بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی هەوا پەناده‌برێته‌به‌ر بارانی دەستکرد

هەواڵ / زانست :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 261‌ جار بینراوە

تاگ :: زانست

دواڕۆژ

پیسبوونی هەوا کێشەیەکی باوی ئەم سەردەمەیە، بەڵام لە (سیۆل)ی پایتەختی کۆریای باشوور بارودۆخەکە خراپتربووە و دەسەڵاتدارانیش هەوڵدەدەن چارەسەرێکی گونجاو بۆ بنبڕکردنی ئەو تەم و دووکەڵە بدۆزنەوە کە شارەکەی داپۆشیوە.


مون جای ین-ی سەرۆکی کۆریای باشوور ئاشکرایکرد: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی هەوا و پاکردنەوەی ئاسمان، پڕۆژەی نمە ئاوی دەستکرد جێبەجێدەکەن، لەکاتێکدا بەڵگەی پێویست نیە لەسەرئەوەی ئەم سیستمە کاریگەریيەکی ئەوتۆی دەبێت.

ئەم بیرۆکەیە پێیدەوترێت (باراندن) و تیایدا بە فڕۆکە چەند مادەیەکی کیمیایی دەکەنە هەواوە و یارمەتی دروستبوونی دڵۆپە ئاو دەدات، دواتر ئەو بارانەی بەرهەم دێت گەردیلەکانی تۆز و خۆڵی هەوا بەرەو خۆی رادەکێشێت و دەکەوێتە سەر زەوی، ئەمەش لەکاتێکدایە مانگی کانوونی دووەمی پێشوو کۆریای باشوور هەوڵیدا بیرۆکەکەیان بکەنەکار، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

چین لە ساڵی 2013وە ئەم تەکنەلۆجیایە بەکاردەهێنێت و ساڵانە زیاتر لە 55 ملیار تەن باران بەرهەمدەهێنن، بەڵام ئەم رێگەیەش پێویستی بەچەند جۆرێک هەوری تایبەتە تاوەکو رووبدات.

هەرچەندە وڵاتی چین بەردەوام لە رێگەی فڕۆکەی سەربازیيەوە باران و بەفر دروستدەکات، بەڵام لە رووی زانستیەوە بەتەواوەتی نەسەلمێنراوە ئەم جۆرە بارانە کێشەکە بەتەواوەتی بنبڕدەکات یان نا، چونکە راستە گەردیلە پیسەکانی هەوا لادەبات، بەڵام تا چ ڕادەیەک زیانە درێژخایەنەکانی ناهێڵێت.

بەپێی ئاژانسی ئەسۆشیتد پرێس، لەم هەفتەیەدا ئاستی چڕی تۆزی ورد لەهەوای سیۆل 136 مایکرۆگرامبووە بۆ مەترێک چوارگۆشە، لەکاتێکدا بەپێی پەیمانگای نەتەوەیی ژینگە لە کۆریای باشوور نابێت ئاستی چڕی ئەم گەردیلانە لە 75 مایکرۆگرام بۆ مەترێک چوارگۆشە زیاتر بێت.

وەرگێران: هێڤی فەرهاد
پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure