ئه‌و شاعیره‌ عه‌ره‌به‌ى خه‌ڵاتى ئاشتیى لینین-ى پێبه‌خشراوه‌

هەواڵ / که‌لتور :: 14/03/2019‌ :: 113‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

یه‌كێك له‌ دیارترین شاعیره‌كانى عه‌ره‌ب و به‌ناوبانگترین شاعیرى فه‌له‌ستین، مه‌حمود ده‌روێش-ه‌ كه‌ ساڵى 1941 له‌ گوندێكى فه‌له‌ستین له‌دایكبووه‌.


به‌هۆى شه‌ڕى ئیسرائیل و فه‌له‌ستینه‌وه‌ له‌ساڵى 1947دا خێزانه‌كه‌یان ئاواره‌ى لوبنان ده‌بێت، دواتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شارى حیفا و قۆناغه‌كانى خوێندن له‌وێ ته‌واو ده‌كات. هاوكات ده‌كه‌وێته‌ كارى نووسین و به‌رهه‌مه‌كانى له‌ رۆژنامه‌ى (الاتحاد)دا بڵاوده‌كاته‌وه‌.

ساڵى 1970 بۆ ته‌واوكردنى خوێندن ده‌چێته‌ مۆسكۆ و له‌وێشه‌وه‌ تێكه‌ڵ به‌ بیرى پێشكه‌وتنخوازیى ده‌بێت و وه‌ك شاعیرێكى چه‌پ ده‌رده‌كه‌وێت. دواتر له‌ مۆسكۆوه‌ ده‌چێته‌ قاهیره‌ و چه‌ند ساڵێك له‌وێ له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانى وه‌ك محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب و نه‌جیب مه‌حفوز و ئه‌وانى تر له‌نزیكه‌وه‌ ئاشنایى په‌یدا ده‌كات و له‌گه‌ڵیاندا ده‌كه‌وێته‌ كارى نووسین و ئه‌ده‌بى.

دواى میسر، مه‌حمود ده‌روێش ده‌چێته‌ لوبنان. له‌كاتێكدا كه‌ جه‌نگى ناوخۆ لوبنان وێران ده‌كات، ئه‌م به‌یروت جێدێڵێت و ده‌چێته‌ تونس.

لێكۆڵه‌رانى ژیانى ئه‌م شاعیره‌ فه‌له‌ستینیه‌، ئه‌و هه‌موو جێگۆڕكێیه‌ى ده‌روێش له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكى كه‌مدا، والێكده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ كاریگه‌ریى زۆریان كردووه‌ته‌ سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌كانى و ته‌نانه‌ت وه‌ك قۆناغبه‌ندیى ژیانى ئه‌وى داده‌نێن.

مه‌حمود ده‌روێش، یه‌كه‌م به‌رهه‌مى شیعریى به‌ناوى (گه‌ڵاى زه‌یتون) له‌ساڵى 1964 دا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌مه‌نى 22 ساڵ بووه‌، ئیدى دواى ئه‌وه‌ ده‌ستده‌كات به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى بابه‌ته‌كانى كه‌ نزیكه‌ى 30 كۆمه‌ڵه‌ شیعر و په‌خشانن و بۆ زیاتر له‌ 20 زمان وه‌رگێڕدراون، یه‌كێك له‌و زمانانه‌ى كه‌ شیعره‌كانى ئه‌م شاعیره‌ مرۆڤدۆسته‌ فه‌له‌ستینیه‌ى بۆ وه‌رگێڕدراوه‌، زمانى كوردى-یه‌، بۆیه‌ مه‌حمود ده‌روێش له‌ نێوه‌ندى روناكبیریى كوردییشدا ناوێكى ناسراوه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ چه‌ندین شیعردا دڵسۆزى و باوه‌ڕى خۆى بۆ دۆزى ره‌واى گه‌لى كورد ده‌ربڕیوه‌.

مه‌حمود ده‌روێش ئه‌گه‌رچى له‌ كایه‌ى سیاسیى وڵاته‌كه‌یشیدا كارى كردووه‌ و ته‌نانه‌ت چه‌ندین پۆستى جیاجیایشى به‌ڕێوه‌بردووه‌، به‌ڵام كه‌متر وه‌ك سیاسیه‌ك ناو ده‌برێت و هه‌میشه‌ ناوى وه‌ك شاعیرێكى مرۆڤدۆست هێنراوه‌.

له‌پاى به‌رهه‌مه‌كانى و لایه‌نى مرۆڤدۆستانه‌ى، چه‌ندین خه‌ڵاتى جیاجیا به‌ مه‌حمود ده‌روێش به‌خشراوه‌، له‌وانه‌ خه‌ڵاتى ئیبن سینا، خه‌ڵاتى لینین بۆ ئاشتى، خه‌ڵاتى لۆتس له‌لایه‌ن یه‌كێتى نووسه‌رانى ئه‌فرۆئاسایى و...هتد.

ئه‌م شاعیره‌ ناوداره‌، دواى ئه‌وه‌ى نه‌شته‌رگه‌ریى دڵى بۆ ده‌كرێت، له‌ رۆژى 9ى ئابى 2008 له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا كۆچى دوایى كردووه‌ و ته‌رمه‌كه‌ى براوه‌ته‌وه‌ بۆ فه‌له‌ستین.

 

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure