ڤیدیۆ: هێزێكی دژە تیرۆر له‌ باغۆز شه‌ڕ ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 14/03/2019‌ :: 14067‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك


پێش چه‌ند رۆژێك‌ هێزێكی دەزگای ئاژانس و پاراستنی زانیاری/ زانیاری (دژە تیرۆر) له‌ باشوری كوردستان چووەتە رۆژئاوای كوردستان و له‌ دوو رۆژی رابردوودا شانبه‌شانی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ و هاوپه‌یمانان دژ به‌ داعش له‌ باغۆز شه‌ڕ ده‌كات.

 

شیار ئازاد له‌ ناوه‌ندی راگه‌یاندنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات بۆ دواڕۆژ وتی: "ئه‌و هێزه‌ پێش هه‌فته‌یەك گه‌یشته‌ رۆژئاوای كوردستان، سه‌ره‌تا سه‌ردانی شاری  كۆبانێیان كرد و ئێستا له‌ باغۆزن دژی داعش شه‌ڕده‌كه‌ن".

 

ناوبرا وتی: "ئه‌و هێزە نزیكه‌ی 15 كه‌سن، هێزێكی تایبه‌تن سه‌ر به‌ دەزگای ئاژانس و پاراستنی زانیاری/ زانیاری (دژە تیرۆر) و له‌ سلێمانیه‌وه‌ هاتوون".

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئه‌و هێزه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌شدار ده‌بێت له‌ مه‌راسیمی راگه‌یاندنی كۆتایهاتنی داعش كه‌ پێده‌چێت كه‌متر له‌ هه‌فته‌یەك هه‌سه‌ده‌ له‌ باغۆز رایبگه‌یەنێت.

 

شیار باسی له‌وه‌شكرد:  له‌‌ كاتی هێرشی داعش بۆ سه‌ر شاری كۆبانێ رۆژئاوای كوردستان هێزه‌كانی دەزگای ئاژانس و پاراستنی زانیاری/ زانیاری (دژە تیرۆر)ن ئه‌و كاته‌ش هاوكاری هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ و شه‌ڕڤانانیان كردبوو.

 

سه‌باره‌ت چوونی ئه‌و هێزه‌ی پێشمه‌رگه‌ی دژه‌ تیرۆر بۆ باغۆز، مامۆستا خالد، به‌رپرسی دۆسیه‌ی رۆژئاوای كوردستان له‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نشتیمانی كوردستان بۆ دواڕۆژ وتی: "ئه‌وان هیچ زانیاریەك له‌سه‌ر چوونی ئه‌و هێزه‌ بۆ رۆژئاوای كوردستان نازانن‌".

 

باغۆز دوایین ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی رووباری فوراته له‌ سوریا كه‌‌ چه‌كداره‌كانی داعشی تێدا مابن، سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ مه‌زلۆم كۆبانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات رایگه‌یاندبوو: لە ماوه‌یەكی نزیكدا، هه‌سه‌ده‌ به‌ ئاماده‌بوونی هاوپه‌یمانه‌كانی، كۆتایهاتنی داعش بۆ جیهان راده‌گه‌یەنێت. 

پ:ئەڤین
 
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure