زوبێر ئایدار: دواى شه‌ڕى داعش هه‌ڵوێستى ئه‌وروپا به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه‌ گۆڕاوه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 2 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 113‌ جار بینراوە
زوبێر ئایدار

دواڕۆژ، نه‌زیر عه‌لى

زوبێر ئایدار ئه‌ندامى كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (كه‌نه‌كه‌) له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژ-دا باسى گرنگیى بڕیارى دادگای برۆكسل ده‌كات كه‌ ده‌ڵێت: "په‌كه‌كه تیرۆرست نییه"‌ هاوكات باس له‌ هه‌ڵوێستى یه‌كێتى ئه‌وروپا به‌رامبه‌ر كورد ده‌كات و هۆكاره‌كانى نه‌بوونى یه‌كێتى نه‌ته‌وه‌یی كوردیش ده‌خاته‌ڕوو.

دواڕۆژ: بۆچى ئه‌م مانگه‌ دادگاى ته‌میز له‌ برۆكسل بریاریدا په‌كه‌كه‌ تیرۆرست نییه‌؟

زوبێر ئایدار: له‌ 3 ساڵى رابردوو 5 جار دادگا‌كانى به‌لجیكا بڕیاریاندا په‌كه‌كه‌ تیرۆرست نییه،‌ خۆشم 3 جار له‌لایه‌ن توركیاوه‌ به‌تۆمه‌تى ئه‌ندامبوونم له‌ په‌كه‌كه‌ وه‌ك تیرۆریست سكاڵام له‌دژ تۆماركراوه‌، به‌ڵام دادگا‌ به‌هۆی نه‌بوونى به‌ڵگه‌ى پێویست سكاڵاكانى ره‌تكرده‌وه‌ و دواجار دادگاى ته‌میز له‌ برۆكسل رۆژی 8ى ئه‌م مانگه‌ بڕیاریدا كه‌ په‌كه‌كه‌ تیرۆرست نییه‌ و هیچ كه‌سێك له‌ سیاسه‌تمه‌داره‌كانى كورد داگادگایى ناكه‌ن، بۆیه‌ ئێستا ئێمه‌ خه‌باتێكى به‌رفراوان له‌ به‌لجیكا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین،‌ جگه‌ له‌ دادگاى برۆكسل، دیوانى دادوه‌رى یه‌كێتى ئه‌وروپا له‌سه‌ر داواكارییه‌كى ئێمه‌‌ كه‌ ساڵى 2014 پێشكه‌شمانكردبوو، 15-ى مانگى 11ی ساڵى رابردوو، به‌ ئه‌رێنى وه‌ڵامى دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند: كه‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا به‌ناحه‌قى په‌كه‌كه‌ی خستووه‌ته‌ ناو لیستى تیرۆر و به‌م به‌ڵگانه‌ نابێت په‌كه‌كه‌ بخرێته‌ ناو لیستى تیرۆره‌وه و دواى شه‌ڕى داعش هه‌ڵوێستى ئه‌وروپا به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه‌ گۆڕاوه‌، هه‌ندێك كه‌س ده‌ستى خۆیان له‌سه‌ر ویژدانى خۆیان دائه‌نێن ده‌زانن خه‌باتى ئێمه‌ خه‌باتێكى راسته‌ و دژى زوڵم ده‌كرێت و‌ دادگاى به‌لجیكاش ئه‌مه‌ى له‌به‌رچاو گرتبوو.

دواڕۆژ: دواى بڕیارى دادگاى برۆكسل كاروخه‌باتى په‌كه‌كه‌ ده‌چێنه‌ چ قۆناغێك؟
زوبێر ئایدار: ئه‌م بڕیاره‌ بره‌و به‌ كار و خه‌باتى ئێمه‌ ده‌دات، هه‌وڵی ‌ده‌وڵه‌تى توركیا بۆئه‌وه‌ى ئێمه‌ به‌ تیرۆریست بناسرێین، لاواز ده‌بێت، هه‌ڵوێستى حكومه‌تی به‌لجیكاش به‌رامبه‌ر ئێمه‌ به‌ پۆزه‌تیڤ ده‌گۆڕێت كه‌ ناچار‌ ده‌بن ده‌رگاى نوێى دبلۆماسى بۆ كورد بكه‌نه‌وه‌.

دواڕۆژ: بۆچى پێشتر به‌لجیكا به‌تۆمه‌تى تیرۆر ئێوه‌ى ده‌ستگیر ده‌كرد و دژایه‌تى خه‌باتى ئێوه‌ی ده‌كر و ئه‌م ساڵانه‌ى دوایى هه‌ڵوێستى خۆى به‌رامبه‌ر توركیا گۆڕا؟
زوبێر ئایدار: توركیا له‌ چوارچێوه‌ى ناتۆ، په‌كه‌كه‌ی خستۆته‌ به‌رده‌م ئه‌م كێشانه‌، دواى ئه‌مریكا و بریتانیا یه‌كێتى ئه‌وروپا په‌كه‌كه‌ى خستبووه‌ ناو لیستى تیرۆر، توركیا په‌كه‌كه‌ی‌ وه‌ك دژى ناتۆ وێنا كردبوو، بۆیه‌ به‌لجیكا پێشتر دژایه‌تى په‌كه‌كه‌ى ده‌كرد، هه‌وره‌ها په‌یوه‌ندى بازرگانیش كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى به‌لجیكا هه‌بووه‌، له‌ ساڵى 2006 به‌لجیكا بڕیارى دا كه‌ دژى په‌كه‌كه‌ ئۆپراسیۆن ده‌ستپێبكات و ساڵی 2010 ئێمه‌ بۆ 3 هه‌فته‌ ده‌ستگیركراین، به‌پێى به‌ڵگه‌ى ویكلیكس ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ له‌نێوان توركیا و به‌لجیكا و ئه‌مریكا پلانی بۆ دانرابوو، ئێمه‌ له‌ دادگادا باسى ئه‌و به‌ڵگانه‌مان كرد و سه‌ركه‌وتین.

دواڕۆژ: ئایا دواى ئه‌م بڕیاره‌ى برۆكسل په‌یوه‌ندى نێوان توركیا و به‌لجیكا به‌ره‌و ‌خراپیی ده‌چن؟
زوبێر ئایدار: بڕیارى دادگاى برۆكسل كاریگه‌رى خراپی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى توركیا و به‌لجیكا ده‌بێت، به‌ڵام حكومه‌تى به‌لجیكا هه‌وڵده‌دات په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ توركیا به‌رده‌وام پێبات، پێشبینى ده‌كه‌ین ناڕه‌زاییه‌كانى توركیا له‌ داگا‌كانى به‌لجیكا دژى په‌كه‌كه‌ به‌رده‌وامبن.

دواڕۆژ: ئایا بڕیارى دادگاى برۆكسل كاریگه‌رى له‌سه‌ر وڵاتانى دیكه‌ى ئه‌وروپا ده‌بێت؟
زوبێر ئایدار: ‌له‌ڕووى ماف و سیاسییه‌وه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر وڵاتانى دیكه‌ى ئه‌وروپا ده‌بێت، له‌مه‌ودواش له‌ داموده‌زگا‌كانى ئه‌وروپا دۆخى كورد باشتر ده‌بێت.

دواڕۆژ: له‌ 5 ساڵى رابردوو په‌كه‌كه‌ راسته‌خۆ شه‌ڕى تیرۆر ده‌كات، ئایا دادگاى به‌لجیكا و ئه‌وروپا ئه‌م خه‌باته‌ى په‌كه‌كه‌ی له‌به‌رچاو گرتووه‌؟
زوبێر ئایدار: كاتێك داعش له‌ 2014 هێرشى كرده‌ سه‌ر شه‌نگال و مه‌خمور و له‌ هه‌ولێر نزیكبۆوه‌، په‌كه‌كه‌ له‌و هێزانه‌ بوو كه‌ به‌رامبه‌ر داعش راوه‌ستا و شه‌نگالی له‌ كاره‌ساتێكى گه‌وره‌تر پاراست، ئه‌م خه‌باته‌ى په‌كه‌كه‌  كاریگه‌رى له‌ جیهان دروستكرد، پێشتریش جیهان ده‌یزانى كورد له‌سه‌ر حه‌قن، به‌ڵام به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیان له‌گه‌ڵ توركیا بازاڕییان ده‌كرد، ئێستا ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌دواى دادگه‌رییه‌وه‌ن كاریگه‌رى دروستده‌كه‌ن و زیاتر له‌سه‌ر حه‌قبوونى په‌كه‌كه‌ ده‌بینن، هه‌روه‌ها داكۆكى كورد له‌سه‌ر پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركیا هۆكارێكی‌ دیكه‌بووه‌، ئێستا پێچه‌وانه‌ى په‌كه‌كه‌ ‌ توركیا و ئه‌ردۆگان هاوكارى داعش ده‌كه‌ن و ئه‌ردۆگان بووه‌ته‌‌ دیكتاتۆرێك له‌ توركیا.

دواڕۆژ: بۆ زیاتر به‌ره‌وه پێشبردنى دۆزى كورد چى ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانى كورده‌كانى ئه‌وروپا به‌تایبه‌ت ئێوه‌ى سیاسه‌تمه‌دا؟
زوبێر ئایدار: كورد له‌ده‌ره‌وه‌ى كوردستانیش ئێستا زۆرن، ئێمه‌ ده‌توانین كاریگه‌رى دروستبكه‌ین و خه‌باتێكى باش ئه‌نجامبده‌ین و زیاتر حه‌قیقه‌تى خۆمان پیشانى جیهان بده‌ین و كورد وه‌ك هێزێك بۆ هاوكارى ئاشتى بناسێنین.

دواڕۆژ: كورد به‌ره‌و چ قۆناغێك ده‌چن و ئه‌م سه‌د ساڵه‌ بۆ كورد چۆن ده‌بێت؟
زوبێر ئایدار: تا ئێستا كوردستان چوار پارچه‌یه‌،  ناسنامه‌ى  كورد له‌ رۆژهه‌ڵات و باكورى كوردستان قبوڵناكرێت، له‌ رۆژئاوا شه‌ڕ هه‌یه‌، له‌ باشور له‌ شه‌نگال تا كه‌ركوك ناكۆكى جدى له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ كوردى پێش سه‌د ساڵ نین‌، سه‌ده‌كانى 19 و 20 بۆ كورد زۆر خراپبوون و سه‌ده‌كانى مردنى كورد بوون، به‌ڵام كورد نه‌مردن و ئێستا ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌م سه‌د ساڵه‌ بكه‌ینه‌ سه‌د ساڵى ئازادى كورد، كورد خۆیان به‌ جیهان قبوڵكردووه‌، به‌ڵام پێویسى به‌ رێكخستنى زیاتر هه‌یه‌، ‌كورد له‌ زۆر رووه‌وه‌ خۆى رێكخستووه‌ ئێمه‌ هێزى دیپلۆماسى و چه‌كداریمان هه‌یه‌، بۆیه‌ پێوسته‌ ئێمه ‌به‌ره‌دوامبین و بگه‌ینه‌ ئه‌نجام و سود له‌م زه‌مینه‌یه‌ وه‌ربگرین.

دواڕۆژ: بۆچى تا ئێستا كورد نه‌یانتوانیوه‌ كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌نجامبدات؟
زوبێر ئایدار: یه‌كێتى كورد خه‌مێكى قورسه‌، زۆربه‌ى پارته‌‌ كوردیه‌كان، لۆكاڵین و ده‌ڵێن: "نابێت ده‌ستبخه‌ینه‌ ناو پارچه‌كانى دیكه‌ى كوردستان" ئێمه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ بیرده‌كه‌ین، پێویسته‌ پارته‌ كوردییه‌كان ده‌ست بخه‌نه‌ ناو هه‌موو پارچه‌كانى كوردستان و هاوكارى یه‌كدى بكه‌ن، له‌ 1994 تا ئێستا من له‌ ناو ئه‌م خه‌باته‌دا كارده‌كه‌م كه‌ سه‌رۆك ئاپۆ بۆ ئێمه‌ى داڕشتبوو كه‌ كار بۆ ‌یه‌كێتى نه‌ته‌وه‌یى بكه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ساڵى 1999 كۆنگره‌ى‌ نه‌ته‌وه‌یى كوردستان دامه‌زرا، به‌ڵام پارته‌كانى ئیداره‌ى باشورى كوردستان هیچ خه‌مێك بۆ باكورى كوردستان ناخۆن، ته‌نانه‌ت هاوكارى ده‌وڵه‌تى توركیاش ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: "توركیا داگیركارى كوردستان نییه"‌‌ كاتێك ئه‌و پارتانه‌ ده‌ڵێن" توركیا یان ئێران دۆستى كورده‌"‌ باشه‌ چۆن له‌گه‌ڵ كوردانى ئه‌و پارچانه‌ى كوردستان‌ دبنه‌ دۆست؟ یه‌كێتى به‌م شێویه‌ دروست نابێت، پێویسته‌ی هه‌موومان  پرۆژه‌ى نه‌ته‌وه‌ییمان هه‌بێت و له‌سه‌رى بڕۆین نه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌ و عه‌شیره‌ت خه‌بات بكه‌ین، ئێمه‌ وه‌كو حه‌ره‌كه‌تى‌ سه‌رۆك ئاپۆ خۆمان به‌ به‌رپرسیارى  هه‌موو كورد و كوردستان دزانین". 

پێداچوونه‌وه‌: ئارام غه‌فور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure