"پێشبینى ئه‌گه‌رى روداوى دزى و ونبوونى پاره‌ دەکرێت"

هەواڵ / ئابوری :: 13/03/2019‌ :: 778‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان محه‌مه‌د

سه‌رۆكى لقى سلێمانى سه‌ندیكاى ژمێریانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و شیوازى دابه‌شكردنى مووچه‌یه‌ى له‌ كوردستان هه‌یه‌، زۆر هه‌ڵه‌یه‌ و هه‌میشه‌ى پێشبینى ئه‌گه‌رى روداوى دزینى و ونبوونى پاره‌ى لێده‌كرێت، بۆیه‌ پێوسته‌ سیسته‌مى دابه‌شكردنى مووچه‌ بكرێت به‌كارتى زیره‌ك.


سالار عه‌لى فه‌تحوڵا، سه‌رۆكى لقى سلێمانى سه‌ندیكاى ژمێریارنى كوردستان كه‌ پێشتر به‌ڕێوه‌به‌رى بانك بووه‌، به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: دابه‌شكردنى مووچه‌ به‌بێ پاسه‌وان كارێكى هه‌ڵه‌یه‌، به‌وپێیه‌ى گواستنه‌وه‌ى پاره‌ى مووچه‌ ده‌بێت به‌ ئۆتۆمبێلى تایبه‌ت بێت، كه‌ قاسه‌ و درعه‌ و پاسه‌وانیشى هه‌بێت، ئه‌و جۆره‌ ئۆتۆمبێلانه‌ له‌ بانكى هه‌رێم له‌ سلێمانى هه‌یه‌.

راشیگه‌یاند: نابێت ئه‌و پاره‌ زۆرانه‌ به‌ ئۆتۆمبێلى تایبه‌ت بگوێزێته‌وه‌، پێشنیاریش ده‌كه‌ین تا سیسته‌مى دابه‌شكردنى مووچه‌ ده‌گۆڕدرێت، ئه‌و شێوازه‌ په‌یره‌و بكرێته‌وه‌ كه‌ گواستنه‌وه‌ى مووچه‌ به‌ ئۆتۆمبێلى تایبه‌ت و به‌ پاسه‌وان بێت.

رونیشیكرده‌وه‌: به‌هۆى ئه‌وه‌ى سیستمى بایۆمه‌تى ئاماده‌كراوه‌، دابه‌شكردنى مووچه‌ به‌كارت زۆر ئاسانه‌.

سه‌رۆكى لقى سلێمانى سه‌ندیكاى ژمێریارانى كوردستان باسى له‌وه‌شكرد: باش نییه‌ له‌ راگه‌یاندنه‌كاندا دابه‌شكردنى مووچه‌ بكرێته‌ هه‌ڵا و باس بكرێت، چونكه‌ كاروبارى بانك و پاره‌ پێویستە به‌نهێنى بێت و دابه‌ش بكرێت، ئێمه‌ به‌رده‌وام گوێمان لێده‌بێت سبه‌ینێ مووچه‌ى فڵان فه‌رمانگه‌ دابه‌ش ده‌كرێت، هه‌ندێكجاریش ناوى بانكه‌كه‌ش ده‌هێنن، ئه‌وه‌ش له‌روى سه‌لامه‌تى ئه‌و بانكه‌ و پاره‌كه‌ مه‌ترسییه‌".

جه‌ختیشیكردوه‌: ئه‌و روداوه‌ى له‌سلێمانى رویداوه‌، له‌ زۆر شوێنى دیكه‌ رویداوه‌، ده‌ستخۆشى له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش ده‌كه‌ین كه‌ به‌زویى تۆمه‌تباره‌كانیان ده‌ستگیركرد و پاره‌كه‌یان دۆزییه‌وه‌.

ده‌باره‌ى قه‌باره‌ى پاره‌كه‌، ئه‌و پسپۆره‌ى ژمێریارى وتى: "نابێت پاره‌یه‌كى وا زۆر كه‌ زیاتر له‌ ملیارێك دینار بوو بدرێت به‌یه‌ك لیژنه‌، پێویست بوو دابه‌شى چەندین لیژنه‌ بكرێت، ئه‌وكات مه‌ترسى كه‌متر ده‌بێت، پاره‌ى مووچه‌ كه‌ كه‌مبوو ژماردنیشى ئاسانه‌، به‌ڵام كه‌ قه‌باره‌ى گه‌وره‌بوو ناژمێردرێت".

سالار عه‌لى فه‌تحوڵا جه‌ختیكرده‌وه‌: كه‌ چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى، دروستكردنى كارتى زیره‌كه‌، ئه‌و لیژه‌نه‌یه‌ش كه‌ پێشتر كارى له‌سه‌ركردوه‌ ماوه‌، ده‌كرێت دووباره‌ كارابكرێته‌وه‌، "من ئه‌ندام بووم تێیدا".

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد: كه‌ ئه‌گه‌ر له‌كاتى دابه‌شكردنى مووچه‌ى خانه‌نیشان بچینه‌ بانكه‌كان ده‌بینیت چه‌ند قه‌ره‌باڵغه‌، ئه‌وه‌ش جگه‌ كۆسپ دروستبوون بۆ كاروبارى بانكه‌كه‌، زۆر حاڵه‌تى نه‌خوازراوى دزیكردنیش له‌ موچه‌خۆران دروست ده‌بێت.
   
پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە