پارتى زیاتر له‌ 15 پۆست ده‌خاته‌ به‌رده‌م یه‌كێتى

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/03/2019‌ :: 8504‌ جار بینراوە
كۆبونه‌وه‌ى باڵاى یه‌كێتى و پارتى فۆتۆ: ئه‌رشیف

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

وابڕیاره‌ له‌سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو شاندى پارتى و یه‌كێتى له‌باره‌ى پرسى دابه‌شكردنى پۆسته‌كان له‌ سلێمانى كۆببنه‌وه‌، به‌پێى زانیارییه‌كانیش لە کۆبوونەوەی پێشوودا پارتی زیاتر لە 15 پۆستی خستووەتە بەردەم یەکێتی.


ڕۆژى سێشه‌ممه‌ (12ى ئازارى 2019)، هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانى كوردستان بۆ تاوتوێی پرسی پۆسته‌كانی كابینه‌ی داهاتووى حكومه‌ت كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ رێككه‌وتنێك و وابڕیاریشه‌ له‌سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو ئه‌و لیژنه‌ لاوه‌كیه‌ى كه‌ بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌كان له‌ نێوان شاندى هه‌ردوولا دروستكرابوو له‌سلێمانى كۆببنه‌وه‌.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی ئاگادار ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌: پارتى ڕازیبووه‌ جگه‌ له‌ پێدانى پۆستى جێگرى سه‌رۆك حكومه‌ت و سه‌رۆكی په‌رله‌مان، یه‌كێتی پێنج بۆ شه‌ش وه‌زاره‌ت وه‌ربگرێت له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ده‌سته‌ و فه‌رمانگه‌، ئه‌و پۆستانه‌ى كه‌ پارتى یه‌كێتی تیادا سه‌رپشك كردووه‌ تاوه‌كو هه‌ڵیانبژێرێت بریتین له‌ وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانى (پێشمه‌رگه‌، پلاندانان، كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو، په‌روه‌رده‌، خوێندنى باڵا، داد، كاروبارى شه‌هیدان، گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن، كاره‌با، ڕۆشنبیرى و لاوان، ئه‌وقاف، ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان، فه‌رمانگه‌ى هه‌ماهه‌نگى و به‌دواداچوون، ده‌سته‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كان، ده‌زگاى گشتیى مین، فه‌رمانگه‌ى ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان، سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، بڕیكارى وه‌زیرى ناوخۆ و سامانه‌ سروشتییه‌كان و دارایى، جێگرى فه‌رمانگه‌ى ده‌ره‌وه‌ و نوێنه‌رایه‌تى له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایش).

دواڕۆژ، زانیویه‌تى پارتى به‌ شاندى یه‌كێتیان راگه‌یاندووه‌: كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى (سامانه‌ سروشتییه‌كان و ناوخۆو ته‌ندروستى و شاره‌وانى و فه‌رمانگه‌ى ده‌ره‌وه‌ و راوێژكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و فه‌رمانگه‌ى زانیارى و میدیا "وته‌بێژى حكومه‌ت") ناتوانن بده‌ن به‌هیچ لایه‌نێك.

پۆسته‌كانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش هه‌ریه‌ك له‌ پۆسته‌كانى (جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم،  وه‌زاره‌ته‌كانى دارایى و بازرگانى و پیشه‌سازى و وه‌زاره‌تى كار و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌)، بۆیه‌ پارتی به‌ یه‌كێتی وتووه‌ به‌پێى ڕێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ ناتوانن له‌و پۆستانه‌ پاشگه‌زببنه‌وه‌.

به‌پێ زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، ئەو داواكارییەی یەكێتی لەپارتی له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رابردووى نێوان هه‌ردوولا لەمیانی گفتوگۆی ئەو لیژنانە بووە، كە هەردوولا بەمەبەستی رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نۆ پێكیانهێناوە، بەڵام زانیارییەكانى دواڕۆژ باس لەوە دەكەن، كە پارتی ئەو داواكارییەی یەكێتی رەتكردووەتەوە، كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێشنیازیان كردبوو.

لاى خۆیه‌وه‌ له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژى یه‌كێتى لەبارەی کۆبوونەوەکەی داهاتووى پارتى و یه‌كێتیى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ڕابردوو بۆچوونی پارتیان بەتەواوی لە بارەی پشکەکانی یەکێتیی زانیوە، بۆیه‌ هەردوو مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەکانیان سپاردووە بە لیژنەکانی دانوستاندنی حکومەت و ئەوان له‌ رۆژانى داهاتوو درێژە بە کۆبوونەوەکان دەدەن بۆ دابەشکردنی پۆستەکان.

وتیشى "لە زووترین کاتدا لیژنەکانی دانوستاندنی پارتی و یەکێتی دەست بە گفتوگۆکانیان دەکەنەوە".

ڕۆژى دووشەممە 4ى ئادار، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی رێککەوتنی سیاسی نێوان هه‌ردوو حزبیان تایبه‌ت به‌ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت واژۆكرد.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure