داعش له‌ قه‌ره‌ته‌په‌ دەردەكەوێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 201‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن


چه‌كدارانی داعش له‌ سنووری ژماره‌یه‌ك گوندی ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی سه‌ر بە قه‌زای خانه‌قین به‌ ئاشكرا جموجۆڵ ده‌كه‌ن و له‌ شه‌واندا به‌ ته‌واوه‌تی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر كۆنترۆڵیانه‌وه.

 

محه‌مه‌د عومه‌ر به‌رپرسی كۆمیته‌ی یه‌كێتی له‌ قه‌ره‌ته‌په‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ماوه‌یه‌كه‌ چه‌كدارانی داعش له‌ سنووری ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ ده‌ركه‌وتوونه‌ته‌وه‌ و له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌ دوو گوندی سنووره‌كه‌ش كۆبوونه‌وه‌یان به‌ هاوڵاتیانی ئه‌و دوو گونده‌ كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی هاوكارییان بكه‌ن.

وتیشی: "ئه‌و گوندانه‌ی چه‌كدارانی داعش تێیدا جموجۆڵده‌كه‌ن به‌ زۆریی ده‌كه‌ونه‌ نێوان قه‌ره‌ته‌په ‌و ده‌ریاچه‌ی حه‌مرینه‌وه‌ و به‌ تایبه‌تی له‌ شه‌واندا ناوچه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی كۆنترۆڵده‌كه‌ن و تاوه‌كو ئێستا چه‌ندینجار رێگرییان له‌ خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان كردووه‌ و زیانیان لێداون و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هیچ ڕۆڵێكیان نییه".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی باسیشی له‌وه‌كرد، هۆكاری ئه‌و جموجۆڵ و ده‌ركه‌وتنه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌ ناوچه‌كه‌ زیاتر په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ شه‌واندا جموجۆڵ ناكه‌ن و له‌ناو باره‌گا و ره‌بییه‌كانی خۆیان ده‌مێننه‌وه،‌ هه‌روه‌ها هێزێكی ئه‌وتۆشیان له‌ سنووری ئه‌و گوندانه‌ جێگیر نه‌كردووه‌.

دوێنێ به‌هۆی ته‌قاندنی گوله‌ هاوه‌نێكه‌وه‌ له‌ گوندی عه‌لی جومعه‌ بۆ ناو ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ پۆلیسێكی كورد كوژرا و پێنج كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون، ئه‌و گونده‌‌ی هاوه‌نه‌كەشی لێوه‌ ته‌قێندرا ده‌كه‌وێته‌ سنوری ئه‌و گوندانه‌ی داعش تێیدا جموجۆڵده‌كه‌ن.


پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure