مه‌رزه‌كان.. پاره‌ له‌ شۆفێر و گه‌شتیاران وه‌رده‌گیرێت و ناچێته‌سه‌ر داهات

هەواڵ / ئابوری :: 14/03/2019‌ :: 237‌ جار بینراوە
رۆژانه‌ زیاتر له‌ 600 ئۆتۆمبیلى بارهه‌ڵگر له‌ مه‌رزى په‌روێزخانه‌وه‌ هاتووچۆ ده‌كه‌ن

دواڕۆژ، راپۆرتی سیروان حه‌سه‌ن 


له‌ مه‌رزى په‌روێزخان و مه‌رزه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌یه‌ك كۆمپانیاى جۆراوجۆر به‌ناوى دڵنیاییه‌وه‌ پاره‌ له‌ شۆفێر و گه‌شتیار و بازرگان وه‌رده‌گرن، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت: "ئه‌و پاره‌یه‌ ناچێته‌ سه‌ر داهاتى وه‌زاره‌تى دارایى و قه‌ره‌بووى كه‌سیش ناكرێته‌وه‌ له‌كاتى تووشبوونى به‌ رووداو". 


محه‌ممه‌د وه‌هاب، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوونى ئیشوكاره‌كانى مه‌رزى په‌روێزخان سه‌ردانى ئه‌و مه‌رزه‌یان كردووه‌ و بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ چەند کۆمپانیایەکی جۆراوجۆر لە دەروازەی ناوبراو و تەواوی دەروازەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هه‌ن، بوونەتە بارگرانی بۆ بازرگانان و شۆفێران و ئەو کەسانەی سەردانی هەرێم دەکەن، به‌بڕی جیاواز پارە وەردەگرن بەبێ رەزامەندی ئەو بازرگان و شۆفێر و ئەو کەسانەی سەردانی ئەو دەروازەیە دەکەن. 

وتیشى: "وه‌رگرتنى ئه‌و پاره‌یه‌ له‌و كه‌سانه‌ پێچەوانەی هەردوو بڕیارى نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران به‌ ژمارە 1240 لە بەرواری 2018/3/25 و بڕیاری وەزارەتی دارایی ژمارە 802 لە بەرواری 2017/2/26 کە تایبەتە بە کردنەوەی نوسینگەی کۆمپانیای دڵنیایی، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ هەر بڕە پارەیەک لەلایەن کۆمپانیاکانی بواری دڵنیایی بەبێ رەزامەندی بەشداربوانیان کە لە ئێستادا وەریدەگرن، به‌ڵام لە بەرامبەریشدا هیچ جۆرە قەرەبوویەك بۆ بەشداربوانیان ناکەن کاتێک تووشی هەر جۆرە رووداوێك دەبن".

محه‌مه‌د وه‌هاب، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "زیادکردنی نرخی پشکنینی کاڵا و شمەک و کەرەستەی بیناسازی کە دەهێنرێتە هەرێم و داهاتەکەی 80٪ بۆ ئەو کۆمپانیایانەیە کە ئەو کارانەیان پێسپێردراوە لە مەرزەکاندا و  بەشێکی زۆر لە داهاتی مەرزەکان ناچێتە ناو داهاتی وەزارەتی داراییەوە، بەڵکو بەشێکی بەرچاوی ئەو داهاتانە بۆ چەند کەس و کۆمپانیایەک دەڕوات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵده‌دن هه‌ردوو سه‌رپه‌رشتیارى مه‌رزى په‌روێزخان و باشماخ بانگهێشتنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن داهاته‌كه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى دارایى". 

لاى خۆشیه‌وه‌ سه‌لام ئه‌حمه‌د، شۆفێری بارهه‌ڵگر له‌ مه‌رزى په‌روێزخان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ماوه‌یه‌كى زۆر ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ شۆفێران وه‌رده‌گیرا كه‌ بۆ هه‌ر بارێك 20 هه‌زار دیناره‌، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى چه‌ند جارێك نیگه‌رانیان ده‌ربڕى و مانیانگرت، بڕیاردرا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ شۆفێر وه‌رنه‌گیرێت و بخرێته‌ سه‌ر بازرگان. 

وتیشى: "وه‌رگرتنى پاره‌كه‌ به‌بێ ره‌زامه‌ندی و به‌ناوى دڵنیایيه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام به‌ ئاشكرا به‌ شۆفێره‌كانیش ده‌ڵێن له‌كاتى تووشبوونى بە رووداو یان هه‌ر حاڵه‌تێكى نه‌خوازراوى دیكه‌ ئه‌وان هیچ په‌یوه‌ندییان نییه‌ و قه‌ره‌بووشیان ناكه‌نه‌وه‌". 

ئه‌و شۆفێره‌ باسى له‌وه‌شكرد، رۆژانه‌ زیاتر له‌ 600 ئۆتۆمبیلى بارهه‌ڵگر هاتووچۆ ده‌كه‌ن له‌ مه‌رزى په‌روێزخانه‌وه‌ و هه‌ر ئۆتۆمبیلێك بارى هه‌ڵگرتبێت ده‌بێت ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بدات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ى په‌ڕێنه‌وه‌ى نادرێت.  

فه‌رمانبه‌رێك له‌ مه‌رزى په‌روێزخان كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: كۆمپانیاى دڵنیایى جۆرى له‌ چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه‌ پاره‌ له‌ مه‌رزى په‌روێزخان وه‌رده‌گرن كه‌ بریتین له‌ "گه‌شتیار، ئۆتۆمبیلى بارهه‌ڵگر، بازرگان" و تائێستاش وه‌ك فه‌رمانبه‌ره‌كان نازانن ئه‌و كه‌سانه‌ى نێو كۆمپانیاكه‌ سه‌ر به‌ چ كه‌س و لایه‌نێكن. 

وتیشى: "هه‌ر گه‌شتیارێك روو له‌ هه‌رێمى كوردستان بكات 25 هه‌زار دینارى لێوه‌ده‌گرن و له‌ كاتى هه‌ڵبژاردن ئه‌و بڕه‌ پاره‌یان لابرد، به‌ڵام له‌ دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان جارێكى تر له‌ گه‌شتیار پاره‌كه‌ وه‌رده‌گرن و هه‌ر خۆراك و كه‌ره‌سته‌یه‌كیش به‌ هه‌مانشێوه‌یه‌ بڕێك پاره‌ وه‌رده‌گرن". 

ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ راشیگه‌یاند: به‌وته‌ى كۆمپانیاكه‌ خاوه‌نى چه‌ندین بڕوانامه‌ن و پشكنین بۆ هه‌موو خۆراكه‌كان ده‌كه‌ن و رێگه‌ له‌ هاتنه‌ژووره‌وه‌ى خۆراكى خراپ ده‌گرن، هاوكات بیمه‌ى گه‌شتیار و ئۆتۆمبیله‌ بارهه‌ڵگره‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا هیچ كارو چالاكییه‌ك یان قه‌ره‌بونكردنه‌وه‌یه‌كی ئه‌و كۆمپانیایه‌ نه‌بینراوه‌ بۆ شۆفێرو گه‌شتیار. 

به‌ پێی به‌دواداچوونه‌كانی دواڕۆژ له‌ هه‌موو مه‌رزه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ شۆفێران وه‌رده‌گیرێت و قه‌ره‌بووش ناكرێنه‌وه‌. 

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ كه‌ به‌شى راگه‌یاندنى ه‌زاره‌تى دارایی ده‌ستى كه‌وتوو، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌ ئاگادارى وه‌زاره‌ته‌كه‌یان وه‌رده‌گیرێت و بۆ قه‌ره‌بوونكردنه‌وه‌ى بارهه‌ڵگره‌كان له‌ كاتى تووشبوونیان به‌ رووداوى نه‌خوازراو. 

هه‌ر شۆفێرێك قه‌ره‌بوو نه‌كرایته‌وه‌، ده‌توانێت له‌ مه‌رزه‌كان سه‌ردانى به‌رێوه‌به‌رى ده‌روازه‌ى مه‌رزه‌كه‌ بكات و داواى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى بكات.

دواڕۆژ بۆ به‌دوادچوونى زیاتر چه‌ندینجار په‌یوه‌ندى كرد به‌ عه‌لى تۆفیق سه‌رپه‌رشتیارى ده‌روازه‌ى مه‌رزى په‌روێزخان، به‌ڵام بێ ئاكام بوو. 

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure