عەدنان عەفرینی: دوای ئۆپراسیۆنی باغۆز چارەنووسی چه‌كدارانى داعش دیاردەکرێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 14/03/2019‌ :: 251‌ جار بینراوە
عەدنان عەفرینی

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی

ئەو چەکدارانەی لە باغۆز خۆیان رادەستی شەڕڤانان کردووە خاوەن رەگەزنامەی جۆراوجۆرن، وه‌ك ئه‌وه‌ى عەدنان عەفرینی، فەرماندەی باڵای ھەسەدە له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا رایده‌گه‌یه‌نێت و دەشڵێت: "دوای کۆتایھاتی ئۆپراسیۆنی باغۆز چارەنووسی ئەو چەکدارانە دیاردەکرێت".

دواڕۆژ: پێشڕەوییەکانی شەرڤانانی ھەسەدە لە باغۆز لە چ ئاستێکدایە چ گۆڕانکارییەک لە بەرەکانی شەڕ دروستبووە؟ 

عەدنان عەفرینی: چوار رۆژە شەڕ و پێکدادانی سەخت لەنێوان شەڕڤانانی ھەسەدە و چەکدارانی داعش له‌ گوندی باغۆز بەردەوامە، مۆڕاڵی شەڕڤانان زۆر بەرزە و ھەندێک بریندارمان ھەبوو، بەڵام برینەکانیان سوکن.

دواڕۆژ: لەئێستادا چەکدارانی داعش لە بەرەکانی شەڕ لە گوندی باغۆز بەرگری دەکەن یان خۆڕاده‌ستده‌كه‌ن؟
عەدنان عەفرینی
: چەکدارانی داعش شەڕی بەرگری دەکەن، بەڵام شەڕڤانانی ھەسەدە بە ھەموو جۆرە چەکێک ھێرشدەکەن و لە پێشڕەویدان و کوژراو برینداری زۆریان لێکەوتووتەوە لە بەرەکانی شەڕ، چەندین کۆگای چەک و تەقەمەنیشیان خاپورکراون و تەقێنراونەتەوە.

دواڕۆژ: لە باغۆز داعش چەک و تەقەمەنی لە دەستی چەکدارەکانیاندا ماون؟
عەدنان عەفرینی:
شەڕ و پێکدادان لە باغۆز بەردەوامە و چەکدارانی داعش چەکی جۆراوجۆر بەکاردێنن و وەڵامی ھێرشەکانی شەڕڤانان دەدەنەوە.

دواڕۆژ: ئەو خەڵکەی تائێستا لە دەستی داعشدا ماون ژمارەیان چەندە؟
عەدنان عەفرینی:
رۆژى سێشه‌ممه‌ زیاتر لە دوو ھەزار چەکداری داعش لەگەڵ خێزانەکانیان خۆیان رادەستی ھەسەدە کرد، ھەموشیان شەڕکەربوون، لەئێستادا بە تەواوی دیارنیە چەند کەسى مەدەنی لەناو باغۆزدا ماون لەبەرئەوەی شەڕ لەوێ بەردەوامە.

دواڕۆژ: ئەو چەکدارانەی خۆیان رادەستی ھەسەدە کردووە ئێستا لە کوێن؟
عەدنان عەفرینی:
تائێستا ھیچ گفتوگۆیەک لەسەر ئەو چەکدارانەی خۆیان رادەستی ھەسەدە کردووە نەکراوە و دوای کۆتایھاتنی ئۆپراسیونی شەڕڤانانی ھەسەدە لە باغۆز و کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو شوێنانەی ژێردەسھەڵاتی ئەوان چارەنوسیان دیاردەکرێت ئایا دۆسیەیه‌ک لەسەریان دەکرێتەوە، چیان لێدەکرێت، دادگایی دەکرێن یان رەوانەی وڵاتەکانیان دەکەنەوە، ئەو مەسەلەیە وەک خۆی ماوەتەوە و تائێستا باسى لە سەرنەکراوە.

دواڕۆژ: رەگەزنامەی ئەو چەکدارانەی خۆیان رادەستکردووە ئاشکرابووە ئایا خەڵکی کوێن و لەکوێ ھاتوون چوونەتە ناو ئەو رێکخراوە تیرۆریستیە؟
عەدنان عەفرینی:
ئەو چەکدارانەی خۆیان رادەستی شەڕڤانان کردووە خاوەن رەگەزنامەی جۆراوجۆرن، ژمارەیەکیان چەکداری بیانین ئێستا بەتەواوی ناتوانین بڵێین خەڵکی کام وڵات بوون لەبەرئەوەی زۆربەیان بیانیبوون.

دواڕۆژ: ئەو چەکدارانە رەوانەی عێراق دەکرێن یان ده‌درێنه‌ دەستی ھاوپەیمانان؟
عەدنان عەفرینی:
مژاری ئەو چەکدارانەی خۆیان رادەستی ھەسەدە کردووە گرێدراوی فەرمانداری گشتی خۆسەری دیموکراتیکە، ئەوان لەسەر ئەو مژارە کاردەکەن، وەکو ھەسەدە لەلایەک شەڕ و لەلایەکی تر وەرگرتنی ئەو چەکدارانە و دواتر رەوانەی شوێنی تایبەت دەکرێن، لەناو کەمپەکاندا جێگیردەکرێن و ئەوانەی چەکیان لەگەڵدایە دەبرێنە شوێنی تایبەت و ئەگەر رادەستکردن ھەبێت بۆ وڵاتەکانیان ئەو بابەتە گرێدراوی فەرمانداری خوسەری دیموکراتیکە.

دواڕۆژ: ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی لە ئۆپراسیۆنی باغۆز خۆیان رادەستی شەڕڤانان کردووە خەڵکی مەدەنیبوون لەناویاندا کوردیش ھەبووە، تائێستا چەند کەس رزگارکراون؟
عەدنان عەفرینی:
ژمارەیەکی زۆری خەڵکی مەدەنی رزگارکراون، رۆژى چوارشه‌ممه‌ش سێ ژن و چوار منداڵی تری ئێزدی لە دەستی چەکدارانی داعش رزگارکراون و ھەموویان گوازراوەنەتەوە بۆ ماڵی ئێزدییەکان.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure