راوێژكاری وەزیری نەوت: بەغدا حكومەتی هەرێمی داوە بە دادگا

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 13/03/2019‌ :: 2748‌ جار بینراوە
فوئاد ئەمیر

دواڕۆژ، سامان قوبادی

راوێژكاری وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت: "ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بە رادەستكردنی نەوتەكەی، بەغدا هیچ بڕە پارەیەك نانێرێت. 
فوئاد ئەمیر راوێژكاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا باس لەوە دەكات: ئەگەر بەغدا رازی بێت بە هەناردەكردنی سەربەخۆی نەوت لەلایەن هەرێمەوە، ئەوا دەبێت پارێزگاكانی تری عێراقیش سەبەخۆبن لە فرۆشتنی نەوت.
 
دواڕۆژ: هەڵسەنگاندنت چۆنە لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا بەتایبەت گرێبەستەكان لەبواری نەوتدا؟

فوئاد ئەمیر:
نێوانی هەرێم و ناوەند لە بواری نەوتدا ئاڵۆزە، لەبەرئەوەی میزانیە ناڕێك و ئاڵۆزە، ئەمەش بێگومان پەیوەندییەكانی هەرولا ئاڵۆز دەبن، یەكەم میزانییە روون نییە، دووەم تەنسیق نەبووە، لەگەڵ ماجید عەلاوی لە 2018 راپۆرتێكمان لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوەند نووسی، چونكە كێشەكان زیاتر لەپارەوە قوڵتر بوونەوە، ئەوەبوو بەغدا لەسەر فرۆشتنی نەوت و داهاتەكەی لە دادگای ئیتیحادی داوایی یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار كرد، تائێستاش كێشەكە هەر لە دادگایە، ئەوەی ئێمە لە یاسای كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی تێگەیشتووین، دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە دەسەڵاتی بەغدایە و دەبێت داهاتەكەی بۆ ناوەند بگەڕێتەوە.

دواڕۆژ، بۆچی دەركردنی یاسای نەوت و غازی عێراق دواكەوت؟


فوئاد ئەمیر:
هەرچەند خەبیرەكانی بواری نەوت یاساكەیان داناوە، بەڵام یاسایی نەوت و غاز خیلافی گەورەی لەسەرە و تێنەگەیشتن هەیە، بەغدا سكاڵای ئیقامەی هەیە لەسەر هەرێم، لەبارەی پرسی هەناردەكردنی كردنی نەوت پێویستە ئەو سەڵاحیاتانەی كە لە هەرێم هەیە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا.

دواڕۆژ: ئایا هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوتە رادەستی كۆمپانیای سومۆ دەكات؟ دەمەوێت باس لەم رێككەوتنە بكەیت؟

فوئاد ئەمیر:
بەپێی دەستور هەر شتێك پەیوەندی بە مافی هەرێمەوە هەبێت هەروەها ئەو پارێزگایانەی نەوتیان تێدا بەرهەم دەهێنرێت، دەبێت لەلایەن ناوەندەوە رێككەوتنی لەسەر بكرێت و داهاتەكەشی بۆ بگەڕێتەوە،  ئەگەر هەرێم دەسەڵاتی هەناردەی نەوتی هەبێت، كەواتە پارێزگاكانی تری عێراقیش دەسەڵاتی هەناردەكردنی نەوتیان دەبێت، بۆیە ئەم ناكرێت، حكومەتی هەرێم تائێستا پابەند نەبووە بە رادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی كە رێككەوتنی لەسەر كراوە.

دواڕۆژ: ئایا هەرێم پابەندە بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغدا؟

فوئاد ئەمیر:
نەخێر تائێستا پابەند نییە، كێشە ئەوەیە سكاڵا تۆمار كراوە لەسەر هەرێم لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بەغدا چاوەڕێی یەكلایی كردنەوەیەتی، بە پێی یاسای نەوتی نیشتیمانی نابێت هیچ لایەنێك نەوت هەناردە بكات، جگە لە حكومەتی ناوەند، ئەم سكاڵایە لەسەر ئەوە بووە هەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا لەچەند ساڵی رابردوو نەوتی فرۆشتووە و داهاتەكەشی دیار نییە، ئەگەر دادگای ئیتیحادی سكاڵاكە لەبەرژەوەندی بەغدا یەكلایی بكاتەوە دەبێت هەرێم پابەندبێت پێوەی و داهاتی چەند ساڵەی نەوت بگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا.

دواڕۆژ: ئەگەر هەرێم نەوتەكەی رادەست بكات چۆن و تاكەی بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم؟


فوئاد ئەمیر:
لە موازەنەی ساڵی رابردوو بەشی هەرێم دیاریكراوە، بەغدا تائێستا پێوەی پابەند بووە، بەڵام دەبێت سەرجەم نەوتی بەرهەم هاتووی هەرێم رادەستی سۆمۆ بكرێت، لە موازەنەی نوێدا دەبێت هەرێم 250 هەزار بەرمیلی تر رادەستی سۆمۆ بكات، ئەمە جگە لەو 400 هەزار بەرمیلەی تر كە دەبێت هەناردەی بكات و بەغدا پارەكەی وەربگرێت، دادگای ئیتیحادی داوا دەكات سەرجەم نەوتی هەرێم كە بەرهەشێوەیەك بەرهەم دێت رادەستی ناوەند بكرێت، پابەند بوونی بەغدا بەندە بە پابەند بوونی هەرێم بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ ناوەند.

دواڕۆژ: دەوترێت فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێم و ناوەندەوە بە كۆمپانیا نا شەفافە بەتایبەت لە نرخەكەیدا؟

فوئاد ئەمیر:
هەرێم پەیوەندییەكی گەورە و بەهێزی هەیە لەگەڵ روسیا ئەو رێككەوتنەی كردوویەتی لەدەسەڵاتی ئەودا نییە، ئەمە جگەلەوەی ناڕوونە، هەروەها حكومەتی ناوەند ئاگاداری وردەكاری رێككەوتنەكە نییە، بەڵكو چەند كەسێكی پلەیەك لە بەرپرسانی هەرێم ئاگاداری وردەكاری رێككەوتنەكەن. 

دواڕۆژ: لە ئەگەری پابەند نەبوونی هەرێم بە رادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی دیاریكراوە، كاردنەوەی بەغدا چۆن دەبێت؟

فوئاد ئەمیر:
ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بە رادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی دیاریكراوە، بەغدا ئەو بودجەیەی لە میزانیەدا دیاریكراوە ناینێرێت بۆ هەرێم، بەڵكو بەپێی بڕی ئەو نەوتەی رادەستی دەكات پارە بۆ دەنێرێت.

دواڕۆژ: هەرێم یان ناوەند كامیان هۆكاری سەرەكی كێشەكانن؟

فوئاد ئەمیر:
بەغداش هۆكارە، بەڵام هۆكاری سەرەكییە كێشەكان هەرێمە، چونكە رێككەوتنی لەگەڵ كۆمپانیا جیهانیەكانی بواری نەوتدا شەفاف نییە و نەوتیش بەشێوەی نایاسایی دەفرۆشێت.
    

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure