هاتنى گەشتیارانی ئێران سودی ئابووری بۆ هەرێم نابێت

هەواڵ / ئابوری :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 665‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن


دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا،  لەجەژنی نەورۆز و لە دەروازە سنوورییەكاندا بۆ ماوەی 10 رۆژ، رسوماتى هاتن لە گەشتیارانی ئێرانی  وەرنەگرێت، كە بڕەكەی 25 هەزار دینارە، خاوەنی نوسینگەیەكی گەشتیاری ده‌ڵێت، ئەو بڕیارە سودی  بۆ ئابووری هەرێم نابێت.


عەتا كەریم، شارەزای بواری ئابووری و خاوەنی نووسینگەی گەشتیاریی لە پێنجوێن، بەدواڕۆژی راگەیاند: ئه‌و بڕیاره‌ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم كە لەرۆژی 15ی ئەم مانگەوە، بڕی 25 هەزار دینار وەك رسومات كە دەكاتە زیاتر لە 250 هەزار تمەن لەگەشتیارانی فارس و كوردانی رۆژهەڵات كە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن لەرێی دەروازە نێودەوڵەتی و سنووریەكانەوە وەرنەگیرێت، نابێتە هۆی بوژاندنەوەی بازاڕەكانی هەرێم بەو شێوەیەی كە باسی لێوەدەكرێت.

وتیشی: "دڵنیابن ئەو گەشتیارانەی كە لەوڵاتی ئێران و شارەكانی رۆژهەڵاتەوە دێن، نه‌ك هیچ سودێك بە هەرێم بگرە ناگه‌یه‌نن، به‌ڵكو دەبنە بارگرانی بەسەر خەڵكی هەرێمەوە، ئەوەش بەهۆی نزمی نرخی بەهای گۆڕینەوەی ‌دراوە كە هەیانە و ناتوانن هیچ سودێك به‌ ئابوری بگەیەنن".

ئاماژەی بەوەشكرد "پێویستە لەمەودوا كار ئاسانی زیاتر بۆ هاتنی گەشتیارانی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بكرێت بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوان سودیان زیاترە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تاڕادەیەك ئاستی ژیانیان باشترە.

روونیشیكردەوە "بەنموونە ئەگەر باسی نرخی دینار بكەین، گه‌شتیارانى عەرەب لەعێراق  مووچەیان باشترە و لەكاتی خۆیدا بەبێ پاشەكەوت پێشتر و ئێستا وەریانگرتووە، بەڵام گەشتیارێكی ۆۆژهەڵاتی ئەگەر بڕی ۱۰۰ دۆلاریش بكڕێت بۆ خەرجی گەشتەكەی دەبێت زیاتر لەیەك ملیۆن تمەن بدات، كە ئەوەش لەئێستادا بەهۆی  سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران زۆرە، ئەو پارەیە لەناوخۆی ئێراندا بەئاسانی بۆ گەشتیاران پەیدا ناكرێت".

پ:س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure