سزاى ئه‌و كه‌سانه‌ى پاره‌كه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى شاریان رفاند چى ده‌بێت؟

هەواڵ / کوردستان :: 14/03/2019‌ :: 22853‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دواڕۆژ سزای ئەو کەسانە ئاشکرادەکات کە پارەی مووچە و نەسریەی نەخۆشخانەی شار-یان لە سلێمانی رفاند.


بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، تاوانەکەی رۆژى سێشه‌ممه‌ هەردوو ماددەکانی (442 و 443)ی یاساکە دەیگرێتەوە کە یاساکان بەمشێوەیە سزاکانیان دیاریکردوە.

ئەگەر دادوەر بەپێی مادده‌ى ژمارە 442 سزای تاوانبارانی دا ئەوا سزاکەیان بەندکردن دەبێت بۆ ماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە 15 ساڵ.

مەرجەکانی یاساکەش بریتییە لەمانە:
یەکەم: دوو کەس یان زیاتر تاوانەکەیان ئەنجامدابێت و یەکێکیان چەکی پێبێت بە ئاشکرا یان شاردراوە.

دووەم: لەنێوان خۆرئاوابوون یان خۆرهەڵاتن روویدابێت و دوو کەس یان زیاتر لەڕێگەی زۆرلێکردن یان هەڕەشەکردن و بەکارهێنانی چەک تاوانەکە ئەنجامبدەن یان چەکەکە بۆ بەمەبەستی پاراستنی کەلوپەلە دزراوەکە بەکاربێنن.

سێیەم: دزیکردنەکە بەزۆر بێت و ببێتە هۆی شکاندنی ئێسک یان هەر نەخۆشییەک بۆ ئەو کەسەی دزییەکەی لێکراوە و ماوەی نەخۆشییەکەی لە 20 رۆژ زیاتربێت.

بەڵام ئەگەر بەزۆر دزیکردنەکە بووە هۆی مردنی کەسێک لەلایەنی دزیلێکراو، ئەوا سزای تاوانەکە لەسێدارەدان یان بەندکردنی هەتاهەتایی دەبێت.

ئەگەر دادوەر بەپێی یاسای ژمارە 443 سزای تاوانبارانی دا ئەوا سزاکەیان بەندکردن دەبێت بۆ ماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە 10 ساڵ.

مەرجەکانی یاساکەش بریتییە لەمانە:
یەکەم: ئەگەر بەزۆر تاوانەکە ئەنجامدرابوو.

دووەم: ئەگەر لەنێوان خۆرئاوابوون و خۆرهەڵاتندا روویدا و کەسێک بە چەکێکی ئاشکرا یان شاردراوە ئەنجامیدا.

سێیەم: ئەگەر تاوانەکە لەنێوان خۆرئاوابوون و خۆرهەڵاتندا لەلایەن سێ کەس یان زیاترەوە ئەنجامدرا.

چوارەم: ئەگەر تاوانەکە لە نێوان خۆرئاوابوون و خۆرهەڵاتندا لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون یان شیاوی نیشتەجێبوون روویدا.

پێنجەم: ئەگەر تاوانەکە لەنێوان خۆرئاوابوون و خۆرهەڵاتدا لە بانکێک یان دوکانێک یاخود کۆگایەک روویدا و دزەکە لەڕێگەی بڕینی دیوار یان شکاندنی دەرگاوە چووە ژورەوە یان بەهۆی کلیلێکی دروستکراوەوە چووە ژوورەوە و سیفاتی بەجێهێنانی ئەرکی گشتی بە خۆیدا یاخود لەگەڵ یەکێک لە کەسانی ناو دوکان یان شوێنەکە دەستی تێکەڵ کردبوو.

هەروەها دەربارەی سزای ئەو کەسانەش کە لە شوێنی تاوانەکە نەبوون، بەڵام بەشداری و یامرمەتیدەری تاوانەکە بوون، ئەوا بە پشتبەستن بە دەلالەتی 47، 48 و 49ی یاسای سزادانی عێراقی سزادەدرێن و وەک هاوبەشی تاوانەکە دەبن کە سزاکەیان نیوەی قورسترین سزای بکەرانی تاوانەکە دەبێت.

دوێنێ لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە پارەی مووچە و نەسریەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی دزرا کە بڕەکەی زیاتر لە یەک ملیار دینار بوو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە 24 کاتژمێر دژەتیرۆ و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکرد و پارەکەشیان دۆزیەوە.

ئا: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure