پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەی شار دوای دۆزینەوەی مووچە دزراوەكەیان چی دەڵێن؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 4429‌ جار بینراوە
پاره‌ دزراوه‌كه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى شار له‌ سلێمانى

دواڕۆژ، پشتیوان و ئه‌نوه‌ر

كات دوای 10ی سەرلەبەیانییە و بەشی چوونە ناوەوەی نەخۆشخانەی شار جمەی دێت لە پزیشك و كارمەند و هاوڵاتیان، بەڵام پزیشك و كارمەندان جیاواز لەڕۆژی رابردوویان كە مووچەكەیان دزرا، ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشن و چاوەڕوان بوون تا مووچە بێپاشەكەوتەكەیان بۆ بگەڕێننەوە و بەسەریاندا دابەشبكرێت.  


پێشنیوەڕۆی (رۆژی سێشەممە 12ی ئازاری 2019) مووچەی نەخۆشخانەی شار لەكاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەكە لەگەڕەكی مەڵكەندی لەلایەن باندێكی دزیكردنەوە رفێنرا و دوای كەمتر لە 24 كاتژمێریش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی سلێمانییەوە تەواوی پارەكە دۆزرایەوە و باندەكەش دەستگیركراون، نیوەڕۆی ئەمڕۆیش پارەكە بۆ نەخۆشخانەی شار گەڕێندرایەوە.

كات لە نیوەڕۆ نزیك بووەوە و بەچەند ئوتومبیلێك پارەكە كە لە سێ گوێنیدا بوو گەیشتەوە نەخۆشخانە، ئەوەش زیاتر بووە جێی دڵخۆشی پزیشك و كارمەندان.

نەسرەدین عومەر، پزیشك لە نەخۆشخانەی شار بە دواڕۆژی راگەیاند: لەكاتی زانینی رووداوی رفاندنی مووچەكانیان زۆر نیگەران بوون، بەتایبەتیش بۆ ئەندامانی لیژنەی مووچەیان كە كارمەندی خۆیانن، هەمانكاتیش دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەكان كرد بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران و مووچەكەیان.

شیلان ساڵح كارمەندێكی دیكەی نەخۆشخانەكە باسی كاتی پێش زانینی هەواڵی دزینی مووچەكەیانی كرد و بە دواڕۆژی وت: "ئەو رۆژە چاوەڕێ بووین مووچەی بێ پاشەكەوت بووین، پێشنیوەڕۆ پێیان وتین مووچەكە دزراوە، سەرەتا باوەڕمان نەكرد، دواتر هەواڵەكە راست دەرچوو، بەڵام ئێستا بەدۆزینەوەی زۆر خۆشحاڵین".

دیلمان عوسمان، كارمەندی ئێشكگر لە نەخۆشخانەی شار بەوتەی خۆی شەوی رابردوو واتە شەوی دوای رفاندنی مووچەكەیان لەنەخۆشخانە بووە و بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: ئەوان هەستێكی زۆر ناخۆشیان هەبووە بۆ دزینی مووچەكەیان، چونكە كارمەندیان هەبووە كرێنشین بووە و هەیانبووە پارەی بۆ كڕینی دەرمانی منداڵە نەخۆشەكەی پێنەبووە، بەڵام كاتێك پارەكەیان دۆزراوەتەوە، دڵخۆش بوون و وتی "ئەو كەسانەی پارەكەیان دزی دیارە پێشتر پێشنەیان هەبووە، لەبەرئەوە هەقە ئەمجارە ئازادنەكرێن، چونكە ترسیان خستە دڵی كارمەندانەوە".

ژینۆ ساڵح، كارمەندێكی دیكەی نەخۆشخانەی شار جگە لە دەربڕینی هەستی خۆشییان بۆ دۆزینەوەی پارەكەیان دەیوت، وەكو خۆی بەنیازە لەو مووچەیە سلفە بكات، بەڵام ئێستا هیوادارن ئەو رووداوە دووبارە نەبێتەوە.

دوای رووداوی دزینی مووچەی نەخۆشخانەی شار، هاوڵاتیان بەگشتی لەكوردستان بەتایبەتیش سلێمانی لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هاوخەمی خۆیان بۆ ئەو رووداوە دەربڕی.

نەسرەدین عومەر روونیكردەوە: كاردانەوەی خەڵك بۆ ئەوان جێی دڵخۆشی بووە و تەنانەت كارمەندی نەخۆشخانەكانی دیكە ویستویانە وەكو خەمخۆرییەك بۆیان، پارەیان بۆ كۆبكەنەوە.

د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دوای گەڕانەوەی پارەكە بۆ نەخۆشخانەی شار، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بڕی پارە دزراوەكە ملیارێك و 200 ملیۆن دینار بووە و هیچی نەفەوتاوە و هەر ئەمڕۆش مووچەی نەخۆشخانەكە دابەشدەكرێت.

د.سەباح دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەكانی سلێمانیش كرد بۆ دۆزینەوەی مووچە دزراوەكە و سوپاسی پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەكەشی كرد بۆ خۆڕاگرتنیان بەرامبەر ئەو رووداوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد: بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو رووداوە، ژمارەیەك كارمەندی تەندروستی بانگهێشتكراون، بەڵام ئەوە بابەتێكی ئەمنییە و ناتوانن تەدەخولی تێدا بكەن.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure