سلێمانی: ئامادەکارییەکانی جەژنی نەورۆز دەستیپێکردووە

هەواڵ / کوردستان :: 14/03/2019‌ :: 543‌ جار بینراوە
ئاهه‌نگى جه‌ژنى نه‌ورۆز له‌ سلێمانى فۆتۆ: ئه‌رشیف

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، زریان محەمەد

لەگەڵ نزیکبونەوە لەجەژنی نەورۆز لە سلێمانی ئامادەکارییەکان لەلایەن قائیمقامێتی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیپێکردووە و پێشبینی ھاتنی گەشتیارێکی زۆریش دەکرێت.


ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: لە ھەموو بەڕێوەبەرایەتیەکان و فەرمانگە حکومیەکان لە سلێمانی ئامادەکاری بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز دەستیپێکردووە، ھەموو بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەکان ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت بەشێوەیەکی باش پێشوازی لە گەشتیاران بکرێت و کارئاسانیان بۆبکرێت.

وتیشى: "ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە رۆژی 20ی ئازار لە گردی مامەیارە دەستپێدەکات کە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری بەکارەکانی ھەڵدەستێت و شەقامی سالم بەتەواوی دەبێتە جێگەی ھاووڵاتیان بۆ دەربڕینی خۆشی جەژنی نەورۆز لەو شەقامەدا و ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی ئاسایش و ئارامی ھاووڵاتیان دەپارێزن".

ئاماژەی بەوەشدا: لەھەموو ئەو رێگایانەی کە لێوەی ھاووڵاتیان دەڕۆن بۆ گەشت و سەیران لە رۆژانی نەورۆزدا ئامادەکاری کراوە کە ھیچ کێشە و گرفتێک رونەدات و ھێزەکانی فریاکەوتن و بەرگری شارستان و 122 فریاکەوتنی خێرا ئامادەییان دەبێت.

گەشتوگوزاری سلێمانی پێشبینی ھاتنی گەشتارێکی زۆردەکەن بۆ سلێمانی بۆ بەشداریکردن لە جەژنی نەورۆزدا.

علی رەحیم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند: لەئێستاوە ھۆتێلەکانی سلێمانی پڕبونەتەوە و گەشتیاری زۆر ژوریان بەکرێگرتووە وە زۆربەیان گەشیاری رۆژھەڵاتن سەردانی شاری سلێمانیان کردووە بۆ رۆژانی نەورۆز.

وتیشى: "ھەموو گەشتیارێک کە دێتە سلێمانی نەخشە و زانیاری لەسەر شوێنە گەشتیارییەکان پێدەدرێت و ژمارەی تەلەفۆنی لەسەرە کە دەتوانن لەھەر کێشەیەکدا ئاگادارمان بکەنەوە وە داواشمان لە خواردنگە و چێشتخانەکان کردووە کە لە رۆژانی نەورۆزدا دوکانەکانیان کراوە بێت تا گەشتیاران بێبەشنەبن لە خواردن و شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی".

ئاماژەی بەوەشدا: لە 15ی ئازارەوە کە رسوماتی گەشتیاری لەسەر گەشتیارانی ئێران ھەڵدەگیرێت کاریگەری باشی دەبێت لەسەر ھاتنی گەشتیاری زیاتر بۆ سلێمانی.

پ: ئەڤین



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە