فازڵ میرانی روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی یه‌كێتی ده‌دات

هەواڵ / کوردستانی :: 13/03/2019‌ :: 1023‌ جار بینراوە
فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایده‌گه‌يه‌نێت: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی باشتر له‌ زمانی یه‌كتر گه‌یشتن و ده‌شڵێت: "كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وامیان ده‌بێت".


(ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13ی ئازارى 2019) دوای به‌شداریكردنی له‌ مەراسیمی چلەی ماتەمینی نووسەر و رۆژنامەنووس (سەعید یەحیا خەیات) لە هەولێر فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند: دوێنێ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ راشكاوانه‌تر له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی رابردوو قسه‌یان كردووه‌. 

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی وتیشی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رابردوو هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌جدی باس نه‌كرابوون له‌ بن زمانی یه‌كتری ده‌رمان هێنا و داواكارییه‌كانی یه‌كێتیمان وه‌رگرتوووه‌ و دواتر له‌سه‌ری رێكده‌كه‌وین و ئه‌وه‌ی له‌ توانامان دابێت بۆیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر وه‌زاره‌ت و پۆستێك له‌ناوناچێت و پارتیش ئه‌وه‌ی ناوێت و جه‌نابی بارزانیش له‌و رووه‌وه‌ به‌ به‌رپرسیارێتیه‌وه‌ له‌سه‌ر خه‌ته‌.

میرانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ حزبه‌كان واز له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ شه‌خسییه‌كانیان بهێنن و كاتی ئه‌وه‌ش هاتووه‌ حزبه‌كان به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبییه‌كانیان نه‌خه‌نه‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی میلله‌ت. 

سه‌باره‌ت به‌ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش وتی: "به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی پێشتر كراوه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان پشكی یه‌كێتییه‌، چونكه‌ ئه‌وان لیستی دووه‌م له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و پارتیش چاوه‌ڕێی براده‌رانی یه‌كێتی ده‌كات كاندیدی خۆیان دیاریبكه‌ن". 

ناوبراو روونیشیكرده‌وه‌: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك یه‌كێتی داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و گۆڕانی نه‌كردووه‌ و پارتیش به‌ هه‌مان شێوه‌ داوای نه‌كردووه‌، به‌ڵام مه‌رجیش نییه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ دواین وێستگه‌ بێت و مه‌جالی كاركردنیش فراوانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان و حزبه‌كانی تر.

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure