هه‌ولێر: پیاوێكی دیكه‌ی خاوه‌ن پێنج منداڵ ده‌كوژرێت و پرسه‌ی بۆ دانانرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 17428‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


سه‌میر جگه‌ له‌كاری رۆژانه‌ی خۆی، تاوه‌كو ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ هاوكاری براكه‌ی ده‌كات، به‌ڵام پێش گه‌یشتنه‌وه‌ی بۆ ماڵه‌وه‌ و له‌ ئامێزگرتنی منداڵه‌كانی، له‌لایه‌ن ناسیاوێكی خۆیەوە به ‌سێ گولله‌ ده‌كوژرێت و كه‌سوكاره‌كه‌شی ئاماده‌ نین پرسه‌ی بۆ دابنێن.

سه‌میر عه‌بدوڵا، 34 ساڵ، وه‌كو هه‌موو رۆژێكی ئاسایی منداڵه‌كانی ماچ ده‌كات و له‌ماڵ ده‌رده‌چێت بۆ كاری رۆژانه‌ی، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای كاری خۆی تاوه‌كو ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ هاوكاری براكه‌شی ده‌كات، كاتێكیش ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵ و منداڵه‌كانی له‌ئامێز بگرێت، به‌ سێ گولله‌ ده‌كوژرێت.

كاتژمێر 7:30ی ئێواره‌ی رۆژی (دووشه‌ممه‌ 11ی ئازاری 2019) سه‌میر عه‌بدوڵڵا له‌لایه‌ن ناسیاوێكی خۆی به‌ناوی ئه‌حمه‌د نوری له‌ ناحیه‌ی كه‌ورگۆسك (20كم له‌ باكووری رۆژئاواری هه‌ولێر) ده‌كوژرێت.

سه‌میر له‌ ساڵی 2006 هاوسه‌رگیری كردووه‌و خاوه‌نی پێنج منداڵه‌، به‌ناوه‌كانی (زه‌كه‌ریا 11 ساڵ، چنار 8 ساڵ، یه‌حیا 7ساڵ، محه‌مه‌د 6 ساڵ و عومه‌ر 18 مانگ).

موئمین عه‌بدوڵا، برای سه‌میر شێوازی كوشتنی براكه‌ی بۆ دواڕۆژ ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت: "سه‌میری برام قه‌لاب (گه‌ڵابه‌)ی هه‌بوو، رۆژانه‌ كاری خۆی ده‌كرد، به‌ڵام رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ جگه‌ له‌كاری خۆی، ده‌چێت هاوكاری برایه‌كه‌م ده‌كات و له‌ گوندێكی دووری كه‌ورگۆسك زەوی دەکێڵن، دواتر كاره‌كه‌ زۆر ده‌خایه‌نێت و ئێواری هه‌مان رۆژ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، به‌ڵام ئاگاداری ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ پیلانی كوشتنی دانراوە".

باسی لەوەشکرد: له‌دواوه‌ چاودێری براكه‌م كراوه‌و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه‌ به‌ سێ گولله‌ی ده‌مانچه‌ و كلاشینكۆف لێیده‌درێت، گولله‌یه‌ك به‌ دڵی كه‌وتووه‌ و گولله‌یەكی دیكه‌ش به‌ر قوڕگ و گولله‌ی سێیه‌م به‌ر گورچیله‌ی ده‌كه‌وێت، به‌وهۆیه‌وه‌ گیان له‌ده‌ستده‌دات.

له‌باره‌ی هۆکاری كوشتنی براكه‌ی، موئمین عه‌بدوڵا دەڵێت: "ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌مه‌قاڵییه‌ك بووه‌ و هی ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌سی له‌سه‌ری بكوژرێت".

ئه‌وانه‌ی سه‌میر ده‌ناسن و هاوڕێییه‌تیان كردووه‌، ده‌ڵێن سه‌میر كه‌سێكی هه‌ژار و بێ كێشه‌ بووه‌، هاوكار مسته‌فا كه‌ هاوڕێییه‌كی سه‌میره بۆ دواڕۆژ‌ وتی: "سه‌میر كێشه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌س نه‌بوو، هه‌رگیز نه‌مزانیوه‌ كه‌س لێی توڕه‌ بووبێت".

موئمین_ی برای به‌ گریانه‌وه‌ دەڵێت: "سه‌میر تاوه‌كو پۆلی پێنجی بنه‌ڕه‌تی خوێندووه‌، به‌ڵام دواتر له‌به‌ر حه‌زی بۆ كاركردن له‌ ساڵی 2004ه‌وه‌ وازی له‌ خوێندن هێنا و له‌وكاته‌وه‌ كاری خۆی ده‌كات و بژێوی ژیانی خۆی و منداڵه‌كه‌ دابینده‌كات".

 

باس لەوەدەکات: سه‌میر له‌گه‌ڵ كه‌س كێشه‌ی نه‌بووه‌ و حه‌زی ده‌كرد منداڵه‌كانی به‌ خۆشه‌ویستی گه‌وره‌ بكات و ژیانێكی خۆشیان بۆ دابینبكات.

دوای كوشتنی سه‌میر، كه‌سوكاره‌كه‌ی ئاماده‌ نه‌بوون پرسه‌ی بۆ دابنێن و داواكارن لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌ رووداوه‌كه‌ بكرێت، موئمین وتی: "له‌به‌رئه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كه‌ زۆر گه‌وره‌یه‌ نه‌مانتوانی پرسه‌ بۆ سه‌میر دابنێین، هه‌رچه‌نده‌ بكوژی سه‌میر كه‌ ناسیاوی خۆمانه‌ خۆی راده‌ستی پۆلیس كردووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ داواكارین نه‌ك بكوژه‌كه‌، به‌ڵكو هه‌ر كه‌سێكی دیكه‌ كه‌ ده‌ستی له‌ تاوانه‌كه‌ هه‌یه‌ ده‌ستگیر بكرێت و سزای توند بدرێت".

رووداوی كوشتنی سه‌میر نه‌ك بنه‌ماڵه‌كه‌ی خۆی، به‌ڵكو بنه‌ماڵه‌ی بكوژه‌كه‌شی تووشی شۆك كردووه‌، محه‌مه‌د نوری برای بكوژی سه‌میر به‌ دواڕۆژی وت: "له‌كاتی رووداوه‌كه‌دا له‌ كه‌ورگۆسك نه‌بووم، به‌ڵكو له‌ ناوچه‌ی بادینان كارم ده‌كرد، به‌ڵام هه‌ر كه‌ هه‌واڵی كوشتنی سه‌میریان پێدام تووشی شۆك  بووم، سه‌د خۆزگه‌ له‌جێگه‌ی سه‌میر، من بوومایه‌".

ده‌شڵێت: "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سه‌میر و كه‌سوكاره‌كه‌ی خزمین و حه‌ز به‌و رووداوه‌ كاره‌ستباره‌ ناكه‌ین و له‌ براكه‌م بێبه‌رین و هێنده‌ی كه‌سوكاری سه‌میر ئێمه‌ خه‌مبارین، به‌ڵام تاوانی ئێمه‌ نییه‌ كه‌ براكه‌م گوێڕایه‌ڵی ئێمە نەبووە".

له‌سه‌ر رووداوی كوشتنی سه‌میر، هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دوای رووداوه‌كه‌ پۆلیس گه‌یشۆته‌ شوێنه‌ كوشتنه‌كه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ ده‌كرێت.

كوشتنی سه‌میر له‌كاتێكدایه‌، هه‌فته‌ی رابردوو به‌هۆی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی هاوڵاتییه‌كی دیكه‌ له‌ ناحیه‌ی داره‌توو (10كم باشووری رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر) كوژراو به‌هه‌مان شێوه‌ پرسه‌ی بۆ دانه‌نرا. 

له‌باره‌ی زیادبوونی رووداوه‌كانی كوشتن، كاروان كه‌ریم پارێزه‌ر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌هۆی ئه‌وه‌ی رووداوه‌كان له‌ڕێگه‌ی یاسایی و به‌زوویی یه‌كلایی ناكرێنه‌وه‌، رووداوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و دیارده‌ی كوشتن زیاتر بووه‌.

وتیشی: "سزانه‌دانی توندی بكوژان و داڵده‌دانی به‌شێكی دیكه‌یان، یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ هۆكاره‌كانی زیادبوونی رێژه‌ی كوشتن".

 

پ: ئەڤین



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure