پێشبینى ده‌كرێت ئه‌مساڵ دوو هێنده‌ی نه‌ورۆزى رابردوو گه‌شتیار روو له‌سلێمانی بكات

هەواڵ / ئابوری :: 14/03/2019‌ :: 229‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شتوگوزارى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت: ئاماده‌كارى ته‌واویان كردووه‌ بۆ پێشوازى له‌ گه‌شتیاران، ده‌ڵێت: "پێشبینى ده‌كه‌ین دوو ئه‌وه‌نده‌ى نه‌ورۆزى رابردوو گه‌شتیار روو له‌ سلێمانى بكه‌ن".


عه‌لى ڕه‌ئوف، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گه‌شتوگوزارى سلێمانى، به‌ دواڕۆژى وت: "ئاماده‌كارى ته‌واومان كردووه‌ بۆ پێشوازى له‌ گه‌شتیاران له‌ نه‌ورۆزدا، به‌ دابه‌شكردنى رێبه‌ری له‌ مه‌رزه‌كان و بازگه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ى عه‌لاگه‌ى خۆڵ و رێنمایى بۆ گه‌شتیاران، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ى لیژنه‌ی ئه‌منیش هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كى پێویستى ئه‌منیان كردووه‌".

وتیشى: "به‌شێكى زۆر له‌ هۆتێله‌كان له‌ ئێستادا گه‌شتیارێكى زۆر رووى تێكردوون به‌ بۆنه‌ى نزیكبوونه‌وه‌ له‌ نه‌ورۆز، پێشبینیش ده‌كه‌ین دوو ئه‌وه‌نده‌ى نه‌ورۆزى رابردوو گه‌شتیار روو له‌ پارێزگاى سلێمانى بكات، به‌تایبه‌تى گه‌شتیارى ئێرانى، چونكه‌ له‌ 15ى ئازاره‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ هیچ رسوماتێكیان لێوه‌رناگیرێت له‌سه‌ر مه‌رزه‌كان".

عه‌لى ڕه‌ئوف، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: له‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانیش ئاماده‌كارى ته‌واومان كردووه‌ و پاكمان كردونه‌ته‌وه‌ و لیژنه‌مان پێكهێناوه‌ بۆ پێشوازى له‌ گه‌شتیاران، ئاگادارى چێشتخانه‌ و رێستۆرانت و هۆتێله‌كانمان كردووه‌ته‌وه‌ له‌ رۆژانى نه‌ورۆزدا كراوه‌بن".

باسى له‌وه‌شكرد: نه‌ورۆزى ئه‌مساڵ ئاسانكارى بۆ هاتنه‌ناوه‌ى گه‌شتیار كراوه‌ له‌ مه‌رزه‌كان و بازگه‌كان، له‌ناوخۆش بارى ئابورى خه‌ڵك باشتره‌، بۆیه‌ پێمانوایه‌ رێژه‌یه‌كى زۆر گه‌شتیار روو له‌ پارێزگاكه‌مان بكه‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شتوگوزارى سلێمانى، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: زیاتر له‌ 100 مێز و كورسیمان له‌سه‌ر گۆیژه‌ و له‌نزیك تونێلى پێشڕه‌و دروستكردووه‌، بۆ دوو نه‌فه‌رى و سێنه‌فه‌رى و چوار نه‌فه‌ریى و شه‌ش نه‌فه‌رى، بۆ ئه‌وه‌ى گه‌شتیاران به‌ ئاسوده‌یى پشووى خۆیان وه‌ربگرن، جگه‌له‌وه‌ش له‌ ناوچه‌ى قه‌ره‌داغ پڕۆژه‌یه‌كى دانانى مێز و كورسیمان ئاماده‌كردووه‌ له‌سه‌ر چه‌م و كورسى بۆ گه‌شتیاران".

هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: هه‌وڵیانداوه‌ سیانه‌ى هه‌موو شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان بكه‌ن و ته‌والێتى گه‌ڕۆكیش له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان دابنێن.

به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شتوگوزارى سلێمانى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: لیژنه‌كانى قایمقامیه‌ت چاودێرى شوێنكاره‌كان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رووى نرخه‌وه‌ گه‌شتیاران ئیسغلال نه‌كرێن.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure