سیستانى چى به‌ رۆحانى وتووه‌؟

هەواڵ / عێراق :: 14/03/2019‌ :: 386‌ جار بینراوە

‌دواڕۆژ، به‌غدا

عه‌لى سیستانى مه‌رجه‌عى باڵاى ئاینى مه‌زهه‌بى شیعه‌ له‌ پارێزگاى نه‌جه‌ف، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13ى ئازارى 2019 پێشوازى له‌ حه‌سه‌ن رۆحانى سه‌رۆك كۆمارى ئێران كرد، نووسینگه‌كه‌شى ئه‌وه‌ ئاشكراده‌كات كه‌ خانه‌خوێ چى به‌ میوانه‌كه‌ى وتووه‌.


سایتى فه‌رمى سیستانى ئه‌مڕۆ دواى دیداره‌كه‌ى مه‌رجەعی شیعە و رۆحانى بڵاویكرده‌وه‌: سه‌رۆك كۆمارى ئێرانى لایه‌نێكى سه‌ردان و گفتوگۆكانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى عێراقى بۆ مه‌رجه‌عى باڵا له‌ نه‌جه‌ف باسكردووه‌.

له‌و دیداره‌دا سیستانى به‌ رۆحانى وتووه‌: پێشوازى له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كه‌ین له‌ پێناو به‌هێزكردنى په‌وه‌یندییه‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ردوولا و له‌سه‌ر بنه‌ماى رێزگرتن له‌ سه‌روه‌رى وڵاتان و ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاروبارى ناوخۆیان.

سیستانى ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌ش كردووه‌: گه‌لى عێراق شه‌ڕى چاره‌نووسسازى كردووه‌ بۆ له‌ گۆڕانانى داعش، له‌و پێناوه‌شدا قوربانى گه‌وره‌ى داوه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر رێكخراوى داعشى تیرۆرست و دورخستنه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى له‌ناوچه‌كه‌، له‌و پێناوه‌شدا هاوڕێكانى رۆڵى به‌رچاویان هه‌بووه‌.

به‌پێى راگه‌یاندراوەكه‌ى نووسینگه‌كه‌ى، سیستانى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ش كردووه‌ كه‌ رووبه‌ڕووى عێراق ده‌بنه‌وه‌ له‌م قۆناغه‌دا كه‌ بنه‌بڕكردنى گه‌نده‌ڵى و باشكردنى خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان و قه‌تیسكردنى چه‌كه‌ له‌ ده‌ستى ده‌وڵه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، هیواشى خواستووه‌، حكومه‌تى عێراق به‌ره‌وپێشووچوونى خوازراو به‌ده‌ستبهێنێت له‌و بواره‌دا.

سیستانى جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌: پێویسته‌ سیاسه‌تى هه‌رێمایه‌تى و نێوده‌وڵه‌تى له‌م ناوچه‌یه‌دا هاوسه‌نگ و میانڕەوبێت بۆ دورگرتنى گه‌له‌كانیان له‌ مه‌ینه‌تى و زیانى زیاتر.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure