چیرۆکی ئەو ژنەی لە رووباری گوندەکەیان خنکا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 4 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 3798‌ جار بینراوە
وێنەی ئەستی حەمەد

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا

ماوەی چەند مانگێک بوو بە بەردەوامیی چاودێرییان دەکرد و بە وردی ئاگاداری دەبوون، چونکە تووشی نەخۆشی پوکانەوەی مێشک و لەبیرچوونەوە بوو، بەڵام لە کۆتاییدا لە دوانیوەڕۆیەکدا لە ماڵەکەی چووەدەرەوە، دواتر تەرمەکەی لە رووباری گوندەکەی دۆزرایەوە.

 

ئەمە چیرۆکی خنکانی (ئەستی حەمەد)ی تەمەن 72 ساڵانە، کە رۆژێكی ئەم مانگە (ئازاری 2019) لە رووباری گوندی (بارەپان)ی ناحیەی ژاراوەی قەزای پشدەر دوای ئەوەی دەکەوێتە ناو رووباری ئەو گوندە پاش ماوەیەکی کەم لە رووداوەکە تەرمەکەی دەدۆزرێتەوە.

 

"(ئەستی) كە دەرمانی چارەسەری نەخۆشییەکەی دەخوارد، لە جوڵە دەکەوت و گەر نەشی دەخوارد زیاتر تووشی لە بیرچوونەوە دەبوو".

ئەمیر حاجی یەکێکە لە کوڕەکانی (ئەستی حەمەد) و لە باسی چیرۆکی ژیانی دایکی بۆ دواڕۆژ وتی: "بەر لە تووشبوون بە نەخۆشییەکەی، دایکی ئافرەتێکی لەش ساغ و تەندروستبووە و هیچ گرفتێکی خێزانیشی نەبوو، ماوەی کەمتر لە ساڵێکبوو دایکیان تووشی نەخۆشی پووکانەوەی مێشک بوو، بۆیە دایکیان بردووە بۆ سەردانی پزیشکێکی پسپۆڕ، پزیشکەکە کۆمەڵێک دەرمانی وەک چارەسەر بۆ دایکی نوسیوە، بەڵام ئەو کاتەی دایکی دەرمانەکانی بەکارهێناوە بەهۆی کاریگەری ئەو دەرمانانە نەیدەتوانی بە تەواوی بجوڵێت و جوڵەی لە دەست دەدا و ئەگەر بەکاریشی نەهێنایە زیاتر تووشی لەبیرچوونەوە دەبوو".

ئەمیر باسی لەوەشکرد: بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە هەم باوکی و هەمیش خوشک و براکانی زۆر چاودێرییان دەکرد، باوکی زۆر کات دەرگای حەوشەی ماڵەکەیانی دادەخست نەوەکو دایکیان بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە بچێتە دەرەوە ون ببێت یاخود زیانی پێ بگات.


(ئەستی) چۆن خنکا؟

 

رۆژی رووداوەکە دایکی لە ماڵی ئەو بووە لە ناحیەی ژاراوە، برا بچوکەکەی هاتووە بە دوایدا و بردویەتیەوە بۆ ماڵی خۆیان لە گوندی بارەپان، نیوەڕۆی ئەو رۆژە دایکیان لەگەڵ باوکیان و کوڕ و کچەکانی و بوکەکەی نانی نیوەڕۆیان خواردووە دۆخی دەرونی تا رادەیەک باش بووە، بەڵام دوای نیوەڕۆ باوکی و براکەی بە کاری تایبەت لە ماڵ چونەتە دەرەوە، خوشک و براژنەکەی لە ماڵەوە دەبن ئەوان سەرقاڵی کاری ناوماڵ دەبن، بۆیە دایکیان دەچێتە دەرەوە و دیار نامێێت.

 

ئەمیر روونیشیکردەوە: دوای نیو کاتژمێر لە دیار نەمانی دایکیان خزمێکی ئەوان لەو کاتەی سەرقاڵی شۆرینی تراکتۆرەکەی دەبێت لەسەر ڕووبارەکە لە نزیک گوندەکەیان، دەبینێت تەرمێک لەناو رووبارەکەیە، دواتر تەرمەکە دەردەهێنێتەوە و خەڵکی گوند ئاگادار دەکاتەوە و بەپەلە دەیگەیەنن بە نەخۆشخانەی قەڵادزێ و لە نەخۆشخانەش پێیان راگەیاندوون کە دایکیان بەهۆی خنکانەوە گیانی لە دەستداوە.

 

ئەمیر پێیوایە دایکی بۆیە خنکاوە رەنگە ویسبێتی لە رووبارەکە بپەڕێتەوە بۆ گوندی خەندەکە کە بەرامبەر گوندی بارەپانە و ماڵی باوک و براکانی لەو گوندەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەخۆشییەکە جەستە و مێشکی لاواز کردبوو، نەیتوانیوە لە ئاوەکە بپەڕێتەوە و بەو هۆیەوە خنکاوە هەرچەنده ‌ئاستی ئاوی رووبارەکە بەو رادە قوڵ نییە، کە مرۆڤی گەورە تێیدا بخنکێت.

 

" پۆلسی راپەڕین: ڕووداوەکە تاوانکاری نییە "

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند: دوای ڕووداوی خنکانی ئەو ئافرەتە، لە پزیشکی دادەوەری توێکاری بۆ تەرمەکەی کراوە و دەرکەوتووە رووداوەکە بە ئەنقەست یا روداوێکی تاوانکاری نەبووە، بەڵکو رووداوی ئاسایی بووە، هاوکات هیچ کەسێکیش لە سەر رووداوەکە دەستگیر نەکراوە.

 

وتەبێژەکەی پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستەڕوو :"وتەی کەسوکاری قوربانییەکە وەرگیراوە کە ماوەیەکە باری دەروونی جێگیر نەبووە، بۆیە کەسوکارەکەشی گومانیان لە رووداوەکە نەبووە و هیچ داوایەکیشیان تۆمار نەکردووە، بەڵام پۆلیس دۆسیەی بۆ رووداوەکە کردۆتەوە".

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure