نینا دواى 5 ساڵ ململانێ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا كۆچی دوایی كرد

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 18775‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

ناهید ئەحمەدی ناسراو بە (نینا ئه‌حمه‌دی) کچە رۆژنامەنوس و چالاکوانی کورد کە هاوکات ئەندامی کەنەکەش بوو، دوای نزیکەی پێنج ساڵ ململانێ له‌گه‌ڵ نەخۆشی شێرپەنجە، دواجار نەخۆشییەکە شەوی رابردوو کۆتایی بە ژیانی هێنا.


لە دوا پەیامیدا نینا ئەحمەدی کە لەچەند رۆژی رابردووى بەر لەمردنيدا بڵاویکردووه‌تەوە ده‌ڵێت: "سڵاو و رێز دەنێرم، من نەخۆشم، بەڵام ورەم بەرزە، چونکە هیوا و باوەڕم هەیە، باوەڕم بە رێبەرایەتی هەیە، باوەڕم بەوانە هەیە کە ساڵانێکە بۆ بیر و رامانی ئۆجالان بەرخودان دەکەن، هەموویان بە دڵ و گیان ماچ دەکەم".

لەبارەی ژیان و خەباتی ئەو ژنە رۆژنامەنوس و چالاکوانە، جەلال چوارتایی هاوڕێی نزیکی نینا بۆ دواڕۆژ، دەڵێت: "نینا خەڵکی شاری سنەی رۆژهەلاتی کوردستان بوو، سەرەتای خەباتی سیاسی لە نێو ڕیزەکانی (کۆمەڵە)دا دەستپێکرد، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا پەیوەندی بە شۆڕشی رزگاریخوازی کوردستانەوە کردووه‌ و بووه‌ته‌ بەرپرسی رێکخستنەکانی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان (پ.چ.د.ک) لە وڵاتی نەمسا و هاوکات ئەندامێکی کارا و چالاکی رێکخراوی چاودێری کوردۆساید (چاک) و ماوەیەکی زۆریش کارمەندی (رۆژ تیڤی) بووه‌ لە وڵاتی بەلجیكا و نزیکەی ۳٠ ساڵە لە خەباتی بەردەوامدایە بۆ دۆزی کورد و میدیا".

باسی له‌وه‌شكرد: نینا نزیکەی پێنج ساڵ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەدا ململانێی کرد، بە داخێکی زۆرەوە شەوی رابردوو (13ی ئازاری 2019) لە ڤیەننای پایته‌ختی نەمسا بۆ هەمیشەیی ماڵئاوایی کرد.

کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە) لە پەیامێکدا وێڕای سەرەخۆشی، لە بنەماڵەی نینا رایدەگەیەنێت: نینا تا دواساتیی ژیانیی بۆ گەلی کورد و ئازادی کوردان تێکۆشانی کردووە.

راشیگەیاندووە: نینا بۆ دۆزی ئازادیی کوردستان سنوورە دەستکردەکانی رەتکردەوە و ئەرکی نیشتمانپەروەریی خۆی لە ئەوروپاش درێژەپێدا، لە وڵاتی نەمسا لە بواری پەیوەندی دیپلۆماسیی لەگەڵ خەڵک، ئەیویست دۆزی رەوای گەلەکەی بەهەمووان بناسێنێت.

روناک ئەحمەد، ژنە چالاکوان و نوسەری کورد لە ئەوروپا بە دواڕۆژی وت: زیاتر لە 15 ساڵە لەنزیکەوە نینا ئەناسم وەک ژنێکی هۆشیار و چالاک هەر لە رۆژ تیڤی-یەوە و لەهەر شوێنێک بووبێت بێ پشودان خەباتی ئەکرد، بەرگریکاری سەرسەختی مافەکانی ژن بوو بەردەوام بۆ گەلی بندەستی کورد و مافەکانی مرۆڤ لەچالاکیدا بوو، هاوکات لەگەڵ ئێمەدا لەسەر پرسی ئەنفال و جینۆساید لە ناوەندی چاک کاری دەکرد و هاوکارمان بوو.

روناک وتیشی: "نینا بۆ ماوەی زیاتر لە 25 ساڵە لەئەوروپا دەژیت، لەگەڵ هێزە کوردییەکان و میدیاکاران چالاکی و پەیوەندی هەبوو، بۆ ماوەیەکی زۆر لە رۆژ تیڤی بەرنامەی سیاسی پێشکەش دەکرد، لەگەڵ ئێمە نزیکەی 15 ساڵ کاری له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئەنفال و جینۆساید کردووه‌ لە ناوەندی چاک و بەداخەوە دوای نزیکەی پێنج ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەبجە، دوێنێ کۆچی دواییکرد".

نینا ئەحمەدی لەدایکبووی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، جگە لە کاری میدیایی، کاری سیاسیشی کردوە، شەوی رابردوو لەتەمەنی ٤۸ ساڵیدا لە وڵاتی نەمسا كۆچی دواییكرد.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure