش لە حكومەت بەشداربوو "شەریكی راستەقینە" بن؟ وتەبێژی یەكێتی وتی: "قسەكە لەسەر ئەوە نییە كە بە دەم كێ دەیەوێت و كێ نایەوێت، كە دێتە سەر لایەنی كرداری، شەراكەتی راستەقینە مەفهومێكی راستەقینەی هەیە كە زۆر جیاوازە لەگەڵ شەریكیدا، شەراكەتی راستەقینە بەژمارەی وەزیرەكان ناپێورێت، بەچۆنیەتی كاریگەربوون لەدروستكردنی بڕیاردا لەم وڵاتە لەدروستكردنی سیاسەتی ئابووری، پەیوەندییەكان، بڕیاردان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی هاوسێ، لەسیاسەتی ئابوری و ئەمنی".

دەربارەی ئەوەش كە یەكێتی داوای جێگری سەرۆكی هەرێمیان كردووە لەكاتێكدا ئەو پۆستە بۆ گۆڕان یەكلایی بۆتەوە، لەتیف شێخ عومەر دەڵێت: "ئێمە باسی ئەوەمان كردووە كە دەبێت لەهەموو سەرۆكایەتییەكانی هەرێمدا لەدروستكردن و بەڕێوەبردنی بڕیاردا وجودمان هەبێت".

دەربارەی ئەوەی بەو قسانە بێت هەست ناكەن لەگەڵ پارتی جیاوازییەكان زۆرن و لەماوەیەكی كەمدا ناگەنە ئەنجام؟ وتەبێژی یەكێتی باسی لەوەكرد "دەبێت بگەینە ئەنجام، بەڵام دەبێت لەیەكتریش تێبگەین، لەدوا كۆبوونەوەشماندا باشبوو لەوەی لەیەكتر تێگەیشتین، مەیپێوە بەوەی لەمیدیا چی دەوترێت، بەڵكو بیپێوە بەوەی چۆن لەوێ پەیامەكانمان بەیەكتر گەیاند".

سەبارەت بەوەی یەكێتی كێشەی كاندیدی بۆ پۆستەكان هەیە، ناوبراو وتی: "لەڕاستیدا تائێستا لەگەڵ برایانی پارتی یەكلایی نەبوینەتەوەی لەوەی چ پۆستێك وەردەگرین تا كاندیدی بۆ ئامادە بكەین، پێشموانییە بۆ مەسەلەی كاندیدەكان كێشەمان هەبێت، بەڵام ئێستا كاتی كاندیدكردن نییە، بەڵكو كاتی بڕانەوەیە لەسەر بەشداریكردنمان لەحكومەت".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure