به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى سلێمانى: ئێمە نەبین تاوانی گەورەتر روودەدات

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 7781‌ جار بینراوە
حەسەن نوری

دواڕۆژ، سامان قوبادی


لیوا حەسەن نوری بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا دەڵێت: "سەرۆكی ئەو باندەی پارەی نەخۆشخانەی شاریان بردبوو، ساڵی رابردوو دوو رۆژ دوای ئازادكردنی، تاوانی ئەنجامداوە، باس لەوەشدەكات، ئەگەر ئێمە نەبین تاوانی زۆر لەوە گەورەتر ئەنجامدەدرێت.

دواڕۆژ: دوای بردنی پارەی نەخۆشانەی شار لەلایەن باندەكەوە، بەچی شێوەیەك پلانەكەتان جێبەجێكرد، چۆن دەستگیرتان كردن؟

حەسەن نوری: لەگەڵ پۆلیس و دژەتیرۆر و ئاژانسی پاراستن و زانیاری دوای بردنی پارەكە، ژوورێكی عەمەلیاتمان پێكهێنا، هەڤاڵانی دژەتیرۆر زانیارییان هەبوو كە ئۆتۆمبیلێكی هاوشێوە كە پارەكەی پێ براوە، لەلایەن باندێكەوە كڕدراوە، دوای دەستكەوتنی سەرەداوەكان، سەرۆكی باندەكە یەكەم كەس بوو كە شەوەكەی كاتژمێر 9 لە بازگەی ئاسایشی قەشقۆڵی لە دوكان دەستگیركرا، بە ئۆتۆمبیلێكی جۆری bmw  كە دەمانچەیەكیشی پێبوو ویستبووی هەڵبێت.

دواڕۆژ: ئەندامانی تری باندەكە چۆن دەستگیر كران؟
حەسەن نوری: دوای دانپێدانان لەلایەن سەرۆكی باندەكەوە بەرەبەیانی رۆژی دواتر هەموو ئەندامانی باندەكە دەستگیركران، كە هەریەكەیان لە گەڕەكێكی ئەم شارە بوون، پارەكەش لە كاتژمێر 3:30 خولەكی بەرەبەیان دۆزرایەوە، بواریان نەبوو دابەشی بكەن یان بیگوازنەوە لەبەرئەوەی بازگەیەكی زۆرمان لەناو شاردا دانا بۆ ئەوەی جموجوڵیان سڕ بكەین.

دواڕۆژ: ئایا بردنی پارەی نەخۆشخانەی شار پلان بۆ داڕێژراو بووە؟
حەسەن نوری: پلانی تۆكمەی بۆ دارێژرابوو، چونكە شارەزاییان هەیە بەتایبەت سەرۆكی باندەكە، پلانەكەش زۆر تۆكمە بووە.

دواڕۆژ: باس لەوە دەكرێت ئەم باندە خەڵكی باڵادەستیان لە پشتەوەیە، راستە؟
حەسەن نوری: كەسیان لەپشتەوە نییە، ئەم حەوت كەسە، چواریان لەوانەن پێشتر چەندین تاوانیان ئەنجامداوە و چەند ساڵێك بەند كراون، تاوانی كوشتن و دزین و تەقەكردنیان لە خەڵك كردووە، لەو كەسانەن كە خیبرەیان پەیدا كردووە لەم كارانە.

دواڕۆژ: هەر ئەم كەسانە بە لێبوردنی گشتی ئازاد كراون، كەواتە بۆچی دوای ئەوەی بەر لێبوردن كەوتوون چاودێری نەكراون؟
حەسەن نوری: لە یاسادا ئەوەی خەڵكی لێ دەكوژرێت كاتێك سوڵح دەكەن لێبوردن دەیانگرێتەوە، پێویستە حكومەت لێبوردن دەربكات بۆ خەڵك، بەڵام دەبێت حكومەت توێژەرە كۆمەڵایەتییەكانی چالاكتر و بەهێز تر بكات، بەبەرنامە كار لەسەر ئەم جۆرە كەسانە بكەن كە دەگیرێن، دەبێت چاكسازییان تێدا بكرێت و پەروەردە بكرێن، بۆیە پێویستە توێژەرە كۆمەڵایەتییەكان كار لەسەر ئەم كەسانە بكەن تا ئاسەواری تاوانەكانیان بسڕنەوە. كاتێك بە لێبوردن ئازاد دەكرێن، لە مانگێكدا چەند وانەیەك وەربگرن و چاودێری بكرێن، كە ئەمانە ناكرێت،  یەكسەر دوای بەربوونیان دەست بە تاوان دەكەنەوە، ساڵی پار سەرۆكی ئەم باندە پێشتر ماوەی زیندانی خۆی تەواو كردووە دوو رۆژ دوای بەربوونی لەگەڵ برایەكی تەقەیان لە یانەكانی خواردنەوە كردووە لە سلێمانی.

دواڕۆژ: بردنی پارەی نەخۆشخانەی شار پێویستە پۆلیس لێكۆڵینەوەی لەسەر بكات، بەڵام بۆچی دژەتیرۆر بەشدار بوو؟
حەسەن نوری: ئەوانیش وەكو هێزێكی فەرمی كە بانكی زانیارییان هەیە، هاوكاریمان دەكەن و ئەركی خۆیان جێبەجێدەكەن، ئەوەش حاڵەتێكی زۆر ئاساییە.

دواڕۆژ: دوای ئەم تاوانە پلانی دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی چۆن دەبێت بۆئەوەی دووبارە نەبێتەوە؟
حەسەن نوری: هەمیشە لە پلان و جێبەجێكردنی ئەركداین، بەردەوام زانیاری كۆدەكەینەوە، داوامانكردووە لە بەڕێوەبەری بانك و فەرمانگەكان، لێرەشەوە بە پارێزگاری سلێمانی دەڵێین هەركاتێك لیژنەی فەرمانگەكان چوون بۆ وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەران ئێمە یان پۆلیس ئاگادار بكەنەوە بۆ ئەوەی پارێزگارییان لێ بكەین.

دواڕۆژ: لەسەرەتای رووداوەكەوە هێرشێكی میدیایی كرایە سەر دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی، وەڵامتان چییە؟
حەسەن نوری: كارێكی شیاو نەبوو، زەرەر لە پڕۆسەكان دەدات، زیانە بۆ دەزگا ئەمنییەكان و هاوڵاتییان، ناكرێت هەواڵی بێ بنەما بڵاوبكرێتەوە كە كاریگەریی خراپی دەبێت، هەركەسێك ئەمە بكات و پێش رووداو بكەوێت وەكو بڵاوكردنەوەی ژەهر وایە، وا باس دەكرا ئەم كارە خەڵكی لەپشتەوەیە كە زۆر بێبنەما بوو.

دواڕۆژ: زۆربەی ئەم تاوانانە بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا(علوج) ئەنجامدەدرێت، بۆچی لەكاتی فرۆشتنیان لای ئێوە بەڵێننامەیان پێ پڕ ناكەنەوە؟
حەسەن نوری: ئەمە كارەساتە هەرە گەورەكەیە، بە سەدان ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا هەیە و لەنێوان شارەكاندا هاتوچۆ دەكەن، رۆژانە دەستیان بەسەردا دەگرین و رووبەڕووی هاتوچۆی سلێمانییان دەكەینەوە، پێویستە وەزارەتی ناوخۆ ئەمە رێكبخات یان پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدات و یاسایی بۆ دەربكات بۆ ئەوەی جێبەجێیبكەین، لە غیابی یاسا و پەرلەماندا باجی ئەم كارانە دەدەین، با یاسایەكمان بۆ دەربكەن كۆنتڕۆڵی دەكەین.

دواڕۆژ: لەگەڵ دروستبوونی ئەم ڕووداوە دڵەراوكێ لەناو سلێمانیدا بڵاو بووەتەوە، دڵنیاییتان چییە بۆ هاوڵاتییان؟
حەسەن نوری: دڵنیای خەڵك دەكەینەوە كە شار ئارامە و هیچ كێشەیەكی نییە، ئەم تاوانە ئاساییە و روودەدات، گرنگ ئەوەیە دەزگا ئەمنییەكان هاوكار و هەماهەنگ بین بۆ ئەوەی رێگە نەدەین تاوان بكرێت، ئەگەر روویدا بە زووترین كات بیاندۆزینەوە.

دواڕۆژ: خەمساردی لەكاتی گواستنەوەی پارە بە فەردە لەلایەن فەرمانگەكانەوە، هاوكات نەبوونی سیستمێكی بانكی پێشكەوتوو بۆ پێدانی مووچە، مەترسی زیاتر كردووە؟
حەسەن نوری: لە بانكەكان بەفەردە پارە دابەشدەكەن "ئەلێی عەلوەكەیە" پێویستە بەڕێوەبەری بانكەكان سیستمێكی پێشكەوتوو بدۆزنەوە بۆ دابەشكردنی پارە، هەر فەرمانبەرێك بە ژمارە حسابێكی خۆی لە بانكێك مووچەكەی وەربگرێت، پێویست بەوە ناكات فەردە پارە بهێنرێتە دەرەوە لە بانك، بێگومان ئەمنیەتی دەكەوێتە مەترسییەوە، ئەگەر ئێمە  لەم شارە نەبین تاوانی زۆر لەوە گەورە تر روودەدات.

دواڕۆژ: زۆربەی بانكەكان لە شوێنی نیشتەجێبوون یان نەگونجاودان، ئایا مەترسی هەیە بۆ سەر بانكەكان؟
حەسەن نوری: بەڵی مەترسی هەیە، چونكە شوێنیان نەگوجاوە، سیستمی مامەڵەكردنی بانكەكان بەم شێوەیەی ئێستا دواكەوتوو و هەڵەیە،  رۆژانە فەردە پارە بە ئاشكرا و بە نهێنی لە بازاڕدا دەگوازرێنەوە و لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە پارێزگارییان لێدەكرێت، كە بە مەلایین دۆلار دەخەمڵێنرێن.

دواڕۆژ: پەیوەندیتان لەگەڵ پۆلیس چۆنە، بەتایبەت كە خەڵك بە دوو چاوی جیاواز سەیرتان دەكات؟
حەسەن نوری: هەماهەنگیمان هەیە، زۆرجار ئەو تاوانبارانەی تایبەتن بە پۆلیس ئێمە دەستگیریان دەكەین، دوای لێكۆڵینەوە رادەستی پۆلیسیان دەكەینەوە، جاری وا هەیە پۆلیس هەندێك كەس دەستگیر دەكەن و رادەستی ئێمەی دەكەن.

دواڕۆژ: كامانە ئەو كارانەن كە تایبەتن بە ئاسایش؟
حەسەن نوری: تیرۆر، سیخوڕی، مادەی هۆشبەر، شوێنەوار، جگە لەوە تاوانی گەورە و پاراستنی ئەمنیەت و بەنداو و شوێنە هەستیارەكان ئەركی ئێمەیە.

دواڕۆژ: كارمەندانی ئاسایش كە لە ساڵی 1991 وە خزمەتیان هەیە كەی زەوی و شوقەیان پێ دەدرێت؟

حەسەن نوری: بەپێی خاڵە، بەداخەوە راگیراوە پێویستە كارمەندانی ئاسایش و پۆلیس زەوی و شوقەیان پێ بدرێت، ئەوانیش ژیانی خۆیان تەئمین بكەن، داوا دەكەین پێیان بدرێت.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure