به‌نداوه‌كان له‌ پڕبوون نزیكبوونه‌ته‌وه‌.. به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با زیادده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 15/03/2019‌ :: 1296‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى سامان قوبادى

دواى ده‌یان ساڵ ئاستى ئاوى به‌نداوى دوكان و ده‌ربه‌ندیخان له‌ پڕبوون نزیكده‌بنه‌وه‌، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاره‌باى هه‌رێمیش ده‌ڵێت: "به‌ هه‌ردوو به‌نداوه‌كه‌ ئه‌مساڵ 7%ى كاره‌باى هه‌رێم دابینده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا پار 4%ى كاره‌بایان دابینكردووه‌، بۆیه‌ ئاستى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له‌مساڵدا زیاد ده‌بێت".

به‌هۆى ئه‌و بارانه‌ى له‌ماوه‌ى هه‌ردوو وه‌رزى پایز و زستان هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ى گرته‌وه‌، ئاستى ئاوى سه‌رزه‌وى و ژێر زه‌وى بوژانه‌وه‌ى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌.

ئاوى ده‌ریاچه‌ و به‌نداوه‌كان به‌جۆرێك زیادبوون كه‌ به‌ درێژایى چه‌ند ساڵى رابردوو نه‌گه‌یشتووه‌نه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى له‌سه‌ر زیادبوونى كاره‌با ده‌بێت له‌كاتێكدا دوو له‌ به‌نداوه‌ گه‌وره‌كانى هه‌رێم بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با سودیان لێوه‌رده‌گیرێت.

محه‌مه‌د تاهیر، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌نداوى دوكان بۆ دواڕۆژ باس له‌وه‌ ده‌كات: ئاستى ئاو 15 مه‌تر به‌ ستوونى ده‌ریاچه‌كه‌ زیادیكردوه‌، به‌مپێیه‌ ئاستى ده‌ریاچه‌كه‌ى گه‌یاندووه‌ته‌ 507 هه‌زار و 71 سه‌نتیمه‌تر له‌ رووى ئاستى ده‌ریاوه‌، ده‌ریاچه‌كه‌ش ده‌توانێت 7 ملیار مه‌تر سێجا ئاو گلبداته‌وه‌، له‌ئێستادا زیاتر له‌ 6 ملیار مه‌تر سێجا ئاوى تێدایه‌، هێشتا مانگى 3 و 4 و 5 ماوه‌ بۆ وه‌رزى گلدانه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مساڵ به‌نداوى دوكان به‌ته‌واوى پڕده‌بێت، هه‌موو ساڵێكش به‌رنامه‌ى پڕكردنى به‌نداوه‌كه‌ تا 31ى ئایار ده‌بێت، دواتر ئاوه‌كه‌ به‌رده‌ده‌ینه‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى به‌نداوه‌كه‌ وتیشى: "به‌راورد به‌ ساڵى رابردوو 7 مه‌تر ئاو زیادیكردووه‌، له‌ ساڵى 1987وه‌ كه‌ به‌هۆى باران بارینه‌وه‌ لافاوێكى گه‌وره‌ دروستبوو تائێستا كه‌ 30 ساڵه‌ باران به‌وشێوه‌یه‌ نه‌باریوه‌ و ئاوى ده‌ریاچه‌كه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌م ئاسته‌". 

ناوبراو باسى له‌وه‌شكرد: وێستگه‌ى كه‌هرۆئاوى دوكان 400 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت، له‌ئێستادا به‌رنامه‌ى به‌گه‌ڕخستن له‌ئاستێكدایه‌ ته‌نیا دوو یه‌كه‌ى كارۆئاوى ئیشده‌كه‌ن، له‌ هاویندا هه‌ر پێنج یه‌كه‌كه‌ كارى پێده‌كرێت و كاره‌باى زیاتر له‌ ساڵانى رابردوو ده‌درێت.

چه‌ندین ساڵه‌ بارانى هاوشێوه‌ى ئه‌مساڵ نه‌باریوه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندین لافاوى به‌دواى خۆیدا هێنا، ئێستاش هه‌ردوو به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان له‌ پڕبوون نزیكبوونه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌رنه‌درێنه‌وه‌ ئه‌وا سه‌رڕێژده‌بن و زیانى زۆریش باخى هاوڵاتییان ده‌گه‌یه‌نێت، پێشبینیده‌كرێت ئه‌مساڵ ئاستى به‌هۆى ئه‌و ئاوه‌ زۆره‌وه‌، پێدانى كاره‌با زیاتر بێت.

محه‌مه‌د ئه‌مین هه‌ورامى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاره‌باى هه‌رێم بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان له‌ئێستادا 224 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت، كۆى ئه‌و وزه‌ى كاره‌بایه‌ى ده‌توانێت به‌رهه‌مى بهێنێت 250 مێگاواته‌، دوكانیش ئێستا 118 مێگاوات كاره‌با ده‌دات، واته‌ به‌ هه‌ردوو به‌نداوه‌كه‌ 342 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنن، له‌ هه‌رێمى كوردستان زیاتر له‌ 3 هه‌زار مێگاوات كاره‌بامان پێویسته‌، به‌ هه‌ردوو به‌نداوه‌كه‌ 7%ى كاره‌بامان پێده‌ده‌ن له‌كاتێكدا پار 4% بووه‌".

وته‌بێژى وه‌زاره‌ت كاره‌با ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: به‌راورد به‌ ساڵى رابردوو ئه‌مساڵ به‌هۆى زیادبوونى ئاو كاره‌باى زیاتریان به‌رهه‌مهێناوه‌، ئاوى ده‌ربه‌ندیخان و دوكان سودى زۆریان  هه‌یه‌، ئه‌و كاره‌بایه‌ى به‌رهه‌مى ده‌هێنێت بۆ كاتى كێشه‌ له‌ بۆرییه‌كانى غاز به‌كارده‌هێنین.
 
محه‌مه‌د ئه‌مین هه‌ورامى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هه‌موو هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنى كاره‌با تۆڕێكى سه‌رانسه‌ریمان هه‌یه‌، له‌ دوكان پێشتر كێشه‌مان له‌ بزوێنه‌ره‌كاندا هه‌بووه‌، له‌ئێستادا هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى ده‌درێت، ته‌مه‌نى ئه‌م مه‌كینانه‌ زیاتر له‌ 40 ساڵ تێپه‌ڕیكردوه‌، بۆیه‌ كێشه‌ تێده‌كه‌وێت، كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت بزوێنه‌رى پێنجه‌میش چاكبكرێته‌وه‌.

به‌رهه‌مهێنانى یه‌ك مێگاوات، كاره‌باى 500 ماڵ دابینده‌كات، له‌ وه‌رزى هاویندا هه‌ردوو به‌نداوى دوكان و دربه‌ندیخان 650 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنن، به‌مپێیه‌ به‌كۆى مێگاواتى به‌رهه‌مهاتوو له‌ هه‌ردوو به‌نداوه‌كه‌ كاره‌باى 325 هه‌زار ماڵ دابینده‌كه‌ن.

هاوكات ره‌حمان خانى، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان بۆ دواڕۆژ وتى: "به‌راورد به‌ پارساڵ ئاستى ئاوى به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان 7 مه‌تر زیادیكردووه‌، نزیكه‌ى 9 مه‌ترى ترى ماوه‌ بۆ پڕبوون، به‌پێى ئه‌و پلانه‌ى هه‌مانه‌ ته‌نیا 7 مه‌ترى تر ئاو گلده‌ده‌ینه‌وه‌، هه‌ر سێ یه‌كه‌ى كارۆئاویه‌كه‌ له‌ كاردان، له‌ئێستادا 225 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنن".

به‌ڕێوه‌به‌رى به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان وتیشى: "ده‌یان ساڵه‌ وه‌كو ئه‌مساڵ باران نه‌باریوه‌، بۆیه‌ به‌نداوه‌كه‌ له‌ پڕبوون نزیك ده‌بێته‌وه‌، له‌كاتى ئاسایدا به‌نداوه‌كه‌ 250 مێگاوات به‌رهه‌مده‌هێنێت، تا ئاو زیاتر بێت كاره‌باى زیاتر ده‌درێت به‌ هاوڵاتییان".

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure