لەدەڤەرێكی هەرێم مەترسی ڕوودانی لافاو دەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 15/03/2019‌ :: 13310‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 

بەهۆی بارانبارینێكی بە خوڕ لە دەڤەرەكەدا بەرگری شارستانی سۆران دەڵێت: "پێشبینی مەترسی دروستبوونی لافاو دەكرێت، قایمقامی قەزاكەش داوا لە هاوڵاتیان دەكات كە ئەگەر كارێكی زۆر پێویستیان نەبێت گەشت و هاتوچۆ نەكەن، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی سۆرانیش دەڵێت: "مەودای بینین لە ڕێگەی هاتوچۆ چەند شوێنێك كەمدەبێتەوە و مەترسی هاتنە خوارەوەی بەردی بچوك و گەورەش دەكرێت بۆ سەر ڕێگە سەرەكییەكان". 


رائید بەیار باڵەكی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران بەدواڕۆژی وت: "لە پاش نیوەڕۆی دوێنێوە شەپۆلێكی بارانبارینی بەخوڕ تەواوی دەڤەری سۆرانی گرتۆتەوە، بەهۆی هاتنی ئەو شەپۆلە باران بارینەش لە هەندێك ناوچەی دەڤەری سۆران و باڵەكایەتی پێشبینی و مەترسی دروستبوونی لافاو دەكرێت، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەكەین وشیار و ئاگادار بن. 

ئەو بەرپرسەی بەرگری شارستانی سۆران لە ڕێگەی دواڕۆژەوە داوا لە هاوڵاتیان دەكات كە لە ئەگەری دروستبوون و ڕوودانی لافاو پەیوەندی بەو دوو ژمارە تەلەفۆنەوە بكەن 07507925844-07813902732 بۆ ئەوەی تیمەكان بە خێرایی بگەنە شوێنی مەبەست و نەهێڵن هاوڵاتیان زیانیان پێبگات. 

لەلایەكی دیكەوەو هەر پەیوەست بەشەپۆلی بارانبارین، كرمانج عیزەت قایمقامی قەزای سۆران بەدواڕۆژی وت: "دوینێ ئێوارە لە سۆران و دەوروبەری سۆران باران زۆر بەخوڕ دەبارێ، بۆیە لەهاتوچۆ و گەشت و سەفەر لە سۆران و دەوروبەری بۆ كاری پێویست نەبێت با هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن و گەشت و هاتوچۆ نەكەن، ئەمەش لە پێناو پاراستنی گیانیان". 

لەلایەكی دیكەوە رائید دلاوەر لەتیف وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی سۆران بەدواڕۆژی وت: "هەمیشە لەكاتی بارانبارینی بەخوڕ، بەردی گەورە لە شاخەكان دێنە سەر ڕێگای سەرەكی بە تایبەت ڕێگای نێوان سۆران- چۆمان، سۆران- بێخاڵ و گەلی عەلی بەگ، هەروەها ڕێگاكانی ئەو دەڤەرە ئەستەم دەبن و مەودای بنین كەمدەبێتەوە، بۆیە داوا لە شوفێران و هاوڵاتیان دەكەین بە وریایی و وشیارییەوە مامەڵە بكەن و خێرایی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەكانیان كەم بكەنەوە". 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure