پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌سه‌ر فرۆشتنى تابلۆى ئۆتۆمبێلى پارێزگاكه‌ رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 14/03/2019‌ :: 4289‌ جار بینراوە
ئازاد تۆفیق: نامانەوێت فرۆشتن و پێدانی تابلۆكان رادەستی هیچ كەس و كۆمپانیایەك بكەین

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید

دوای بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران بە پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بەناوی (هەڵەبجە) پارێزگاری شاره‌كه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: سەرجەم ژمارەكانی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە ژمارە (1 تا 10) هەزار لە زیادكردنى ئاشكرادا دەیفرۆشین و دەیكەینە داهاتێك بۆ پارێزگاكەمان.


بەپێی بڕیاری ژمارە 1502ی ئەنجومەنی وەزیران کە (رۆژى چوارشه‌ممه‌ 13ى ئازارى 2019) ده‌رچووه‌ حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە رێکخستنی تابلۆی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل بەناوی پارێزگای هەڵەبجە هاوشێوەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکانی دیکە.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە دواڕۆژی راگەیاند: دوای دەرچوونی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران ئێستا قسەوباس لەسەر فرۆشتنی ژمارەكانە، بۆیە وەك ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە بڕیار و پلانی تایبەت بەخۆمان هەیە لەسەر چۆنیەتی پێدان و فرۆشتنی ژمارەی تابلۆكان.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە تابلۆی ئۆتۆمبێل لە ژمارە ( 1 ) تا ( 10 ) هەزار لە زیادكردنێكی ئاشكرادا دەفرۆشین و كێ‌ دینارێك زیاتری پێداین دەیدەینە ئەو كەسە، هاوكات نامانەوێت فرۆشتن و پێدانی تابلۆكان رادەستی هیچ كەس و كۆمپانیایەك بكەین و خۆمان وەك ئیدارەی هەڵەبجە سەرپەرشتی ئەو كارە دەكەین.

پارێزگاری هەڵەبجە جەختی لەوەشكردەوە: دەمانەوێت لەم رێگەیەوە زۆرترین داهات بۆ پارێزگاكەمان دابین بكەین بۆ ئەوەی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئەم سنورە خەرجی بكەینەوە.

لە بڕیارەکەى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا ئەوەش هاتووە: وەزارەتی ناوخۆی هەرێم (ئەفسەری تۆمارکردن) دەستنیشاندەکات بەمەبەستی پێدانی مۆڵەتی تۆمارکردن بە سەرجەم ئۆتۆمبێل و ئامێرە دەستنیشانکراوەکان بە ناوی پارێزگای هەڵەبجەوە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure