دواڕۆژ میكانیزمی دیاریكردنی كاندیده‌كانی گۆڕان بۆ پۆسته‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 954‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

وابڕیاره‌ له‌ هه‌فته‌ى داهاتوودا جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى رێكخه‌رى گشتیى ئه‌و حزبه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، پرسى دیاریكردنى كاندیدان بۆ پۆسته‌ حكومییه‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه‌.

ڕۆژى 18ى شوبات، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان رێككه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتی كوردستان واژۆكرد، له‌ئێستاشدا ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ چاوه‌ڕێى دانیشتنى جڤاتى نیشتمانى ده‌كات به‌مه‌به‌ستى یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى كاندیدان بۆ پۆسته‌ حكومییه‌كان له‌ كابینه‌ى داهاتوودا.

به‌پێى رێككه‌وتنى نێوان بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و پارتى له‌ كابینه‌ى داهاتوودا ئه‌و حیزبه‌ 68 پۆستى حكومه‌تى به‌رده‌كه‌وێت، له‌ نێویاندا پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و چوار وه‌زاره‌تى خزمه‌تگوزارى و سیادى.

دواڕۆژ زانیویه‌تى وابڕیاربوو ڕۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو جڤاتى نیشتمانى له‌باره‌ى ئالیه‌تى چۆنیه‌تى یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى پۆسته‌ حكومییه‌كان گۆڕان كۆببێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆى سه‌فه‌ركردنى رێكخه‌رى گشتی بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات و وه‌فاتى ئه‌ندامێكى جڤاتى نیشتمانى ئه‌و حیزبه‌، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌فته‌ى داهاتوو دواخراوه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانی دواڕۆژ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى كاندیدی پۆسته‌ باڵاكان و پۆستى وه‌زاره‌ته‌كان، ئه‌و پرسه‌ به‌ ده‌نگدانى جڤاتى نیشتمانى ده‌بێت و پۆسته‌كانى دیكه‌ش له‌ لایه‌ن لیژنه‌ى تایبه‌ت كه‌ پێكهاتوون له‌ دوو ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌راندن و نوێنه‌رى پارێزگاكانى هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌.

هێمن شێخانى، ئه‌ندامى جڤانى نیشتمانى گۆڕان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: داواكارى پێشكه‌شكردن بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ مه‌كۆكان و پێوه‌ره‌كانى ئه‌مجاره‌ جیاوازتر ده‌بن له‌ رابردوو، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌مجار ده‌نێردرێنه‌ ناو حكومه‌ت به‌ر له‌ هه‌موو شت ده‌بێت جێگاى متمانه‌بن و دڵسۆزى و لێهاتوویش خاڵبه‌ندى بۆ داده‌نرێت.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ كابینه‌ى رابردوو ئه‌زموونى هه‌یه‌ له‌ دیاركردنى كاندید، له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ش پێوه‌ره‌كانى ئه‌مجاره‌یان قورستر و زیاترن و نایانه‌وێت هیچ كه‌س بچێته‌ حكومه‌ت و دواتر گۆڕان به‌جێبهێلێت.

وتیشى: "چاوه‌رێى كۆبوونه‌وه‌ى جڤات ده‌كه‌ین تاوه‌كو رێككه‌وتن بكرێت له‌سه‌ر ئالیه‌ته‌كانى دیاریكردنى كاندیده‌كان بۆ پۆسته‌كان".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure